تۆم بەڕاک: پەیوەندییەکانی ئەمریکا و عێراق لە ساتەوەختێکی یەکلاکەرەوەدایە
نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ کاروباری عێراق، رایگەیاند، پەیوەندییەکانی وڵاتەکەی لەگەڵ عێراق لە ساتەوەختێکی یەکلاکەرەوەدایە و لە هاوبەشییەکی ئەمنییەوە، بەرەو پەیوەندییەکی فراوانتر دەگوازرێتەوە کە لەسەر بنەمای هاوکاریی ئابووری و بەرژەوەندیی هاوبەش بنیات دەنرێت.
دووشەممە 12ی تشرینی یەکەمی 2026، تۆم بەڕاک، نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ کاروباری عێراق لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی "ئێکس"، ئاماژەی بە سەردانەکەی بۆ عێراق و کۆبوونەوەی لەگەڵ ستیڤ فەیگن، هەڵسوڕێنەری کاروباری باڵیۆزخانەی ئەمریکا کردووە و خۆشحاڵیی خۆی بەو دیدارە دەربڕیوە.
بەڕاک نووسیویەتی: "ئەزموونی قووڵی ستیڤ لە عێراق و سەرتاسەری ناوچەکەدا، وای لێ دەکات کەسێکی تەواو گونجاو بێت بۆ برەودان بە ئەولەویەتەکانی سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا."
هەروەها ئاماژەی بەوەش کردووە، بوونی فەیگن لەم ئەرکەدا سەرکردایەتییەکی دروستە لە ساتەوەختێکی یەکلاکەرەوەدا بۆ پەیوەندییەکانمان لەگەڵ عێراق، لە کاتێکدا ئێمە لە هاوبەشییەکی تەرخانکراو بۆ بواری ئەمنی، بەرەو پەیوەندییەکی فراوانتر هەنگاو دەنێین کە لەسەر بنەمای هاوکاریی ئابووری و بەرژەوەندییە هاوبەشەکان بنیات بنرێت.