نەتەوە یەکگرتووەکان: زیاتر لە 1.2 ملیار هەژار لە جیهاندا هەن

لێکۆڵینەوەیەکی نوێی نەتەوە یەکگرتووەکان ئاشکرای دەکات، بۆ یەکەمجار لە ساڵی 2010ـەوە ئاستی هەژاریی لە سەرانسەری جیهاندا بەرزبووەتەوە و ژمارەی ئەو کەسانەی لەژێر هێڵی هەژاریی تونددا دەژین گەیشتووەتە نزیکەی 1.2 ملیار کەس، کە زیاتر لە نیوەیان منداڵن.

بەگوێرەی راپۆرتی ساڵانەی بەرنامەی گەشەپێدانی نەتەوە یەکگرتووەکان (UNDP) و دەستپێشخەریی ئۆکسفۆرد بۆ هەژاری و گەشەپێدانی مرۆیی، ئاماژە بەوە کراوە کە لە ساڵی 2026ـدا ژمارەی ئەو کەسانەی تووشی هەژاریی توند بوون، بە بڕی 51.5 ملیۆن کەس بەراورد بە ساڵی رابردوو زیادی کردووە؛ گۆڕانکارییەک کە لەلایەن ئەلێکساندەر دێ کرۆ، بەڕێوەبەری بەرنامەی گەشەپێدانی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە وەک "زەنگی ئاگادارکردنەوە بۆ جیهان" وەسف کراوە.

رەهەندەکانی قەیرانەکە و زیانلێکەوتووان
ئەلێکساندەر دێ کرۆ ئاماژەی بەوە کرد، لە پشت ئەم ئامارانەوە 1.2 ملیار کەس هەن کە رووبەڕووی قەیران و ئاستەنگی ئاڵۆز دەبنەوە، لەوانەش برسییەتی، بێبەشبوون لە خوێندن، و کەمیی ئاوی خاوێن و  (کەرەبای) بەردەوام. ناوبراو جەختی کردەوە کە ئەم دۆخە بەهیچ شێوەیەک قبوڵکراو نییە.

راپۆرتەکە ئاشکراشی دەکات کە زیاتر لە نیوەی ئەو کەسانەی لە هەژاریی تونددا دەژین منداڵن، ئەمەش کێشە و رەهەندە کۆمەڵایەتی و مرۆییەکانی ئاڵۆزییەکە دەخاتە روو، بەتایبەتی لەو کۆمەڵگەیانەی کە زیاتر پەککەوتە و لاوازن.

کاریگەریی گەشەی دانیشتووان و بەرەوپێشچوونی هەندێک وڵات
نەتەوە یەکگرتووەکان روونیشیکردووەتەوە کە گەشەی خێرای دانیشتووان هۆکارێکی سەرەکییە لە بەرزبوونەوەی ژمارەی گشتیی هەژاراندا، هاوکات ئاماژەی بەوە داوە کە زانیارییە نوێیەکان تەنیا بۆ 13 وڵات لە کۆی 108 وڵاتی گەشەسەندوو بەردەست بوون.

سەرەڕای بەرزبوونەوەی ئاماری گشتی، راپۆرتەکە جەخت لە بەرەوپێشچوونی بەرچاو لە چەندین وڵاتدا دەکاتەوە؛ بەجۆرێک 33 وڵات توانیویانە لە ماوەی 15 ساڵی رابردوودا رێژەی هەژاریی دانیشتووانیان بۆ نیوە کەم بپچڕن، لەوانەش شەش وڵات لە ناوچەی باشووری بیابانی ئەفریقا، لەگەڵ وڵاتانی ئاسیا وەک چین و ڤێتنام کە پێشکەوتنی خێرایان لە کەمکردنەوەی هەژاریدا تۆمار کردووە.

ناوچە هەرە زیانپێگەیشتووەکان
بەگوێرەی ئامارەکان، زۆربەی بەشە هەرە هەژارەکان لە باشووری سەحرای ئەفریقا و باشووری ئاسیا (بەتایبەت نیوەکیشوەری هیندستان) چڕ بوونەتەوە کە لە چڕترین ناوچەکانی جیهانن لەڕووی دانیشتووانەوە.

لە بەرامبەردا، کەمبوونەوەیەکی بەرچاو لە رێژەی هەژاریدا لە وڵاتانی وەک میسر، نیپاڵ و تاجیکستان تۆمار کراوە. بەڵام لە وڵاتانی ئەنگۆلا و زامبیا، سەرەڕای باشتربوونی ئاستی گوزەران، بەڵام گەشەی خێرای دانیشتووان زاڵ بووە بەسەر ئەو ئەرێنییانەدا و بووەتە هۆی زیاتربوونی ژمارەی گشتیی هەژاران لەو دوو وڵاتەدا.

پێوەری هەژاریی فرەڕەهەند چییە؟
پێوەری هەژاریی فرەڕەهەند تەنیا پشت بە ئاستی داهات نابەستێت، بەڵکو کۆمەڵێک پێوەری دیاریکراو بەکاردێنێت بۆ رەنگدانەوەی بێبەشبوونی خێزانەکان لە پێداویستی و خزمەتگوزارییە بنەڕەتییەکان، لەوانە:

- شوێنی نیشتەجێبوونی گونجاو
- ئاوەڕۆ و تۆڕی تەندروستی
- کارەبا و سووتەمەنیی 
- دابینکردنی خۆراک و دەرفەتی خوێندن

ئەم پێوەرە وێنەیەکی روونتر لەبارەی رەوش و سەختیی ژیانی خێزانەکان نیشان دەدات، تەنانەت لەو شوێنانەی کە رەنگە داهاتی دارایی بەتەنیا بەس نەبێت بۆ سەلماندنی ئاستی کوڵپەی هەژارییان.