چوارچێوەی هەماهەنگی جەخت لە پاراستنی سەروەریی عێراق دەکاتەوە
چوارچێوەی هەماهەنگی لە کۆبوونەوەی ئاسایی خۆیدا، ستایشی ئامادەباشیی هێزە چەکدارەکانی عێراقی کرد بۆ راوەدوونانی پاشماوەی تیرۆر و کۆنترۆڵکردنی سنوورەکان، هاوکات پشتیوانیی خۆی بۆ سەرجەم ئەو رێکارانە دەربڕی کە سەروەری و ئاسایشی وڵات دەپارێزن.
درەنگانی شەوی دووشەممە، چوارچێوەی هەماهەنگی 299ـەمین کۆبوونەوەی ئاسایی خۆی لە نووسینگەی عەمار حەکیم، سەرۆکی رەوتی حیکمەی نیشتمانی بەست. کۆبوونەوەکە بە ئامادەبوونی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و سەرکردەی فراکسیۆن و هێزە سیاسییەکانی نێو چوارچێوەکە بەڕێوەچوو.
بەشداربووان لە کۆبوونەوەکەدا دوایین پێشهاتە سیاسی، ئابووری و ئەمنییەکانی عێراق و پێشهاتە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکانیان تاوتوێ کرد. سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی راپۆرتێکی سوودانییان سەبارەت بە قۆناخەکانی جێبەجێکردنی پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان بەسەرکردەوە و پیرۆزبایی دەستپێکردنی پڕۆژەی نیشتەجێبوونی دەستپێشخەریی نیشتمانییان کرد.
لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، بەشداربووان جەختیان لەسەر هەماهەنگی و تەواوکاریی نێوان هەردوو دەسەڵاتی جێبەجێکردن و یاسادانان لە وەرزی یاسادانانی ئێستادا کردەوە. ئەو هەنگاوە بە ئامانجی رەنگدانەوەی ئەرێنی لەسەر پەسەندکردنی یاسا گرنگ و لەپێشینەکانە کە پەیوەستن بە ژیانی هاووڵاتییان و رێکخستنی کاری دامودەزگاکانی دەوڵەت.
لە رووی ئەمنییەوە، چوارچێوەی هەماهەنگی دەستخۆشی لە ئامادەباشیی هێزە چەکدارەکان بە هەموو بەش و پێکهاتەکانیانەوە کرد بۆ بەردەوامبوونیان لە راوەدوونانی تیرۆریستان و کۆنترۆڵکردنی سنوورەکان و پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری. چوارچێوەی هەماهەنگی دووپاتیشیکردەوە پشتیوانی لە سەرجەم ئەو هەنگاوانە دەکەن کە سەروەریی عێراق و پاراستنی خاکی وڵات دەستەبەر دەکەن.
سەبارەت بە دۆخی هەرێمی و دەرەکی، راگەیەندراوەکە روونیکردەوە، کۆبوونەوەکە گرژی و ئاڵۆزییەکانی ناوچەکەی تاوتوێ کردووە. چوارچێوەی هەماهەنگی جەختی لەسەر هەڵوێستی نەگۆڕی عێراق کردەوە بۆ پشتگیریکردنی هێورکردنەوەی دۆخەکە و چارەسەرکردنی قەیرانەکان لە رێگەی دیالۆگی دیپلۆماسییەوە، بە مەبەستی پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاکانی نیشتمان و دوورخستنەوەی عێراق لە لێکەوتەکانی ململانێ هەرێمی و نێودەوڵەتییەکان.