شاندێکی باڵای هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدا دەکات

لە چەند رۆژی داهاتوودا شاندێکی باڵای هەرێمی کوردستان لەبارەی پرسی بودجە سەردانی بەغدا دەکات.

بە گوێرەی زانیارییەکانی کوردستان24 لە چەند رۆژی داهاتوودا، شاندێکی باڵای هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدا دەکات و لەگەڵ وەزیری دارایی عێراق کۆدەبێتەوە. لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ لەبارەی پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەی گشتی ساڵی 2027 ـی فیدڕاڵ دەکرێت. ئەو سەردانە لە کاتێکدایە کە لە چەند کۆبوونەوەی رابردوو لەسەر چەند خاڵێک نەگەیشتوونەتە رێککەوتن، هەرێمی کوردستان داوا دەکات لەسەر بنەمای ئەنجامی سەرژمێری و دەستوور پشکی هەرێمی کوردستان لە سەدا 14.14 بێت، بەڵام حکوومەتی فیدڕاڵ پشکی هەرێمی کوردستانی بە سەدا 12.7 دیاریکردووە. 

هەروەها بەغد داوا دەکات رۆژانە 400 بۆ 500 هەزار بەرمیل نەوت رادەست بکات و لە بەرامبەردا هەرێمی کوردستان داوا دەکات بڕی نەوتی رادەستکراو لە نێوان 250 بۆ 280 هەزار بەرمیل بێت. یەکێکی دیکە لە خاڵە ناکۆکەکان پرسی داهاتی نانەوتییە، حکوومەتی عێراق داوای رادەستکردنی تەواوی داهاتە نانەوتییەکان دەکات و هەرێمی کوردستان پێداگیری لەسەر پاراستنی مافە یاساییەکانی دەکات. بڕیاریشە لەم مانگەدا پڕۆژەیاسای بودجەی گشتی رەوانەی پەرلەمان بکرێت.