ئەردۆغان هۆشداری لە لێکەوتەکانی ململانێ و پارچەپارچەبوونی ناوچەکە دەدات
سەرۆککۆماری تورکیا بە توندترین شێوە سەرکۆنەی هێرشی حووسییەکانی بۆ سەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی شا خالید لە ریاز کرد و پەیامی پشتیوانیی وڵاتەکەی بۆ سعوودیە دووپات کردەوە. هاوکات رایگەیاند، کارەکان بەردەوامن بۆ ناردنی رێککەوتننامەی بەرگری لەگەڵ سعوودیە و پاکستان بۆ پەرلەمانی تورکیا بە مەبەستی پەسەندکردنی.
دووشەممە 12ی تشرینی یەکەمی 2026، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا لە گوتارێکدا ئاماژەی بە هەڵوێستی وڵاتەکەی بەرانبەر بە ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە کرد و رایگەیاند: هەڵوێست، هەستیاری و ئەو بنەمایانەی تورکیا بەرگرییان لێ دەکات روون و دیارن. ئێمە بە هیچ شێوەیەک لە روانگەیەکی نەتەوەیی و مەزهەبییەوە سەیری رووداوەکان ناکەین، بەڵکوو دەمانەوێت ئاشتی و سەقامگیری بەسەر تەواوی ناوچەکەماندا زاڵ بێت و لەسەر بنەمای خاوەندارێتیکردنی هەرێمی، بەردەوام دەبین لە هەوڵەکانمان لە پێناو چەسپاندنی ئاشتیدا.
سەرۆککۆماری تورکیا سەرنجی خستە سەر هێرشەکەی سەر سعوودیە و گوتی: لە بەرانبەر ئەو هێرشە نایاسایی و دژە مرۆڤایەتییانەدا، تورکیا لە تەنیشت سعوودیە و برا سعوودییەکانماندا دەوەستێت. لەم چوارچێوەیەدا، بە توندترین شێوە سەرکۆنەی ئەو هێرشە دەکەین کە لە 10ی تشرینی یەکەم لەلایەن حووسییەکانەوە کرایە سەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی شا خالید لە ریاز، کە بووە هۆی گیانلەدەستدانی 12 کەس و برینداربوونی 309 کەسی دیکە.
ئەردۆغان هاوخەمیی خۆی بۆ قوربانییانی هێرشەکە دەربڕی کە بەشێکیان عومرەکار بوون و هیوای چاکبوونەوەی خێرای بۆ برینداران خواست.
سەبارەت بە هەماهەنگییە سەربازی و ئەمنییەکانی وڵاتەکەی، ئەردۆغان رایگەیاند: ئێستا بەردەوامین لە بەدامەزراوەییکردنی ئەو رێککەوتننامە بەرگرییەی کە لەگەڵ پاکستان و سعوودیە واژۆمان کردووە و لە پێناو جێبەجێکردنیدا هەنگاوی پێویست دەگرینەبەر. کارەکان بەردەوامن بۆ ئەوەی لە رۆژانی داهاتوودا پرۆسەی پەسەندکردنی رێککەوتننامەکە رەوانەی پەرلەمانی تورکیا بکرێت. هاوکات ئەو لێدوان و دەنگۆیانەش رەت دەکەینەوە کە هەوڵ دەدەن پێگەی تورکیا بە شێوازێکی دیکە پێشان بدەن.
سەرۆککۆماری تورکیا هۆشداریی دا لە لێکەوتەی ململانێکان و گوتی: لە روانگەی ئێمەوە، دابەشبوون و پارچەپارچەبوون لە ناوچەکەدا، تەنیا خزمەت بە بەرژەوەندیی ئەو لایەنە خراپەکارانە دەکات کە دەیانەوێت ناوچەکەمان بکەنە گۆمی خوێن.