نێچیرڤان بارزانی: دۆخی ئێستای ناوچەکە سەرەتای قۆناخێکی نوێی پڕ لە هەڕەشە و دەرفەتە

"کلیلی چارەسەری کێشەکانی هەولێر و بەغدا جێبەجێکردنی دەستوورە؛ لە پرسە ستراتیژییەکاندا هەڵوێستی پارتی و یەکێتی لە یەکترەوە نزیک بووە"

سەرۆکی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، دۆخی ئێستای ناوچەکە سەرەتای قۆناخێکی نوێیە کە هاوکات لەگەڵ هەڕەشەکاندا دەرفەتیشی تێدایە. هاوکات جەختی لە گرنگیی بەردەوامیی پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا و پاراستنی سەروەریی عێراق و چارەسەرکردنی ریشەییی کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا لەسەر بنەمای دەستوور کردەوە.

دووشەممە، 12ـی تشرینی یەکەمی 2026، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لە چوارچێوەی پانێڵێکی تایبەتدا لە "دیداری مێری" لە شاری هەولێر، سەرنجی خستە سەر دۆخی سیاسی و ئەمنیی ناوچەکە، پرۆسەی ئاشتی، پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا و چەندین پرسە گرنگی دیکە.

قۆناخێکی نوێ لە ناوچەکە و دۆخی عێراق

سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە دەستپێکی گوتەکانیدا سەبارەت بە جەنگ و ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە گوتی: "ئەم دۆخەی ئێستا رووی داوە سەرەتای قۆناخێکی نوێیە؛ لەم قۆناخەدا هەڕەشە هەیە و دەرفەتیش هەیە. عێراق رووبەڕووی هەڕەشەی ئابووریش دەبێتەوە، بۆیە پێویستە هەوڵ بدات سەروەریی خۆی بپارێزێت و پەیوەندییەکانی لەگەڵ وڵاتانی دراوسێدا باشتر بکات."

پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا؛ "دەبێت پشوودرێژ بین"

سەبارەت بە پرسی ئاشتی لە باکووری کوردستان و تورکیا، نێچیرڤان بارزانی ئاماژەی بەوە کرد، پرۆسەکە جددییە و گوتی: "لە کۆبوونەوەکانم لەگەڵ سەرکردەکانی تورکیا و رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆکی ئەو وڵاتە، بۆم دەرکەوت کە پرۆسەی ئاشتی جددییە، چ لەلایەن دەوڵەتی تورکیاوە بێت یاخود لەلایەن عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە. هەرچەندە پرۆسەکە بە خاوی دەڕوات، بەڵام ئەمە ئاساییە، چونکە ئەم کێشەیە 40 ساڵە بەردەوامە و رووبەڕووی یەکتر بوونەتەوە."

سەرۆکی هەرێمی کوردستان گوتیشی: "ئەگەر پرۆسەکە تا ئێستا دەستکەوتێکی بەرچاویشی نەبووبێت، لانیکەم رووبەڕووبوونەوەی سەربازیی لە نێوانیاندا راگرتووە، بۆیە پێم وایە هەنگاوەکان لەسەر رێڕەوێکی راستن بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان.

باسیشی لەوە کرد، رۆڵی ئێمە وەک هەرێمی کوردستان هاوکاریکردنە، ئەوەی لەسەرمان بووە وەک بەرپرسیارێتی جێبەجێمان کردووە و بەردەوامیش دەبین، لەسەر ئەم پرۆسەیەش دەبێت پشوومان درێژ بێت."

هاوکات جەختی کردەوە: کێشەی کورد دەبێت بەگوێرەی تایبەتمەندیی ئەو وڵاتە چارەسەر بکرێت کە تێیدایە. چارەسەرکردنی پرسی کورد لە وڵاتانی دیکە، قۆناخ و سەرەتایەکی نوێ بۆ هەرێمی کوردستانیش لە هەموو روویەکەوە دەست پێ دەکات. هەروەها تورکیاش دەباتە قۆناخێکی گرنگتر و جیاوازتر کە وا دەکات رۆڵی سروشتیی خۆی لە ناوچەکە بگێڕێت. هەر کەسێکیش بتوانێت پرسی کورد لە تورکیا چارەسەر بکات، شایستەی بردنەوەی خەڵاتی ئاشتیی نۆبڵە.

دۆخی کورد لە سووریا

لەبارەی بارودۆخی سووریا و پرسی کورد لەو وڵاتە، نێچیرڤان بارزانی رایگەیاند: "ئەگەر واقعیانە سەیری بکەین، کورد لە سووریا کارێکی زۆر باشی کردووە و واقعبینانە بڕیاریان داوە و مامەڵەیان کردووە. زۆر گرنگە کورد لە هەموو پارچەکانی دیکەش بەگوێرەی تایبەتمەندیی ئەو وڵاتە واقعبین بێت. ئێمە ناتوانین مۆدێلی هەرێمی کوردستان لە سووریا جێبەجێ بکەین، چونکە لە رووی جوگرافیا و پێکهاتەی کۆمەڵایەتییەوە دۆخەکە جیاوازە."

سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەبارەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ دیمەشق گوتی: "لە کۆبوونەوەکەم لەگەڵ ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سووریا، بۆم دەرکەوت کە ئەو دژایەتیی کورد ناکات و لەسەر ئەو بابەتەش گفتوگۆمان کرد.

هاوکات ئاماژەشی دا، پرۆسەی تێکەڵکردنەوەی هێزەکان لە سووریا بە باشی بەڕێوە دەچێت، لە پرۆسەی خوێندن بە زمانی کوردی پێشکەوتن هەیە و ناسنامەش بە کورد دراوە، بەڵام پێشکەوتنی راستەقینە ئەو کاتە بەدی دێت کە مافی کورد و هەموو پێکهاتەکان لە دەستووری هەمیشەیی و لە چوارچێوەی سووریایەکی یەکگرتوودا جێگیر بکرێن. زۆر گرنگە کورد یەک گوتاری هەبێت بۆ مسۆگەرکردنی مافەکانی. لە شێوازی پێشوازی و پرۆتۆکۆلی ئێمە لە دیمەشق ئەوە روون بووەوە کە سەرۆکی سووریا رقی لە کورد نییە و دەیەوێت کێشەکان چارەسەر بکات، بەڵام بێگومان بنیاتنانەوەی سووریا کاتی دەوێت، چونکە کێشەکان ئاسان نین."

جەنگی ئێران و هەڵوێستی هەرێمی کوردستان

لە تەوەرێکی دیکەدا و سەبارەت بە دۆخی ئێران و پارتەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان، سەرۆکی هەرێم گوتی: "هێزە کوردییەکانی رۆژهەڵات بەرانبەر هەرێمی کوردستان زۆر نابەرپرسانە هەڵسوکەوتیان کرد و هەرێمیان خستە دۆخێکی زۆر خراپەوە، بەتایبەت ئەو بابەتانەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاو دەکرانەوە کە هەرێمیان خستە دۆخێکی مەترسیدار. سیاسەتی ئێمە هەر لە سەرەتای جەنگەوە روون بوو؛ ئێمە نابینە بەشێک لە جەنگ و ناکرێت هەرێمی کوردستان ببێتە سەرچاوەی هەڕەشە بۆ سەر ئێران، ئەوە نادەستووری و هەڵەیە، بە ئێرانیشمان راگەیاندووە کە رێگە نادەین شتی وا رووبدات."

نێچیرڤان بارزانی ئاماژەی بەوەش کرد: "جەنگی ئێران و دۆخی ستراتیژیی ئەم دواییەی عێراق، ئەزموونێکی زۆر گرنگ بوو بۆ هەرێم و زۆر بە سەرکەوتوویی تێمان پەڕاند، ئەوەش بەهۆی ئەو لێکتێگەیشتنەی لە نێوان هێزە کوردییەکاندا هەبوو؛ سەرەڕای ناکۆکییەکان، بە یەکەوە بۆ پاراستنی سەقامگیری کارمان کرد، چونکە ئەرکی ئێمە پاراستنی بەرژەوەندییەکانی هەرێمی کوردستانە."

سەبارەت بە چارەسەری پرسی کورد لە ئێران گوتی: "دەرفەت بۆ کوردانی رۆژهەڵاتیش دێتە پێش، بەڵام هێشتا دۆخەکە وەکوو هی تورکیا پێ نەگەیشتووە؛ لەگەڵ ئەوەشدا بە جددی بیر لە چارەسەرکردنی پرسی کورد لە ئێران دەکرێتەوە. کێشەی کورد بە ئینکاریکردن و سەپاندن چارەسەر نابێت، بۆیە پێم باشە ئەوانیش بەگوێرەی تایبەتمەندیی خۆیان مامەڵە لەگەڵ دۆخەکەدا بکەن."

هەر لەبارەی پەیوەندییەکانی ئێران و ئەمریکاوە و راپۆرتێکی رۆژنامەوانی لەسەر نێوەندگیریی هەولێر و گوتی: "بەشێکی ئەو راپۆرتەی باسی رۆڵی نێوەندگیریی ئێمەی کردووە لە نێوان ئێران و ئەمریکا راست بوو؛ ئێمە ئەو رۆڵەمان بینی و چ لە واشنتن و چ لە تاران بە ئەرێنییەوە پێشوازی لەو هەوڵە کرا."

کشانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانان لە عێراق

لەبارەی پرسی کشانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانان، سەرۆکی هەرێمی کوردستان روونی کردەوە: "هێزەکانی هاوپەیمانان لەسەر داوای عێراق بۆ رووبەڕووبوونەوەی داعش هاتن، بەو مەرجەی ئەمریکا سەرکردایەتییان بکات. ئێستا دوای 10 ساڵ دۆخەکە گۆڕاوە و ئاساییە ئەگەر عێراق پێویستی بەو هاوپەیمانییە گەورەیە نەمابێت. بەڵام دەبێت واقعبین بین؛ پاراستنی سەروەریی وڵات تەنیا دەرکردنی هێزەکان نییە، بەڵکوو پێویستە عێراق پەیوەندیی بەهێز لەگەڵ وڵاتان دروست بکات، ئاسمانی خۆی بپارێزێت و چەکی گرووپە چەکدارەکان کۆنترۆڵ بکات؛ ناکرێت لە عێراقەوە هێرش بکرێتە سەر وڵاتانی دراوسێ و هەرێمی کوردستان."

جەختیشی کردەوە: "ئەوەی لەسەر زەوی داعشی تێکشکاند، هێزی پێشمەرگە و هێزە عێراقییەکان بوون و پێشمەرگە ئێستاش ئامادەی قوربانیدانە. بۆ خۆپاراستن لە هەر هەڕەشەیەک، یەکەم پێویستمان بە سیستەمی بەرگری هەیە، دووەمیش پێویستمان بە دیپلۆماسییەت و دیالۆگی دروستە."

کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا

سەبارەت بە پەیوەندییەکانی نێوان حکوومەتی هەرێم و حکوومەتی فیدراڵ، نێچیرڤان بارزانی گوتی: "کێشەی جەوهەری لە نێوان هەولێر و بەغدا جێبەجێ نەکردنی دەستوورە. لە عێراقدا سیستەمی فیدراڵی بە کردەیی پەیڕەو ناکرێت، بەڵکوو بە کۆمەڵێک یاسای کۆن مامەڵە لەگەڵ هەرێمی کوردستان دەکرێت و هەر سەرۆکوەزیرانێک دێت هەمان شت دووبارە دەکاتەوە. کلیلی چارەسەر دەستوورە، چونکە جێبەجێکردنی وا دەکات هەمووان هەست بە هاووڵاتیبوون بکەن. بۆ ئێمە لە هەرێم پرسەکانی وەک دابەشکردنی سەروەت و سامان، یاسای نەوت و گاز، دابەشکردنی دادپەروەرانەی داهات و پرسی دادگای فیدراڵی گرنگن؛ ئەگەر ئەوانە چارەسەر بکرێن کێشەکانی دیکە بە ئاسانی چارەسەر دەبن."

پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێمی کوردستان

سەرۆکی هەرێمی کوردستان باسی لە پرۆسەی پێکهێنانی حکوومەت کرد و گوتی: "لە پرسی دواکەوتنی پێکهێنانی حکوومەتدا ریکۆردێکی زۆر خراپمان تۆمار کردووە، بەڵام هەفتەی رابردوو کۆبوونەوەیەکی باشمان لەگەڵ یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ئەنجام دا، لەم هەفتەیەدا یاخود لە سەرەتای هەفتەی داهاتوودا کۆبوونەوەی دیکەش ئەنجام دەدەین بەو هیوایەی بگەینە چارەسەر. جێگەی خۆشحاڵییە کە لە پرسە ستراتیژییەکاندا هەڵوێستی پارتی و یەکێتی لە یەکترەوە نزیک بووە.