زەوی بەسەر فەرمانبەرانی گرێبەست دابەش دەکرێت
ئامادەکارییەکانی دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەرانی گرێبەست لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان گەیشتووەتە قۆناخی کۆتایی و نووسراوی تایبەت بەو پرسە ئاراستەی ئەنجوومەنی وەزیران کراوەتەوە.
سەربەست مەولوود، بەڕێوەبەری گشتیی یاسایی لە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بە کوردستان24ـی راگەیاند: نووسراوێک سەبارەت بە دابەشکردنی زەوی ئاراستەی ئەنجوومەنی وەزیران کرا، پاشان بۆ وەزارەتی دارایی نێردرا و ئەو وەزارەتە گشتاندنی بۆ کرد، بۆ ئەوەی داتای فەرمانبەرانی گرێبەست کۆبکرێتەوە، ئێستا نووسراوی کۆتایی جارێکی دیکە ئاراستەی ئەنجوومەنی وەزیران کراوە و پرسەکە لە قۆناخی لێکۆڵینەوەدایە.
سەربەست مەولوود جەختیکردەوە، وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار فۆڕم و رێکارە کارگێڕییەکانی تەواوکردووە و ئامادەکاریی تەواوی بۆ پڕۆسەکە کردووە.
سەبارەت بە مەرجەکانی وەرگرتنی زەوی، ئەو بەرپرسە ئاشکرایکرد، هەمان ئەو مەرجانەی بۆ فەرمانبەرانی هەمیشەیی دیاریکرابوون، بۆ فەرمانبەرانی گرێبەستیش جێبەجێ دەکرێن، کە بریتییە لە سوودمەندنەبوون لە زەوی پێشتر و هەبوونی هەشت ساڵ خزمەت، بەڵام جیاوازییەک لە بەرژەوەندیی فەرمانبەرانی گرێبەستدا هەیە.
بە گوتەی ئەو بەرپرسەی وەزارەتی شارەوانی، ماوەی خزمەتی فەرمانبەرانی گرێبەست تا 31ـی 12ـی 2025 هەژمار دەکرێت، لە کاتێکدا ئەو وادەیە بۆ فەرمانبەرانی هەمیشەیی تا 1ـی 8ـی 2024 دیاریکرابوو.
بەپێی ئامارەکان، تا ئێستا زەوی بەسەر 130,000 فەرمانبەردا دابەشکراوە و ناوی 2,500 فەرمانبەری دیکەش رەوانەی ئەنجوومەنی وەزیران کراوە و پێشبینی دەکرێت تا کۆتایی ئەم هەفتەیە ناوەکانیان بگەڕێتەوە.