لە کەرکووک ژنێک دوای وەرگرتنی دەرزیی تێکەڵە گیانی لەدەست دا

 لە کەرکووک، ژنێکی تەمەن 35 ساڵ پاش وەرگرتنی دەرزییەکی تێکەڵە لە یەکێک لە دەرمانخانەکان، دەستبەجێ گیانی لەدەست دا و هێزە ئەمنییەکانیش دەستیان بە لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە کرد.

دووشەممە 12ـی تشرینی یەکەمی 2026، بەگوێرەی زانیارییەکان سۆران کامەران، پەیامنێری کوردستان24 لە کەرکووک، قوربانییەکە ناوی (ئەحلام خەڵەف حەمزە)یە و دانیشتووی کەرکووکە. ئەحلام بەهۆی تێکچوونی باری تەندروستییەوە بە مەبەستی چارەسەر وەرگرتن سەردانی دەرمانخانەیەکی لە گەڕەکی نیدائی شارەکە کردووە، بەڵام پاش لێدانی دەرزییەکی تێکەڵە دەستبەجێ گیانی لەدەستداوە.

بە گوتەی خانەوادەی قوربانییەکە، ئەحلام بۆ وەرگرتنی چارەسەر چووەتە دەرمانخانەکە، بەڵام راستەوخۆ دوای وەرگرتنی دەرزییە تێکەڵەکە گیانی لەدەست داوە.

هاوکات سەرچاوەیەک لە بنکەی پۆلیسی دۆمیز بە کوردستان24ـی راگەیاند، لێکۆڵینەوەی سەرەتایی لەسەر رووداوەکە دەستیپێکردووە.

 سەرچاوەکەی پۆلیس ئەوەشی خستەڕوو، تەرمی قوربانییەکە بە مەبەستی توێکاریی پزیشکی و دیاریکردنی هۆکاری راستەقینەی مردنەکەی، رەوانەی بەشی پزیشکیی دادوەری لە نەخۆشخانەی ئازادی کراوە، هاوکات پەڕاوی لێکۆڵینەوەی یاسایی بۆ رووداوەکە کراوەتەوە تا رێوشوێنی پێویست بگیرێتە بەر.