زمانی کوردی بۆ سیستەمی تاقیکردنەوەی مۆڵەتی شۆفێری لە کەرکووک گەڕێندرایەوە

دوای دوو مانگ لە راگیرانی، زمانی کوردی بۆ سیستەمی ئەلیکترۆنیی تاقیکردنەوەی تیۆریی مۆڵەتی شۆفێری لە بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆی کەرکووک گەڕێندرایەوە، و لەمەودوا هاووڵاتییان دەتوانن بە زمانی کوردی بەشداری لە تاقیکردنەوەکاندا بکەن.

دووشەممە 12ـی تشرینی یەکەمی 2026، هێمن دەلۆ، پەیامنێری کوردستان24 لە کەرکووک رایگەیاند، ماوەی دوو مانگ بوو بژاردەی زمانی کوردی لە سیستەمی تاقیکردنەوەی تیۆری (نەزەری) بۆ پێدانی مۆڵەتی شۆفێری لە هاتوچۆی کەرکووک لابرابوو. بەو هۆیەوە هاووڵاتییانی کورد ناچار کرابوون تەنیا بە زمانی عەرەبی وەڵامی پرسیارەکان بدەنەوە، ئەمەش ئاستەنگ و گرفتێکی زۆری بۆ ئەو کەسانە دروست کردبوو کە خوێندنیان بە زمانی کوردی بووە.

لەو بارەیەوە، عەمید عامر نەریمان، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆی کەرکووک لە لێدوانێکدا بۆ کوردستان24 رایگەیاند، بە هەوڵی بەڕێوەبەری هاتوچۆی کەرکووک و دوای هەماهەنگی لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان لە بەغدا، کێشەکە چارەسەر کرا و زمانی کوردی بۆ سیستەمەکە گەڕێندرایەوە.

گوتەبێژی هاتوچۆی کەرکووک راشیگەیاند، سەرجەم ئەو هاووڵاتییانەی دەیانەوێت مۆڵەتی شۆفێری دەربهێنن، دەتوانن لە سێشەممە 13ـی تشرینی یەکەمی 2026ـەوە بە شێوەیەکی فەرمی بە زمانی کوردی بەشداری لە تاقیکردنەوە تیۆرییەکاندا بکەن.