سبەی سەدان خێزانی ئاوارەی سەرێکانی و حەسەکە دەگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان

سبەی کاتژمێر 08:00ی بەیانی، لە پرۆسەیەکی نوێدا، 500 خێزانی ئاوارە لە نێوان سەرێکانی و حەسەکە دەگەڕێنەوە ناوچە و ماڵەکانی خۆیان.

دووشەممە 12ی تشرینی یەکەمی 2026، مستەفا عەبدی، ئەندامی ئەنجوومەنی گەل و ئەندامی تیمی سەرۆکایەتی، لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک رایگەیاند، سبەی کاتژمێر 08:00ی بەیانی کاروانێکی دیکەی ئاوارەکان دەگەڕێنەوە ناوچەکانیان.

بەپێی زانیارییەکانی عەبدی، کاروانەکە لە 450 خێزانی ئاوارەی سەرێکانی پێک دێت کە لە حەسەکە نیشتەجێ بوون و دەگەڕێنەوە ناوچەکانی خۆیان، هاوکات کاروانێکی دیکەی 50 خێزانی ئاوارەی خەڵکی حەسەکەش کە نیشتەجێی سەرێکانی بوون، دەگەڕێنەوە سەر ماڵەکانیان لە حەسەکە.

ئەو ئەندامەی تیمی سەرۆکایەتی جەختی لەوەش کردەوە، سەرجەم ئامادەکارییە لۆجستی و پێویستەکان تەواو کراون، کە خۆی لە رێکخستنی پرۆسەی گەڕانەوەی ئاوارەکان و پێشکەشکردنی ئاسانکاریی هاتووچۆدا دەبینێتەوە.

دووشەممە، 10ی ئابی 2026، پرۆسەی گەڕانەوەی یەکەم کاروانی ئاوارەکانی شاری سەرێ کانی بۆ زێدی خۆیان دەستیپێکرد، ئەمەش دوای تێپەڕبوونی حەوت ساڵ بەسەر کۆچپێکردنی زۆرەملێ لە ناوچەکانیان دێت.

سەرپەرشتیکردنی ئەم پرۆسەیە لەلایەن لیژنەی ئاوارەکانی سەرێ کانییەوە بە هەماهەنگی لەگەڵ چەند لایەنێکی مرۆیی و ئەمنی بەڕێوەچوو، لە سەرووی هەموویانەوە مانگی سووری کوردی و هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ، بە مەبەستی دڵنیابوون لە ڕێکخستنی کاروانەکە و دابینکردنی پێداویستییە پێویستەکان بۆ گەڕاوەکان؛ یەکەمین کاروانی ئاوارەکان، کە نزیکەی 650 خێزان لەخۆ گرت، بە سەدان پیاو، ئافرەت و منداڵ لەگەڵ کەلوپەلەکانیان کۆبوونەوە بۆ دەستپێکردنی گەشتەکە بەرەو شارەکەیان،

دوای ئەوەی یەکەم کاروانی ئاوارە کوردەکان گەیشتنەوە ناوچەی سەرێکانی، ژمارەیەک لە هاووڵاتییە گەڕاوەکان لە ناو شارەکەدا رووبەڕووی هێرش و دەستدرێژی بوونەتەوە.

لیژنەی کۆچبەرانی سەرێکانی رایگەیاندبوو، لە نزیکەوە و بە وردی بەدواداچوون بۆ دەرهاویشتەکانی ئەو پێشێلکارییە ئەمنییانە دەکەن کە بەرامبەر بە هاووڵاتیانی گەڕاوە ئەنجامدراون،

لیژنەکە بە فەرمی لایەنە پەیوەندیدارەکانی دیمەشق، لە نێویشیاندا تیمی سەرۆکایەتی سووریا، هاوکات دەزگا ئەمنییەکانی سەرێکانی و ئیدارەی ناوچەکەی بە تەواوی بەرپرسیار کرد لەم پێشێلکارییە ئەمنییە. ئاماژەی بەوەش دابوو، کە ئەم هێرشانە پێشێلکردنێکی روونی بەندەکانی رێککەوتنی 29ی کانوونی دووەمە لە مەلەفی گەڕانەوەی ئاوارەکاندا.

هەروەها لە شاری قامشلۆ خۆپێشاندانی هاووڵاتییان دژی هەڵسوکەوتەکانی عەرەبە هاوردەکان بەڕێوەچوو، لە کاتی بەڕێوەچوونی گردبوونەوەکە جوان عیسۆ، سەرۆکی کۆمیتەی کۆچبەرانی سەرێ کانیێ رایگەیاندبوو "گەڕانەوەی ئاوارەکان بە رەزامەندی ومۆڵەتی فەرمی حکوومەتی سووریا بووە، بەڵام بەداخەوە لەلایەن عەرەبە هاوردەکان هێرشێکی دڕانە کراوەتە سەر ئاوارەکان، دەیانەوێت ئێمە بترسێنن و پێمان بڵین ئێوە هیچ مافێکتان نییە"

ئاماژەی بەوە دابوو، "دەگەڕێینەوە سەر زێد و خاکی خۆمان و دەستبەرداری نابین، ئەوە هێرشانەی ئەمڕۆ کراون، بە پلەی یەکەم حکوومەتی سووریا لێی بەرپرسیارە، هەروەها گەڕانەوەی ئاوارەکان لەسەر بنەمای ئەوە بووەم کە پێیان گوتین، بارودۆخ لەبار و گونجاوە و ودەتوانن بگەڕێنەوە سەر زێدی خۆیان".

سێشەممە 11ی ئابی 2026، فەرماندەیی ئاسایشی ناوخۆی پارێزگای حەلەب رایگەیاندبوو، بۆ پاراستنی ئاسایشی گشتی و دابینکردنی سەقامگیری، قەدەخەی کاتیی دەرچوون و هاتووچۆ لە شاری کۆبانێ جێبەجێ دەکرێت.