دەستەی گومرگی عێرق: 108 ملیار دینار داهاتمان زیادی کردووە

دەستەی گشتیی گومرگی عێراق ئەمڕۆ دووشەممە 12ـی تشرینی یەکەمی 2026، رایگەیاند؛ داهاتەکانیان لە مانگی ئەیلوولی 2026 بە بەراورد بە هەمان مانگی ساڵی رابردوو، بڕی 108 ملیار دیناری تێپەڕاندووە و رێژەی گەشەکردنەکەش زیاتر لە 32% بووە. ئەم هەنگاوە لە چوارچێوەی هەوڵەکان بۆ زیادکردنی داهاتە نانەوتییەکان و بەهێزکردنی سەرچاوە داراییەکانی دەوڵەت دێت.

ئەم دەستکەوتە لەسەر راسپاردەی فالح ساری، وەزیری دارایی و بەدواداچوونی راستەوخۆی سامر قاسم داوود، بەڕێوەبەری گشتیی دەستەی گشتیی گومرگ بەدیهاتووە. ئامانج لەم هەنگاوە بەرزکردنەوەی توانای کاری دامەزراوەیی، پەرەپێدانی رێکارەکانی کاری گومرگی و زیادکردنی توانای کۆکردنەوەی داهات لە ناوەند و ناوچە گومرگییەکانە.

داتاکانی دارایی دەریدەخەن، کۆی گشتیی داهاتە گومرگییەکان لە 334 ملیار و 196 ملیۆن و 99 هەزار و 859 دینار لە ئەیلوولی 2025 بۆ 442 ملیار و 266 ملیۆن و 831 هەزار و 97 دینار لە ئەیلوولی 2026 بەرزبووەتەوە. بەمەش بڕی زیادبوونەکە 108 ملیار و 70 ملیۆن و 731 هەزار و 238 دینار بووە و رێژەی گەشەکەش گەیشتووەتە نزیکەی 32.34%ـی.

ئەم بەرزبوونەوەیە گرنگیی پەرەپێدانی بەردەوامی سیستمی کاری گومرگی و کۆکردنەوەی داهاتە شایستەکان بەپێی یاسا و رێنماییە کارپێکراوەکان رووندەکاتەوە. ئەم دۆخەش دەبێتە هۆی پاراستنی سامانی گشتی و پشتیوانیکردنی سەرچاوە داراییەکانی دەوڵەت، هاوکات پرۆسەی چاکسازیی دارایی و گەشەپێدانی داهاتە نانەوتییەکان خێراتردەکات.