بەڕاک: دەسەڵاتێکی دادوەریی بەهێز و سەربەخۆ بەردی بناغەی سەروەریی عێراقە
باڵیۆزی ئەمریکا لە تورکیا و نوێنەری سەرۆکی ئەو وڵاتە بۆ کاروباری سووریا و عێراق لەگەڵ سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق کۆبووەوە و رایگەیاند، دەسەڵاتێکی دادوەریی سەربەخۆ، بەردی بناغەی سەروەریی یاسا و سەقامگیرییە و رێگە خۆشکەرە بۆ ئەوەی عێراق بەرەو قۆناغی خۆشگوزەرانی هەنگاو بنێت.
دووشەممە 12ـی تشرینی یەکەمی 2026، تۆم بەڕاک، باڵیۆزی ئەمریکا لە تورکیا و نوێنەری سەرۆکی ئەو وڵاتە بۆ کاروباری سووریا و عێراق لە پەیامێکدا لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی "ئێکس"، نووسیویەتی: "کۆبوونەوەیەکی بەرهەمدارمان لەگەڵ فایەق زێدان، سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق هەبوو کە بەڕێوەبردنی ئەو دامەزراوەیەی لە ئەستۆیە و پارێزگاری لە سەربەخۆییەکەی دەکات."
بەڕاک ئاماژەی بەوەش کردووە: "دەسەڵاتێکی دادوەریی بەهێز و سەربەخۆ، بەردی بناغەی سەروەریی وڵات و سەروەریی یاسایە، ئەو سەقامگیرییەش رێگە بە عێراق دەدات هەنگاو بەرەو خۆشگوزەرانی بنێت."
هاوکات لە راگەیەندراوێکدا، ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق بڵاوی کردەوە، فایەق زێدان پێشوازی لە تۆم بەڕاک کردووە و لە دیدارێکدا گفتوگۆ لەبارەی پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان عێراق و ئەمریکا لە بوارەکانی یاسایی و دادوەریدا کراوە.
تۆم بەڕاک بە سەردانێکی فەرمی لە بەغدایە؛ لە یەکەم وێستگەی سەردانەکەیدا چاوی بە ستیڤ فەیگن، هەڵسوڕێنەری کاروباری باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا کەوت و تێیدا رایگەیاند، پەیوەندییەکانی واشنتن لەگەڵ بەغدا لە هاوبەشییەکی ئەمنییەوە بەرەو هاوکاریی ئابووری دەگوازرێتەوە.