باڵیۆزی رۆمانیا لە عێراق: کۆمپانیاکانمان بۆ وەبەرهێنان دەگەڕێنەوە هەرێمی کوردستان

باڵیۆزی رۆمانیا لە عێراق رایگەیاند، پەیوەندییە ئابووری و بازرگانییەکانیان لەگەڵ هەرێمی کوردستان لە قۆناخی بووژانەوەدان و کۆمپانیا رۆمانییەکان دووبارە دەگەڕێنەوە هەرێم. هاوکات ستایشی دەستکەوتەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستانی کرد لە بواری پەرەپێدانی ژێرخان و ئاوەدانکردنەوەی شارەکاندا.

دووشەممە، 12ـی تشرینی یەکەمی 2026، رادو دۆبرێ، باڵیۆزی رۆمانیا لە عێراق لە هەڤپەیڤینێکی تایبەتدا لەگەڵ کوردستان24، سەرنجی خستە سەر ئاستی پەیوەندییەکانی وڵاتەکەی لەگەڵ هەرێمی کوردستان و عێراق، دەرفەتەکانی وەبەرهێنان، پرسی پێدانی ڤیزە، خوێندنی باڵا و دۆخی ئەمنیی ناوچەکە.

رادو دۆبرێ باسی لە پتەویی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوولا کرد و گوتی: "پەیوەندییەکی زۆر باشمان لەگەڵ هەرێمی کوردستان و عێراق هەیە. ئێمە خاوەنی ئەزموونێکی دەوڵەمەندی هاوکاریی ئابووری و بازرگانین، لەوەش گرنگتر پەیوەندیی راستەوخۆی نێوان هاووڵاتییانمانە. کەمینەیەکی کوردیی بەرچاو لە رۆمانیا دەژین کە زۆر بە باشی لەگەڵ کۆمەڵگە گونجاون، هەروەها هەزاران خوێندکاری کورد لە وڵاتەکەمان بڕوانامەیان بەدەست هێناوە."

سەبارەت بە ئامادەیی کەرتی تایبەتی وڵاتەکەی، باڵیۆزی رۆمانیا گوتی: پێشتر و لە ساڵانی رابردوودا ژمارەیەکی زۆر لە کۆمپانیاکانی ئێمە لە هەرێمی کوردستان چالاک بوون، بەڵام بەهۆی شەڕی داعش، ئاڵۆزییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا و دواتریش بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنا، ژمارەیان کەمی کرد. خۆشبەختانە ئێستا پەیوەندییەکان بەهێز بوونەتەوە و ژمارەیەکی بەرچاو لە کۆمپانیا رۆمانییەکان گەڕاونەتەوە بۆ هەرێمی کوردستان و عێراق. پسپۆڕ و کۆمپانیاکانی ئێمە ئاشنای بازاڕی ئێرەن و بەردەوام چاودێریی دەرفەتە نوێیەکانی وەبەرهێنان دەکەن و ئێمە ئاگەدار دەکەنەوە، بۆ ئەوەی زانیاریی ئەمنی و ئابووریان پێ بدەین. لە بەرانبەریشدا، جێگەی شانازییە کە یەکێک لە گەورەترین وەبەرهێنەرەکانی ناوخۆی رۆمانیا، کوردە.

باڵیۆزی رۆمانیا خوێندنی لە وڵاتەکەی بە دەرفەتێکی زێڕین بۆ گەنجانی کورد وەسف کرد و گوتی: خوێندن لە رۆمانیا ئاسانکاریی زۆری تێدایە و ساڵانە هەزاران گەنج لە عێراق و هەرێمی کوردستانەوە روو لە وڵاتەکەمان دەکەن. هۆکاری ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ کوالیتیی بەرزی خوێندن، گونجاویی کرێی ساڵانەی خوێندن بەراورد بە وڵاتانی دیکە و ئەو پێگە ستراتیژییەی رۆمانیا هەیەتی.

ئاماژەی بەوەش کرد: ئێمە ساڵانە چەندین پرۆگرامی سکۆلەرشیپ بۆ قۆناخە جیاوازەکان رادەگەیەنین، داوا لە قوتابیانی کوردستان دەکەم بەردەوام چاودێریی ئەم دەرفەتانە بکەن. هاوکات لەگەڵ حکوومەتی عێراقیش لە گفتوگۆداین بۆ گەیشتن بە رێککەوتنێک بە مەبەستی پێشکەشکردنی سکۆلەرشیپی زیاتر.

سەبارەت بە پرسی پێدانی ڤیزە بە هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان، رادو دۆبرێ روونی کردەوە: رۆمانیا ئەندامی یەکێتیی ئەوروپایە و بەشێکە لە پەیماننامەی شنگن، هەر بۆیە پرۆسەی پێدانی ڤیزە لای ئێمە بە هەمان مەرج و رێکارە فەرمییەکانی شنگن بەڕێوە دەچێت و پێویستە داواکاران ئەو پێوەرانە جێبەجێ بکەن.

باڵیۆزی رۆمانیا لە عێراق باسی لە بووژانەوەی هەرێمی کوردستان کرد و رایگەیاند: دەبێت دەستخۆشی و پێزانینێکی زۆر ئاراستەی بەرپرسانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بکرێت بۆ ئەو پرۆژە خزمەتگوزاری و سەرکەوتنانەی بەدەستیان هێناوە. لە کوردستان ژێرخانێکی زۆر باش و تۆکمە بونیات نراوە و شارەکان بە شێوەیەکی بەرچاو بووژاونەتەوە.

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، باڵیۆز راستکردنەوەیەکی لەبارەی ئەرکی هێزە نێودەوڵەتییەکان خستەڕوو و گوتی: با بۆچوونێکی باو راست بکەمەوە؛ ئەرکی هاوپەیمانیی ناتۆ لێرە بۆ شەڕکردن و رووبەڕووبوونەوەی راستەوخۆ نەبووە، بەڵکوو یەکەکانی ناتۆ بۆ ئەرکی راوێژکاری و مەشقپێکردن لێرە بوون. ئێستا ئەگەر هێزەکانیش بەشێکیان کشابێتنەوە، بەڵام ناوەڕۆکی ئەرکە ڕاوێژکارییەکە بەردەوامە.

رادو دۆبرێ نیگەرانیی خۆی لەبارەی جەنگ و ئاڵۆزییەکان دەربڕی و گوتی: "هیوادارین کێشەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە رێگەی ئاشتی و دیپلۆماسییەوە چارەسەر بکرێن، چونکە ئەم ململانێیانە لێکەوتەی مەترسیداریان بۆ سەر تەواوی جیهان هەیە. جەنگی ئۆکرایناش بە هەمان شێوە، هەردوو جەنگەکە زیانی گەورەیان بە ئابووریی جیهان گەیاندووە و قەیرانی کۆچیان قووڵتر کردووەتەوە، بۆیە دەخوازین هەردوو جەنگ بە زووترین کات کۆتاییان بێت.