ترەمپ: باوەڕ ناکەم رووسیا و چین هاوکاریی ئێران بکەن
ترەمپ: رووسیا بۆ ئاگربەست لە ئۆکرانیا بە پەرۆشترە
سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، پێی وانییە چین و رووسیا هاوکاریی ئێران بکەن. ترەمپ روونیکردەوە، ئەگەر هەر جۆرە هاوکارییەک بۆ تاران هەبێت، ئەمریکا لێی ئاگادار دەبێتەوە.
ئەمڕۆ سێشەممە، 13ـی تشرینی یەکەمی2026 دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە پلاتفۆڕمی تروس سۆشیال نووسیویەتی، چەندین لێدوانی کەسانی گێل و شێتی چەپی توندڕەوی بینیوە کە بانگەشەی ئەوە دەکەن چین و رووسیا هاوکاریی ئێران دەکەن. جەختیکردەوە، ئەگەر هاوکاریی ئێران بکەن، هاوکارییەکەیان لە ئاستێکی زۆر نزمدا دەبێت، بەڵام بڕوای وانییە بە هیچ شێوەیەک هاوکاریی بکەن، چونکە مەترسیی لەدەستدانی زۆر شتیان لەسەرە و ئەگەر شتێکی لەو جۆرە روویدایە، ئەمریکا زۆر بە خێرایی لێی ئاگادار دەبوو.
پێشتر ترەمپ لە نیسانی رابردوو گوتبووی چین رازی بووە چەک بۆ ئێران دابین نەکات، ئەوەش هاوکات بوو لەگەڵ بڵاوبوونەوەی راپۆرتێک سەبارەت بەوەی بەیژینگ بیر لە گواستنەوەی چەک بۆ ئێران دەکاتەوە.
سەبارەت بە جەنگی ئۆکرانیا، ترەمپ پێی وایە ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا زیاتر لە ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا دەیەوێت بگاتە رێککەوتن. ترەمپ هیچ ئامادەیییەکی بۆ فشارخستنەسەر رووسیا بەهۆی جەنگەکەوە نیشان نەدا، بەڵکو تیشکی خستە سەر ئەوەی پێویستە ئۆکرانیا هەوڵی زیاتر بدات بۆ گەیشتن بە رێککەوتن.
کاتێک رۆژنامەنووسێک پرسیاری لێکرد سەبارەت بە هێرشی رووسیا بۆ سەر دامەزراوەکانی وزە، ترەمپ گوتی: "دەبێت چاو بەو بابەتەدا بخشێنمەوە و بەدواداچوونی بۆ بکەم، چونکە پێشێلکاری لە هەردوو لا هەیە". لە وەڵامی پرسیارێکیشدا سەبارەت بە چۆنیەتیی رازییکردنی پووتین بە پابەندبوون بە ئاگربەست، گوتی: "پێم وایە ئەو دەیەوێت بگاتە رێککەوتن، دەبێت زێلێنسکیش رازی بکەین بیەوێت بگاتە رێککەوتن".
کاتێک لە ترەمپ داوا کرا روونی بکاتەوە بۆچی پێی وایە پووتین سەرباری بەردەوامیی هێرشەکان دەیەوێت رێککەوتن بکرێت، دیسان رەتی کردەوە رەخنە لە کرێملین بگرێت و دووپاتیکردەوە: "پێم وایە دەگەنە رێککەوتن، تەنانەت پێم وایە پووتین زیاتر لە زێلێنسکی دەیەوێت رێککەوتن بکرێت".
دوێنێ دووشەممە، زێلێنسکی لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا، داوای لە ئەمریکا کرد دڵنیایی بدات رووسیا بەو ئاگربەستە پابەند دەبێت کە ترەمپ رایگەیاندووە و تەنیا دامەزراوەکانی وزە دەگرێتەوە. زێلێنسکی گوتی: "چاوەڕێی هەنگاوی کردەیی ئەمریکییەکان دەکەین".
سەرۆکی ئۆکرانیا روونیکردەوە، راگەیاندنی یەکشەممەی ترەمپ سەبارەت بە راگرتنی دەستبەجێی هێرشەکان بۆ سەر ژێرخانی وزە لە رووسیا و ئۆکرانیا، جێگەی سەرسوڕمان بووە بۆ کیێڤ، چونکە هیچ زانیارییەکی پێشوەختەیان لەسەر ئەو رێککەوتنە نەبووە کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکراوەتەوە. گوتیشی: "دوابەدوای بڵاوبوونەوەی ئەو پەیامە، رووسیا هێرشێکی بە ئەنقەستی کردە سەر وێستگەیەکی کارەبا لە خارکیڤ، ئەوەش زیانی زیاتری بە سیستەمی وزەی ئێمە گەیاند".