عەلی دیفاعی: کۆبوونەوەی ئەمشەوی چوارچێوەی هەماهەنگی بڕیاری کۆتایی تێدا نادرێت

چوارچێوەی هەماهەنگی ئەمشەو کۆبوونەوەیەکی بچووکراوە ئەنجام دەدات و هیچ بڕیارێکی کۆتایی لەبارەی تەواوکردنی کابینەی حکوومەت و پڕۆژەیاسای بودجە نادات. هاوکات نەبوونی سەرۆکوەزیران لە بەغدا و سەردانی نوێنەری سەرۆکی ئەمریکا، هۆکاری سەرەکیی راوێژکاری و ناڕەسمیبوونی کۆبوونەوەکەن.

دووشەممە 12ـی تشرینی یەکەمی 2026، عەلی دیفاعی، گوتەبێژی ئەنجوومەنی باڵای ئیسلامیی عێراق بە کوردستان24ـی راگەیاند، لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی چوارچێوەی هەماهەنگیدا، بڕیاری کۆتایی لەبارەی پرسی تەواوکردنی کابینەی وەزاری و پڕۆژەیاسای بودجەوە نادرێت.

هاوکات سەرچاوەیەک لە چوارچێوەی هەماهەنگی بە کوردستان24ـی ئاشکرا کرد، کۆبوونەوەی ئەمشەو بە شێوەیەکی بچووکراوە و دۆستانە بەڕێوە دەچێت، چونکە عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیران لە نەینەوایە و محەمەد شیاع سوودانی لە هەولێرە، هاوکات لەگەڵ بوونی تۆم بەڕاک، نوێنەری سەرۆکی ئەمریکا بۆ عێراق و سووریا لە بەغدا.

پێشتر بڕیار بوو لەم هەفتەیەدا پەرلەمانی عێراق بۆ تەواوکردنی کابینەی حکوومەت کۆببێتەوە، بەڵام بەهۆی یەکلانەبوونەوەی پرسی کاندیدەکان و پرسی بەرزکردنەوەی نرخی دۆلار، پرۆسەی تەواوکردنی کابینەی حکوومەت بۆ کاتێکی دیکە دواخرا.

جێی ئاماژەیە، چوارچێوەی هەماهەنگی هەموو رۆژانی دووشەممەیەک، کۆبوونەوەی ئاسایی و هەفتانەی خۆی بە ئامادەبوونی سەرۆکوەزیران بۆ تاوتوێکردنی پرسە سیاسی، ئەمنی و ئابوورییەکانی وڵات و پێشهاتەکانی ناوچەکە ئەنجام دەدات و تێیدا بڕیار لەبارەی پرسە گرنگ و چارەنووسسازەکان دەردەکات.