تونجەر باکرهان: ئەگەر قۆناخی یەکەم بە سەرکەوتوویی تێپەڕێنین، گفتوگۆ لەسەر مافە دیموکراسییەکان دەست پێ دەکات

تونجەر باکرهان، هاوسەرۆکی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) لە هەڤپەیڤینێکی تایبەت لەگەڵ کوردستان24 رایگەیاند، پەکەکە بە فەرمی هێزەکانی خۆی لە خاکی تورکیا کشاندووەتەوە و پرۆسەی ئاشتی لە کۆتایی قۆناخی یەکەمدایە. هاوکات جەختی لەوە کردەوە کە هەرێمی کوردستان دەتوانێت رۆڵی چاودێر و ئاسانکار لە پرۆسەی چەکداناندا بگێڕێت.

کوردستان24: لە کاتێکدا ناوچەکە بە گۆڕانکارییەکی سیاسی و ئەمنیدا تێدەپەڕێت، بێگومان ئەمە تەنیا بۆ تورکیا و سووریا نییە، بەڵکو راستەوخۆ پەیوەندیدارە بە چارەنووسی کورد لەو وڵاتانە و هەروەها هاوسەنگی لە هاوکێشەکاندا. مەبەستمانە گفتوگۆی زیاتر بکەین، بەتایبەت لەبارەی پڕۆسەی چارەسەری و پڕۆسەی ئاشتی لە تورکیا. بەڕێز تونجەر باکرهان، هاوسەرۆکی دەم پارتی ئێستا لە ستۆدیۆی کوردستان24 لەگەڵمانە. بەڕێز باکرهان، زۆر بەخێربێیت. زۆرجار تۆ سەردانی هەولێرت کردووە، ئەمجارە هەستت بە چ گۆڕانکارییەک کرد؟

تونجەر باکرهان: زۆر سوپاسی کەناڵی کوردستان24 دەکەم و هیوای سەرکەوتنتان بۆ دەخوازم. ئەمڕۆ لە هەولێرین و بەشداریمان لە کۆڕبەندی مێری (MERI) کرد؛ کۆڕبەندێکی زۆر گرنگە. لەم فۆڕەمەدا تەنیا باسی باشووری کوردستانی ناکەین، بەڵکو باسی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و پێشهاتەکانی جیهان دەکەین، هەروەها پڕۆسەی ئاشتی لە تورکیاش تاوتوێ دەکەین.

لە راستیدا ئەم فۆڕەمە ئەوە نیشان دەدات کە ئاشتی چەندە بەنرخ و بەهادارە. هاوکات دەبینین کە سیاسەتی ئینکارکردن و رەتکردنەوە و پشتگوێخستنی گەلان و باوەڕە جیاوازەکان، چ دۆخێکی بەسەر رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هێناوە. لەم سەدەیە نوێیەدا کە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دووبارە بنیات دەنرێتەوە، پێویستە پرسیار بکرێت: دەبێت پێگەی کورد لە عێراق چۆن بێت؟ پڕۆسەی ئاشتی لە تورکیا لەسەر چ بنەمایەک بەڕێوە بچێت؟ پێشهاتەکانی ئێران بە چ ئاراستەیەکدا بڕۆن تاوەکو گەلان و لە سەرووی هەمووشیانەوە کورد بە ئازادی و لەسەر زەمینەیەکی دیموکراسی بژین؟ ئەم پرسانە گفتوگۆیان لەسەر دەکرێت.

لە تورکیاش پڕۆسەیەک هەیە، وەک دەزانن پڕۆسەیەکی زۆر بەنرخ و بایەخدارە. ناسنامەیەک کە سەد ساڵە ئینکار دەکرێت، بۆ یەکەمجار لەسەر زەمینەی پەرلەمان و لەسەر مێزی دانوستان دادەنیشێت. دەوڵەت لەگەڵ بەڕێز ئۆجەلان دیدار ئەنجام دەدات. لەم چوارچێوەیەدا لە پەرلەمان کۆمیسیۆنێک بۆ ئەم پرسە پێکهێنرا و راپۆرتێکی ئامادە کرد کە سەردێڕی زۆر گرنگی تێدایە؛ نەک تەنیا پڕۆسەی ئاشتی، بەڵکو هەنگاوەکانی دیموکراسیبوونیشی تێدا تاوتوێ دەکرێت. لەم دوو ساڵەدا رێگەیەکی گرنگمان بڕی و مەودایەکی باش رۆیشتین؛ ئایا بەسە؟ نەخێر. ئایا خێرایە؟ نەخێر. رەنگە دەکرا لە خاڵێکی پێشەنگتردا بووینایە. بەڵام ئەمە ئەوە دەخاتە بەردەممان کە دەبێت لە رۆژانی داهاتوودا پرسی کورد و دیموکراسیبوون خێراتر هەنگاوی بۆ بنرێت. ئێمەش وەک دەم پارتی، بۆ ئەوەی ئەم پڕۆسەیە بە سەرکەوتوویی بگاتە ئامانج، هەموو هەوڵێک لە پەرلەمان، لە گۆڕەپانەکە و لە چوار لای تورکیادا دەدەین.

 

کوردستان24: زۆر باشە، هەرێمی کوردستان و هەولێر وەک هاوبەشێکی گرنگ، رۆڵی ئەوان چۆن دەنرخێنن لە پێڤاژۆی ئاشتیدا؟

تونجەر باکرهان: هەرێمی فیدراڵی کوردستان لە کاتی دانانی چەکدا لە رابردوودا بەشداری و رۆڵێکی زۆر گرنگی هەبوو. لە ماوەی ئەم دوو ساڵەشدا رۆڵێکی زۆر ئەرێنی لەم پڕۆسەیەدا گێڕاوە. لێرەوە دەمەوێت سوپاسی خۆم ئاراستەی بەڕێز نێچیرڤان بارزانی لایەنە سیاسییەکان و دامەزراوەکانی راگەیاندنی هەرێمی کوردستان بکەم. ئەوان رۆڵێکی بنیاتنەرانەیان گێڕاوە و دەشتوانن بەردەوام بن؛ چونکە لە دەرەنجامدا پەکەکە لەم خاکەدایە و ئێمە باس لەو جوگرافیایە دەکەین کە چەکی تێدا دادەنرێت. بۆیە سەرۆکی هەرێمی کوردستان و سەرکردەکانی تر دەتوانن ئەرکێکی گرنگ بگرنە ئەستۆ، وەک چاودێریکردنی پڕۆسەی چەکدانان و دەستەبەرکردنی گەڕانەوەی پارێزراوی خەڵکەکەمان بۆ سەر خاک و زێدی خۆیان. هەروەها دەتوانن هانی حکوومەتی عێراق بدەن تا رۆڵێکی ئەرێنی بگێڕێت. چارەسەری دیموکراسیانەی پرسی کورد لە تورکیا، کاریگەری ئەرێنی لەسەر ئێرەش دەبێت. تا ئێستا سنوورەکانی هەرێمی کوردستان زیاتر بە دیمەنی سەربازی دەبینران، بەڵام ئەگەر ئەم پڕۆسەیە سەربکەوێت، دیمەنی دیپلۆماسی دەبیندرێت. پرسی کورد لە هەر شوێنێک بێت، چارەسەرییەکەی کاریگەری لەسەر پارچەکانی تریش دەبێت کە کوردی تێیدا دەژیت.

 

کوردستان24: رۆڵی سەرۆک بارزانی چۆن دەنرخێنن لە پڕۆسەی ئاشتیدا؟

تونجەر باکرهان: بێگومان بارزانی کاتێک سەرەتا هاتینە ئێرە و دیدارمان لەگەڵ کرد، رۆڵێکی زۆر بەنرخی هەبوو. بۆ ئێمە هەموو سەرکردەکانی کورد بەنرخ، پڕمانا و گرنگن. ئامەد و دیاربەکر بۆ ئێمە چی بێت، هەولێر و سلێمانیش هەمان شتن؛ قامشلۆ چی بێت، مەهاباد و ورمێش هەمان شتن. دڵ و مێشکی کورد لەسەر ماف و ئازادییە دیموکراسییەکانی ئەو کوردانەیە کە سەد ساڵە لەژێر ستەمدان. باوەڕم وایە کارەکتەرە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستانیش بە هەمان هەستەوە لە پرسەکە دەڕوانن و ئێمەش ئەمە بەرز دەنرخێنین. لەو دیدارەی لە ئیمراڵی لەگەڵ بەڕێز ئۆجەلان ئەنجاممان دا، سڵاوی تایبەتی خۆی بۆ بەڕێزان سەرۆک بارزانی، نێچیرڤان بارزانی، مەسرور بارزانی، بافڵ تاڵەبانی، قوباد تاڵەبانی و هەموو حزب و رێکخراوە مەدەنییەکان نارد، لێرەشەوە لە رێگەی ئێوەوە ئەو سڵاوانە دەگەیەنم. رەنگە لە سنووری جیاوازدا بژین، بەڵام هەست و دڵمان یەکە؛ ئەگەر دڵی کوردێک لە شوێنێک بسووتێت، کوردی سێرت و باتمانیش هەمان ئازار دەچێژن، هەروەها لە هەولێر و سلێمانیش هەمان هەست هەیە. بۆیە دەبێت پشتیوانی یەکتر بین و دەستکەوتی پارچەیەک بە هی خۆمانی بزانین. 50 بۆ 60 ملیۆن کورد لەم ناوچەیەدا دەژین، یەک میللەتن و خاوەن یەک زمان و کولتوورن. رۆڵی هەرێمی کوردستان هەمیشە گرنگ بووە و لەمەودواش ئەرکی سەرشانی خۆیان بەشێوەی سەرکەوتوو جێبەجێ دەکەن.

 

کوردستان24: زۆر باشە. بەڕێز باکرهان، ئێستا پڕۆسەی ئاشتی لە چ قۆناخێکدایە و چاوەڕوانی چی دەکەن؟

تونجەر باکرهان: ئێستا لە قۆناخی یەکەمی پڕۆسەکەداین . ئەگەر ئەم قۆناخە بە سەرکەوتوویی تێپەڕێنین، لە قۆناخی دووەمدا باسی ماف و ئازادییە دیموکراسییەکانی گەلی کورد دەکەین؛ زەمینەیەک کە چەک بێدەنگ بێت و سیاسەتی دیموکراسی و یاسا قسە بکەن. نزیکین لە کۆتایی قۆناخی یەکەم. پێش ئەوەی قۆناخی یەکەم بە تەواوی کۆتایی بێت، پێویستە پێگە، رۆڵ و پێگەی یاسایی بەڕێز ئۆجەلان روون بێتەوە. هەروەها پێش چوونە قۆناخی دووەم، پێویستە دەسەڵات لە تورکیا زەمینەی دیموکراسی پاک بکاتەوە؛ وەک لادانی قەیوومەکان و گەڕانەوەی هاوسەرۆکانی شارەوانی بۆ سەر کارەکانیان، ئازادکردنی زیندانییە سیاسییەکان لە زووترین کاتدا، و رەخساندنی دەرفەتی گەڕانەوە بۆ ئەو کوردانەی لە هەولێر و سلێمانی و دەرەوە لە تاراوگەدان. دەبێت گفتوگۆ لەسەر دەستوورێکی دیموکراسی بکرێت. ئەگەر بە سەرکەوتوویی ئەمە بکەین، بودجەی تورکیا لە شەڕ و فرمێسکدا خەرج ناکرێت، بەڵکو بۆ ژێرخان، هەلی کار، خانەنشینان، مووچەی کەمینە و خزمەتگوزاری لە باکوور و هەموو پارێزگاکانی تورکیا خەرج دەکرێت.

 

کوردستان24: باشە بەڕێز تونجەر، داهاتوو و پێشەڕۆژی پێڤاژۆی ئاشتی چۆن دەبینن؟

تونجەر باکرهان: من بۆ خۆم زۆر بەهیوا و گەشبینم. کێشەیەکی سەد ساڵە هەندێک جار خاو دەبێتەوە، هەندێک جار دەوەستێت و هەندێک جاریش خێرا دەبێت. ئەمە کێشەی دووژمنداری نێوان دوو بنەماڵە یان کێشەی زەویوزار نییە، بەڵکو گەورەترین پرسی سەد ساڵەی تورکیایە. باسکردنی ئەم بابەتە لەم خاڵەی ئێستا لایەنێکی ئەرێنییە، بەڵام دەبێت بخرێتە سەر زەمینەیەکی یاسایی و سیاسی و مافەکانی کورد گەرەنتی دەستووریی پێبدرێت. من 35 ساڵە لە ناو ئەم تێکۆشانەدام؛ هیچ زوڵم و ناڕەحەتییەک نەماوە نەیبینین. سیستەم دەبێت تێبگات بە خستنە زیندان و پەراوێزخستنی کورد، کێشەکە کۆتایی نایەت. 25 ملیۆن کورد هەن؛ بە تیرۆر و کوشتنی بکەرنادیار وەک ساڵانی نەوەدەکان پرسەکە چارەسەر نابێت. کورد داوای شتی زۆر گەورە ناکات، داوای ئازادیی زمانەکەی دەکات، دەیەوێت بە زمانی دایک فێر بێت و پەراوێز نەخرێت، دەیەوێت داهاتی وڵات وەک چۆن لە شارەکانی تر دابەش دەکرێت، بۆ سێرت و مووش و باتمانیش دابین بکرێت، نابێت جیاکاری هەبێت، هەوەها هیچ ئاستنەگێکیش لە بەردەم سەرنەکەوتنی پرۆسەی ئاشتی نییە، شەڕی پەنجا ساڵە هیچ سوودێکی بۆ تورکیا نەبوو و ئابووریی وڵاتەکەی داڕماند، کاتی ئەوەیە ئەو وزەیە بۆ دیموکراسی و ئاوەدانی بەکاربهێنرێت؛ لەگەڵ دراوسێیەکانیش پەیوەندییەکی بەهێز هەبێت لە بواری ئابووریدا.

 

کوردستان24: بەڕێز تونجەر، ئێستا پەکەکە دەڵێت حکوومەتی تورکیا جددی نییە لە پێڤاژۆی ئاشتیدا، بۆچوون و روانگەی ئێوە چییە؟

تونجەر باکرهان: پەکەکە لایەنێکی ئەم پرسەیە، مافی خۆیەتی نیگەرانی و بۆچوونی هەبێت. ئێمە وەک پارتێکی سیاسی کە لەسەر زەمینەی دیموکراسی تێدەکۆشین، پێویستە بەهیوا بین و ئەو نیگەرانییانە بڕەوێنینەوە و پڕۆسەی ئاشتی لەناو کۆمەڵگەدا ڕێکبخەین. سیاسەتی دیموکراسی نابێت بێهیوا بێت. ئێمە متمانەمان بە گەلەکەمان و ئەو 25 ملیۆن کوردە و دۆستە سۆسیالیست، ژینگەپارێز، ژنان و گەنجانە هەیە. ئێمە سێیەم گەورە هێزی سیاسیی تورکیان. ئەرکی ئێمەیە ئەگەر گومانێک هەبێت نەیهێڵین، و ئەگەر سیستەمیش بێمەیل بێت، رایکێشینە سەر زەمینەی دیموکراسی. دانوستان و خەبات بە هاوتەریبی بەڕێوە دەبەین؛ بەم شێوەیە دەتوانین هەم نیگەرانییەکانی گەل و هەم نیگەرانییەکانی سەرکردایەتیی پەکەکەش بڕەوێنینەوە.

 

کوردستان24: زۆر باشە، باسی بەڕێز ئۆجەلانت کرد، پێم بڵێ روانگەی بەڕێز ئۆجەلان چۆنە بۆ پێڤاژۆی ئاشتی؟

تونجەر باکرهان: بەڕێز ئۆجەلان دەستپێکەری ئەم پرسەیە. چۆن دەم پارتی لە بابەتەکە دەڕوانێت، ئەویش بە هەمان شێوە دەڕوانێت. ئەگەر متمانەی بە خۆی و گەلەکەی نەبووایە، دەستی بە پڕۆسەیەکی لەم شێوەیە نەدەکرد. هێزی ئێمە هێزی گەلە؛ ملیۆنان کەس لە سەرپێ وەستاون سەرەڕای زیندان، ئەشکەنجە و زۆرداری. بەڕێز ئۆجەلان متمانەی بە پارادایمەکەی و بە گەلەکەی هەیە، دەیەوێت 86 ملیۆن هاووڵاتیی تورکیا پێکەوە بە ئازادی و یەکسانی بژین. هەڵوێستی ئەو لە سەرەتاوە ئەرێنی و بنیاتنەرانە بووە و لەم پێناوەشدا هەوڵ دەدات، ئێمەش سوپاسی دەکەین.

 

کوردستان24: زۆر باشە بەڕێز باکرهان، من دەمەوێت پرسیارێک بکەم: ئایا پەکەکە بە تەواوی لە ناو خاکی تورکیا خۆی کێشاوەتەوە؟

تونجەر باکرهان: بەڵێ، ئەمڕۆ لێدوانێکی بەڕێز موراد قەرەیلان هەبوو، رایگەیاند کە هێزەکانی خۆیان لە تورکیا کشاوەتەوە. ئەمە هەنگاوێکی زۆر گرنگە و نیشانەی دڵسۆزی و جددییەتە. دوای بانگەوازەکەی بەڕێز ئۆجەلان، ئەوان هەنگاوی پێویستیان هاویشت. باوەڕم وایە دەبێت دەسەڵاتی تورکیاش بە هەمان دڵسۆزی و رژدی وەڵامی بداتەوە، ئەم هەنگاوە لەبەرچاو بگرێت و پڕۆسەکە خێراتر بکات.

 

کوردستان24: پڕۆسەی چەکدانانی پەکەکە کەی دەبێت و لە کوێ دەبێت؟ چۆن دەکرێت؟

تونجەر باکرهان: بێگومان دەبێت سەرەتا زەمینەیەکی گونجاو بۆ دانانی چەک بڕەخسێنرێت، ئێستاش هێزەکان لە پاشەکشەدان. لێرەدا، وەک لە سەرەتاش ئاماژەم پێدا، هەرێمی کوردستان دەتوانێت رۆڵی چاودێر یان ئاسانکارێکی زۆر چالاک بگێڕێت. پەکەکە بڕیاری خۆی داوە؛ رابەر و دامەزرێنەرەکەیان رێگەی خەباتی دیموکراسی و یاسایی دیاری کردووە نەک شەڕی چەکداری. ئەگەر حکوومەت ئەو زەمینە یاسایی و سیاسییە دروست بکات، چەک مانای نامێنێت و خەبات دەچێتە قۆناخێکی نوێی دیموکراسییەوە، تاوەکو ئەندامانی پەکەکەش بگەڕێنەوە ناو زێدی خۆیان و بەشداری لە پڕۆسەی سیاسی و ژیانی مەدەنیدا بکەن.

 

کوردستان24: زۆر باشە، پەیوەندیی نێوان ئەنقەرە و قامشلۆ، و تورکیا لەگەڵ رۆژئاوای کوردستان چۆنە؟

تونجەر باکرهان: رۆژئاوا تەوەرێکی گرنگە و ئێمە لە نزیکەوە چاودێری دەکەین. وەک چۆن لە کاتی لەسێدارەدانی کوردێک لە ئێران دڵمان دێشێت، هەر نەرێنییەک لە رۆژئاواش کاریگەری لەسەرمان دەبێت. تورکیا دەتوانێت رۆڵێکی ئەرێنی لە سووریا و رۆژئاوا بگێڕێت. دەبێت ئاستەنگەکانی بەردەم خوێندنی زمانی کوردی لاببرێن؛ کوردی زمانێکی دێرینە و بۆ کورد پیرۆزە وەک چۆن عەرەبی بۆ عەرەب پیرۆزە. تاقیکردنەوەی گەورەی سووریای نوێ لە مامەڵەکردن دەبێت لەگەڵ مافی خوێندن بە زمانی دایک و مافەکانی کورد. رۆڵی ئەرێنیی تورکیا لەوێ زیانی پێناگەیەنێت، بەڵکو وێنەی تورکیا لەلای کورد باشتر دەکات. ئێمە رووداوەکانی حەسەکە شەرمەزار دەکەین؛ پێویستە دەسەڵاتی دیمەشق و هێزە نێودەوڵەتییەکان رێگری لە هێزە دژە کورد و بەکرێگیراوەکان بگرن تا دۆخی رۆژئاوا تێکنەدەن.

 

کوردستان24: دوا پرسیار، ئەگەر هەڵبژاردن بکرێت، ئێوە پێشبینی دەکەن چەند کورسی بەدەستبهێنن؟

تونجەر باکرهان: پارتییەکەمان پارتییەکی مەزن و گەورەیە. ئێمە دەنگەکانمان زیاد دەکەین و پێگەکەمان فراوانتر دەبێت. لە کاتی شەڕدا هەندێک خەڵک دوورەپەرێز بوون، بەڵام لە کەشێکی دیموکراسیدا پارتەکەمان زۆر گەورەتر دەبێت؛ هەم لە شارەوانییەکان دەنگمان زیاتر دەبێت و هەم لە پەرلەمانیشدا دەنگ و هێزی خۆمان زۆر گەورەتر دەکەین

 

پێشکەشکار: زۆر بەخێربێن، زۆر سوپاست دەکەم بەڕێز تونجەر باکرهان، هاوسەرۆکی دەم پارتی. بەخێربێن، سەرچاو.

تونجەر باکرهان: منیش سوپاسی ئێوە دەکەم بۆ میوانداری من بۆ ئەو بەرنامەیە