مەسرور بارزانی: پێویستە رێز لە قەوارەی دەستووری و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان بگیرێت

ئەمڕۆ دووشەممە، 12ـی تشرینی یەکەمی 2026، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆکی هاوپەیمانیی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان و سەرۆک وەزیرانی پێشووی فیدراڵ کرد. 

لە دیدارەکەدا، دوایین گۆڕانکاری و پەرەسەندنەکانی دۆخی گشتیی عێراق و ناوچەکە و پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵ، تاوتوێ کرا.

هەردوولا هاوڕا بوون لەسەر گرنگیی پەرەپێدانی هاریکاری و هاوئاهەنگیی لایەنە سیاسییەکانی عێراق بۆ پشتگیریکردنی حکوومەتی فیدراڵ لەپێناو زیادکردنی داهاتی گشتی و رووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگارییەکان و خزمەتکردنی گشت هاووڵاتی و پێکهاتەکان بێ جیاوازی.

لە تەوەرێکی دیکەی گفتوگۆکاندا، سەرۆکی حکوومەت جەختی لە پێویستیی رێزگرتن لە قەوارەی دەستووری و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان و دەستنیشانکردنی بەشەبودجەی هەرێمی کوردستان لە بودجەی گشتیی فیدراڵ بۆ ساڵی 2027 کردەوە، کە پێویستە بەشێوەیەکی دادپەروەرانە و بەپێی ڕێژەی 14%ی دانیشتووانی هەرێمی کوردستان بێت کە ئەنجامی پەسەندکراوی دوا سەرژمێریی گشتییە کە لە ساڵی 2024 ئەنجام درا.