سەباح نوعمان: تا شەش مانگی دیکە سیستمی بەرگریی ئاسمانی لە هەموو ناوچەکان دادەنرێت
سەباح نوعمان، گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق، بە کوردستان24ـی راگەیاند، لە پرۆسەی دابینکردنی سیستمی بەرگریی ئاسمانیدا هەنگاومان ناوە و لەگەڵ کۆمپانیاکان بۆ کڕینی ئەو سیستمانە رێککەوتووین.
لە ماوەی کەمتر لە شەش مانگدا، یەکەم سیستمی بەرگریی ئاسمانی دەگاتە عێراق و لە سەرجەم ناوچەکان جێگیر دەکرێت. ئەو سیستمانە پێکهاتوون لە رادار، چەکی بەرپەرچدانەوە و فڕۆکە، کە بە ئامانجی پاراستنی سەروەریی ئاسمانی عێراق جێگیر دەکرێن.
سەبارەت بە هەماهەنگییە سەربازییەکان، نوعمان روونیکردەوە، هێزەکانی پێشمەرگە بەشێکن لە هێزە چەکدارەکانی عێراق و هەماهەنگییەکی بەرز لە نێوانماندا هەیە، بەتایبەتی لەسەر ئاستی زانیاریی هەواڵگری و ئەنجامدانی کۆبوونەوە و سەردانی بەردەوام.
نوعمان ئاماژەی بەوەشکرد، هەندێک ناوچە هەن کە جێگەی گرنگیپێدانی هاوبەشن و لەو ناوچانەدا هێزی هاوبەشی پێکهاتوو لە کورد و عەرەب و سەرجەم پێکهاتەکانی دیکە جێگیر کراون، ئەوەش بە مەبەستی بنبڕکردنی هەر هەڕەشەیەکی تیرۆر و پڕکردنەوەی کەلێنە ئەمنییەکان.
نوعمان لەبارەی دۆخی ئەمنی رایگەیاند، دۆخی ئەمنی بە گشتی سەقامگیرە و هێزە ئەمنییەکان بەوپەڕی توانایانەوە ئەرکەکانیان جێبەجێ دەکەن، هاوکات هەماهەنگییەکی بەرز لە نێوان سەرجەم یەکە سەربازییەکاندا لە سنوورەکان و ناوچەکانی بەرپرسیارێتی هەیە و هاووڵاتییانیش لەگەڵ هێزە ئەمنییەکان هەماهەنگن.
گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق جەختیکردەوە، سیاسەتی ئابووریی حکوومەت لە ژینگەیەکی سەقامگیردا پتەوتر دەبێت، ئەوەش دەرفەت دەڕەخسێنێت بۆ هێنانی وەبەرهێنەران و کۆمپانیا بیانییەکان بۆ عێراق.