پێسکۆڤ: رووسیا ئامادەیە بۆ یەک رۆژی هەڵبژاردن ئاگربەست رابگەیەنێت

کۆشکی کرێملن بە فەرمی پێشنیازەکەی ڤۆلۆدیمیر زێلینسکی، سەرۆکی ئۆکراینای بۆ راگەیاندنی ئاگربەستێکی 60 رۆژە بە مەبەستی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی رەتکردەوە و رایگەیاند، مۆسکۆ خوازیاری رێککەوتنێکی ئاشتیی گشتگیر و هەمیشەییە، نەک راگرتنی کاتیی شەڕ؛ هاوکات جەخت دەکاتەوە، رووسیا ئامادەیە بۆ یەک رۆژی هەڵبژاردن ئاگربەست رابگەیەنێت.

دیمیتری پێسکۆڤ، گوتەبێژی کۆشکی سەرۆکایەتیی رووسیا (کرێملن) ئەمڕۆ دووشەممە 12ـی تشرینی یەکەمی 2026، بە رۆژنامەنووسانی راگەیاند، مۆسکۆ بە دوای ئاشتییەکی درێژخایەندا دەگەڕێت و هیچ ئارەزوویەکی بۆ ئاگربەستی کاتی نییە و گوتی: لە کرێملن، ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا و سەرجەم بەرپرسانی دیکە چەندین جار دووپاتیان کردووەتەوە کە ئێمە ئاگربەستی کاتیمان ناوێت. ئەوەی ئێمە دەمانەوێت گەیشتنە بە ئاشتییەکی بەردەوام و ئامادەین هەموو توانایەکمان بخەینە گەڕ بۆ بەدەستهێنانی.

گوتەبێژی سەرۆکایەتیی رووسیا راشیگەیاند، مۆسکۆ ئامادەیە بۆ ماوەی یەک رۆژ ئاگربەست لە ئۆکرانیا رابگەیەنێت تا پرۆسەی دەنگدان بەڕێوەبچێت.

پێسکۆڤ لەبارەی هەڵوێستی مۆسکۆ گوتی: پووتین پێشتر ئۆفەری یەک رۆژ ئاگربەستی بۆ ئۆکرانیا پێشنیاز کردووە، ئەگەر بە راستی دەیانەوێت هەڵبژاردن لە کیێڤ بەڕێوەببەن، ئەوا سەرۆکی رووسیا و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان ئامادە دەبێت فەرمان بدات هیچ هێرشێک نەکرێتە سەر ئۆکرانیا لە رۆژی هەڵبژاردندا.

ئەم وەڵامەی مۆسکۆ دوای ئەوە هات کە ڕۆژی یەکشەممە، زێلێنسکی لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ کەناڵی (ABC)ی ئەمریکی، لە وەڵامی رەخنەکانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکایە، کە داوای هەڵبژاردنی سەرۆکێکی نوێی بۆ ئۆکراینا کردبوو، مەرجێکی خستەڕوو و گوتی: بە پووتین بڵێن؛ دوو مانگ، واتا 60 رۆژ، ئاگربەستی تەواوەتیمان پێبدات، ئێمەش هەڵبژاردن رێکدەخەین و بۆ هەر بڕیارێکی گەلەکەمان ئامادەین."

مۆسکۆ لە ماوەی رابردوودا بەردەوام گوشاری خستووەتە سەر کیێڤ بۆ بەڕێوەبردنی هەڵبژاردن و ئیدیعای دەکرد کە بەهۆی ئەنجامنەدانی هەڵبژاردنەوە سەرۆکایەتییەکەی زێلێنسکی شەرعییەتی یاسایی لەدەستداوە.

لە بەرامبەردا، لایەنی ئۆکراینی جەخت دەکاتەوە، بەپێی دەستوور و یاساکانی وڵات، ئەنجامدانی هەر هەڵبژاردنێک لە کاتی جەنگ و باری نائاساییدا یاسای باری سەربازی قەدەخەیە، بەڵام ئامادەبوو لە بەرامبەر ئاگربەستێکی دوو مانگیدا ئەو هەنگاوە بنێت، کە ئێستا لەلایەن مۆسکۆوە بە تەواوی رەتکرایەوە.