پەرلەمانی عێراق داوای وەرگرتنەوەی مۆڵەت لە چەند وەبەرهێنەرێک دەکات
لیژنەی وەبەرهێنان و گەشەپێدان لە پەرلەمانی عێراق رایدەگەیەنێت، بەهۆی تەواونەکردنی پڕۆژەکان و جێبەجێ نەکردنی یاساکان، بەدواداچوون بۆ سەرجەم پڕۆژەکان دەستیپێکردووە و داوای وەرگرتنەوەی مۆڵەت لە چەندین وەبەرهێنەر دەکەن، هاوکات ئەندامێکی لیژنەکەش ئاشکرای دەکات، تێبینی و رەخنەی زۆر لەسەر پڕۆژەکانی نزار عەبدولواحید، برای سەرۆکی جووڵانەوەی نەوەی نوێ لە بەغدا هەیە.
لیژنەی وەبەرهێنان و گەشەپێدانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق جەخت لە گرنگیی پابەندبوون بە بنەما یاساییەکانی وەبەرهێنان و تەواوکردنی پڕۆژەکان دەکاتەوە، لە هەمان کاتدا داوای بەهێزکردنی رۆڵی چاودێریکردنی پڕۆژەکان لە سەرانسەری عێراقدا دەکات.
ئاڤێستا مام یەحیا، ئەندامی لیژنەی وەبەرهێنان و گەشەپێدان لە پەرلەمانی عێراق بە کوردستان24ـی راگەیاند، دەبێت وەبەرهێنەران و خاوەن پڕۆژەکان 100% پابەند بن بە بنەما یاساییەکانی وەبەرهێنان و رێکارەکانی مۆڵەتدان و چاودێریی سەر پڕۆژەکان بە توندی بەڕێوە بچن.
ئەو ئەندامەی پەرلەمان ئاماژەی بەوەش کرد، لە زۆرینەی شارەکانی عێراق پڕۆژەی تەواونەکراو هەن و کەموکوڕی لە چەندین پڕۆژەدا بەدی دەکرێت، بۆیە لیژنەکەیان داوا دەکات ئەو پڕۆژانەی لە کاتی دیاریکراودا تەواو نەکراون، لە وەبەرهێنەرەکانیان وەربگیرێنەوە و بە وەبەرهێنەری نوێ و جدی بدرێن.
ئەندامەکەی لیژنەی وەبەرهێنان ئاشکراشی کرد، بەشێک لە پڕۆژەکان لەلایەن هاووڵاتییانەوە تێبینی و رەخنەی زۆریان لەسەرە بەهۆی ئەوەی پارەی هاووڵاتییان ناگەڕێننەوە. یەکێک لەوانەش پڕۆژەی نزار عەبدولواحید، برای سەرۆکی جووڵانەوەی نەوەی نوێیە لە شاری بەغدا؛ لەسەر ئەم پڕۆژەیەش داوایان کردووە لە خاوەنەکەی وەربگیرێتەوە و بدرێتە وەبەرهێنەرێکی دیکە.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، ئاڤێستا مام یەحیا ئاشکرای کرد، بەهۆی کەموکوڕی و بێسەروبەری لە بەڕێوەبردنی پڕۆژەکاندا، کۆمپانیایەکی کۆریای باشوور سکاڵای یاسایی دژی حکوومەتی عێراق تۆمار کردووە و داوای بڕی 4 ملیار دۆلار قەرەبوو دەکات.
لە کۆتاییدا جەختی لەوە کردەوە، لیژنەکەیان بەدواداچوونەکانی بۆ سەرجەم پڕۆژەکان لە تەواوی پارێزگاکان بەردەوام دەکات و پرۆسەکەش سەرەتا لە بەغدا و مووسڵەوە دەستیپێکردووە و بەسەر شارەکانی دیکەشدا دەگۆڕدرێت.