ئیسماعیل بەقایی: ئاڵوگۆڕی پەیام لەگەڵ ئەمریکا بەردەوامە
ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند، ئاڵوگۆڕی پەیام لەگەڵ ئەمریکا لە رێگەی نێوەندگیرانەوە بەردەوامە، بەڵام جەختی کردەوە، ئێران لە مەرجەکانی خۆی پاشەکشەی نەکردووە.
ئەمرۆ دووشەممە، 12ـی تشرینی یەکەمی 2026، ئیسماعیل بەقایی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی دا گوتی "ئاڵوگۆڕی پەیامەکان لە رێگەی نێوەندگیرانەوە بەردەوامە. ئەو پێشنیازەی لە پەراوێزی کۆبوونەوەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان خرایە روو و ناوی پێشنیازی حەوت خاڵیی ئێرانی لێنرا، مافێکی رەوای ئێرانە."
بەگوتەی ئیسماعیل بەقایی، ئەو حەوت خاڵە بریتین لە هەڵگرتنی گەمارۆی دەریایی، راگرتنی جەنگ لە سەرجەم بەرەکان، ئازادکردنی داراییە بلۆککراوەکانی ئێران و هەر بابەتێک کە لە چوارچێوەی یاداشتی لێکتێگەیشتنی ئیسلامئاباددا لەسەری رێککەوتوون، گوتەبێژەکە جەختی کردەوە "هەلومەرجەکە نەگۆڕاوە تاوەکو لەبارەی مافەکانمانەوە نەرمی بنوێنین."
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لەبارەی رەوشی گەمارۆکان گوتی "ئەمریکا لەم ماوەیەدا گەمارۆی نوێی سەپاندووە و پێویستە سەرجەم ئەو گەمارۆیانە هەڵبگیرێن، لایەنی ئەمریکی بانگەشەی ئەوە دەکات کە هێشتا نیگەرانیی سەرەکییان دۆسیەی ئەتۆمیی ئێرانە، ئەمەش لەکاتێکدایە چەند جارێک رایانگەیاندووە بەرنامەی ئەتۆمیی ئێرانیان بە تەواوی لەناوبردووە، کەچی دیسان باس لە مەترسیی خەیاڵیی چەکی ئەتۆمیی ئێران دەکەنەوە."
لەبارەی لێدوانەکانی موحسین رەزایی سەبارەت بە نەبوونی وەڵامێکی باش لەلایەن ئەمریکاوە، بەقایی ئاماژەی بەوە کرد، هەڵوێستی ئێران سەبارەت بە پێویستیی رەچاوکردنی لەپێشینەکان و کۆتاییهێنان بە رێکارە دەستێوەردانکارییەکانی ئەمریکا روونە و پێشتر بە نێوەندگیران راگەیەندراوە، بەقایی سەبارەت بە پێشنیازەکانی ئەمریکاش گوتی "ئێمە لە تاوتوێکردنین و لە کاتی کۆتاییهاتنی تاوتوێکردنەکە، ئەنجامەکەی بە نێوەندگیران دەگەیەنین."
لە وەڵامی پرسیارێکی دیکەدا سەبارەت بە بانگەشەی جێگری وەزیری گەنجینەی ئەمریکا کە دەڵێت سیاسەتی گەمارۆکان خەڵکی ئێران ناکاتە ئامانج، بەقایی رەتی کردەوە، ئەو بانگەشەیە راست بێت.
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ئاماژەی بەوەش دا "ئەمریکییەکان سەرچاوە سروشتییەکان و ژینگەی ئێرانیشیان کردووەتە ئامانج و ئەمە دووڕووییەکی ئاشکرایە، خەڵکی ئێران دەبینن ئەو گەمارۆیانەی بە سەرپەرشتیی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا سەپێنراون، ئەو ئێرانەی کە خاوەن مێژووی هەزاران ساڵەیە وەک دوژمنێک دەناسێنن، کەواتە هەر ئێرانییەک بە بێ جیاوازی ئامانجی شەڕەنگێزیی لایەنی ئەمریکییە."