هاوسەرۆکی دەم پارتی: نزیکین لە کۆتایی قۆناخی یەکەمی پرۆسەی ئاشتی
تونجەر باکرهان، هاوسەرۆکی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) رایگەیاند، پەکەکە بە فەرمی هێزەکانی خۆی لە خاکی تورکیا کشاندووەتەوە و پرۆسەی ئاشتی لە کۆتایی قۆناخی یەکەمدایە. هاوکات جەختی لەوە کردەوە کە هەرێمی کوردستان دەتوانێت رۆڵی چاودێر و ئاسانکار لە پرۆسەی چەکداناندا بگێڕێت.
دووشەممە 12ـی تشرینی یەکەمی 2026، تونجەر باکرهان، هاوسەرۆکی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) لە هەڤپەیڤینێکی تایبەتدا لەگەڵ کوردستان24 لە پەراوێزی کۆڕبەندی مێری لە هەولێر، سەرنجی خستە سەر دواپێشهاتەکانی پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا، قۆناغەکانی دانوستان، رۆڵی سەرکردایەتیی هەرێمی کوردستان و بارودۆخی رۆژئاوای کوردستان.
سەبارەت بە دۆخی سەربازیی نێوان تورکیا و پارتی کرێکارانی کوردستان، باکرهان ئاشکرای کرد: دوای بانگەوازەکەی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان، هێزەکانی پەکەکە لە خاکی تورکیا کشاونەتەوە، وەک ئەوەی موراد قەرەیلانیش رایگەیاند. ئەمە هەنگاوێکی زۆر گرنگە و نیشانەی جددییەتە، ئێستاش کاتی ئەوەیە دەسەڵاتی تورکیا بە هەمان دڵسۆزی هەنگاو بنێت."
لەبارەی چۆنییەتی و شوێنی دانانی چەک، باکرهان گوتی: پەکەکە بڕیاری خۆی داوە و رێگەی خەباتی دیموکراسی و یاسایی هەڵبژاردووە. بۆ پرۆسەی چەکدانانیش، هەرێمی کوردستان دەتوانێت رۆڵێکی چاودێر یان ئاسانکارێکی زۆر کارا بگێڕێت بۆ ئەوەی زەمینەی گەڕانەوەی ئەندامانی پەکەکە بۆ ناو زێدی خۆیان و بەشداریکردنیان لە ژیانی سیاسی و مەدەنیدا دەستەبەر بکرێت.
هاوسەرۆکی دەم پارتی ئاماژەی بەوە کرد، پڕۆسەی چارەسەری بە رێڕەوێکی باشدا تێپەڕیوە و گوتی: "ئێستا لە قۆناخی یەکەمی پرۆسەکەداین و نزیکین لە کۆتایی ئەم قۆناخە. ئەگەر بە سەرکەوتوویی تێپەڕین، لە قۆناخی دووەمدا گفتوگۆ لەسەر ماف و ئازادییە دیموکراسییەکانی کورد دەکرێت لە زەمینەیەکدا کە چەک بێدەنگ بێت و سیاسەت و یاسا بدوێن."
باکرهان پێشمەرجەکانی چوونی بۆ قۆناخی دووەم خستەڕوو و رایگەیاند، پێویستە دەسەڵات لە تورکیا پێگە و رۆڵی یاسایی ئۆجەلان روون بکاتەوە، قەیوومەکان لەسەر شارەوانییەکان لابدات و هاوسەرۆکە هەڵبژێردراوەکان بگەڕێنێتەوە، زیندانییە سیاسییەکان ئازاد بکات، و دەرفەتی گەڕانەوە بۆ ئەو کوردانە بڕەخسێنێت کە لە هەولێر، سلێمانی و وڵاتانی دەرەوە لە تاراوگەدان. جەختیشی کردەوە، دەبێت دەستوورێکی نوێ و دیموکراتی دابڕێژرێت تا مافەکانی 25 ملیۆن کورد گەرەنتی بکرێن.
تونجەر باکرهان ستایشی رۆڵی سەرکردایەتیی هەرێمی کوردستانی کرد لە پرۆسەی ئاشتیدا و گوتی: لە ماوەی رابردوودا سەرۆک بارزانی و نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و لایەنە سیاسییەکان رۆڵێکی بنیاتنەرانەیان گێڕاوە و دەتوانن بەردەوامیش بن."
باکرهان ئاشکراشی کرد کە لە دوا دیداریاندا لە ئیمراڵی:ئۆجەلان سڵاوی تایبەتی خۆی بۆ هەموو سەرکردەکان باشووری کوردستان و سەرجەم حزب و رێکخراوەکانی هەرێمی کوردستان ناردووە. ئێمە لە سنووری جیاوازدا دەژین، بەڵام خاوەن یەک دڵ و چارەنووسین و پێویستە پشتیوانی یەکتر بین.
سەبارەت بە بارودۆخی سووریا و رۆژئاوای کوردستان، هاوسەرۆکی دەم پارتی رایگەیاند: تاقیکردنەوەی گەورەی سووریای نوێ، مامەڵەکردنە لەگەڵ مافی خوێندن بە زمانی دایک و دابینکردنی مافەکانی کورد. پێویستە تورکیاش رۆڵێکی ئەرێنی لە رۆژئاوا بگێڕێت تا وێنەی لەلای کورد باشتر بێت.
هاوکات ئیدانەی ئاڵۆزییەکانی ئەم دواییەی حەسەکەی کرد و داوای لە دەسەڵاتی دیمەشق و هێزە نێودەوڵەتییەکان کرد رێگری لە گرووپە دژە کوردەکان بکەن و نەهێڵن ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەکە تێکبدەن.
باکرهان گەشبینیی خۆی بۆ سەرکەوتنی پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا دەربڕی و جەختی لەوە کردەوە، شەڕی پەنجا ساڵەی رابردوو هیچ سوودێکی بۆ تورکیا نەبووە و تەنیا بووەتە هۆی داڕمانی ئابووری، بۆیە کاتی ئەوە هاتووە مافەکانی گەلی کورد بە شێوەیەکی دیموکراسیانە چارەسەر بکرێن.