سالار محەمەد: وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان داوای نەوتی سپی کردووە
نەوتی سپی گەیشتووەتە 300 هەزار و وەزارەتی سامانە سروشتیەکانیش نووسراوی بۆ وەزارەتی نەوتی عێراق کردووە کە نەوتی سپی بۆ هەرێمی کوردستان دابین بکات.
سالار محەمەد سەرپەرشتیاری لێژنەی پشکنین لە نەوت و کانزاکانی هەولێر بە کوردستان24ی راگەیاند، کە وەزارەتی سامانە سروشتیەکانی نووسراوی بۆ وەزارەتی نەوتی عێراق کردووە بۆ دابینکردنی نەوتی سپی بۆ هەرێمی کوردستان. گوتیشی: ئێستا نووسراوەکە لە وەزارەتی نەوتی عێراقە، بەڵام تاوەکو ئیستا هیچ وەڵامێکی ئەو نووسراوەیان نەداوەتەوە.
سەرچاوەیەکی تر لە بۆرسەی سوتەمەنی هەولێر قسەی بۆ کوردستان24 کردووە و دەڵێت: ئێستا نرخی یەک بەرمیل نەوتی سپی باش بە 300 هەزار دینارە، بەڵام ئەگەر حکومەت نەوتی سپی دابەش بکات ئەوا بە دڵنیاییەوە نرخی ئەو نەوتە دادەبەزێت.
پێشتریش چەند پەرلەمانتارێکی کورد لە بەغدا داوایان لە وەزارەتی نەوت کردبوو کە نەوتی سپی بۆ هەرێمی کوردستان دابین بکات، چونکە وا بەرەو زستان دەچین و دەبێت نەوت دابین بکرێت.