ترەمپ: لە بەئامانجگرتنی سەرکردەکانی ئێران زیادە رۆیی زۆر کراوە
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، پێیوایە واشنتن لە ئامانجگرتنی سەرکردەکانی ئێران زیادەڕۆیی کردووە و دەبوو لە ئاستی یەکەم یان دووەمی گرژییەکاندا کۆتایی بە کردە سەربازییەکان بهێنایە.
سێشەممە، ترەمپ لە لێدوانێکدا گوتی، لە سایەی ئەو جەنگەی ئەمریکا و ئیسرائیل دژی ئێران بەرپایان کردووە و چووەتە مانگی هەشتەم، روون نییە ئێران لەلایەن کێوە بەڕێوەدەبرێت. سەرۆکی ئاماژەی بەوە کرد، سەرکردەکانی پلەی یەکەم و دووەمی ئێران لە ناوچوون.
لە وەڵامی ئەو قسانەدا، ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران جەختی کردەوە: "واشنتن بە باشی دەزانێت کێ بەرامبەرەکەیەتی و سیستەمی بڕیاردان لە وڵاتەکەمان چۆن کار دەکات". بەگوێرەی رۆژنامەی شەرقولئەوسەت، بەقایی کێشەی راستەقینەی بە تێکچوونی هەڵوێستی بەرپرسانی ئەمریکا و لێکدژیی پەیامەکانیان وەسف کرد.
مانگی تەممووزی رابردوو لە لووتکەی ناتۆ لە ئەنقەرە، ترەمپ باسی ئاستەکانی سەرکردایەتیی ئێرانی کرد و رایگەیاند، پێیوایە سەرکردە ئێستاکان بەراورد بە ئاستی یەکەم و دووەم، زۆر عەقڵانیترن. رۆژنامەی واشنتن ئیگزامینەر لە زاری ترەمپەوە بڵاویکردەوە، ئاستی یەکەم و دووەم کۆتاییان هاتووە و ئێستاکە ئاستی سێیەمی سەرکردایەتیی ئێران دەسەڵاتدارە، هاوکات ئەوەشی خستەڕوو کە دڵنیا نییە ئایا دەیەوێت رێککەوتنێک لەگەڵیان بکات یان نا.
لە هەمان لووتکەدا، ترەمپ ئاشکرایکرد، ئاگربەست لەگەڵ ئێران کۆتایی هاتووە. ئەو سەرکردەکانی ئێرانی بە ناوی سووک وەسف کرد و دانوستانەکانیشی بە بەفیڕۆدانی کات دانا؛ ئەم هەڵوێستە دوای ئەوە هات کە گرژیی سەربازیی توند لە نێوان هەردوو وڵات روویدا.
تۆڕی فۆکس نیوز بڵاویکردەوە، کۆشکی سپی کوژرانی 49 لە سەرکردە باڵاکانی ئێرانی لە قۆناخی دەستپێکی هەڵمەتە سەربازییەکەدا راگەیاندووە. هێرشەکان عەلی خامنەیی، رێبەری باڵای ئێران، عەلی لاریجانی، ئەمینداری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی، سەرۆکی ئەنجوومەنی بەرگری، فەرماندەی سوپای پاسداران، سەرۆکی ئەرکان و سەرۆکی هێزەکانی بەسیجی گرتووەتەوە.
بەگوێرەی تۆڕی ئەی بی سی نیوز، ویلایەتە یەکگرتووەکان و ئێران یاداشتێکی لێکگەیشتنیان واژۆ کردبوو کەتێیدا بەڵێنیان دابوو لە ماوەی 60 رۆژدا کار بۆ رێککەوتنێکی کۆتایی بکەن، بەڵام پاش ئەوەی ترەمپ کۆتاییهاتنی رێککەوتنەکەی راگەیاند، هەردوو وڵات گەڕانەوە سەر ئاڵوگۆڕی هێرشەکان. تۆڕەکە لە زاری سەرچاوەیەکی ئاگادارەوە گواستییەوە، ترەمپ هەڕەشەکانی بۆ هەڵگیرساندنی گرژییەکی گەورەی سەربازی بۆ بەرژەوەندیی هەوڵە دیپلۆماسییەکان بۆ کردنەوەی گەرووی هورمز دواخستووە، ئەمەش دوای ئەوەی راوێژکارە باڵاکانی، لەنێویاندا جێگری سەرۆک، نیگەرانیی خۆیان دەربڕیبوو.