بومەلەرزەیەکی نوێ بە گوڕی 6.4 پلەی رێختەر لە کەناراوەکانی پەنەما روویدا
بوومەلەرزەیەکی نوێ بە گوڕی 6.4 پلە بە پێوەری رێختەر کەناراوەکانی پەنەمای هەژاند. ناوەندی بوومەلەرزەکە 32 کیلۆمەتر لە باشووری رۆژئاوای سونا تۆمارکراوە و ئەم رووداوە سێ رۆژ دوای بوومەلەرزەیەکی بەهێزتر بە گوڕی 7.2 پلەی رێختەر دێت، کە زیانی بە دەیان خانووی ناوچەکە گەیاندبوو.
پەیمانگەی زانستەکانی زەوی سەر بە زانکۆی پەنەما، لە ماڵپەڕی فەرمیی خۆیدا داتاکانی بوومەلەرزەکەی بەم شێوەیە روونکردەوە: بوومەلەرزەکە 6.4 پلەی رێختەر. قوڵایی: 5 کیلۆمەتر، ناوەندی بوومەلەرزەکە لە کەناراوەکانی وڵات لەسەر زەریای هێمن و نزیک ناوچەکانی ڤێراغواس و چیریکی بووە.
پەیمانگەکە بڵاویکردەوە، بوومەلەرزەکەی پێشوو بە گوڕی 7.2 پلە و لە قوڵایی چوار کیلۆمەتر، لە 39 کیلۆمەتری باکووری رۆژئاوای تۆنوسی روویداوە. دەستەی لێکۆڵینەوەی جیۆلۆجیی ئەمریکا گوڕی بوومەلەرزەکەی 9ـی ئۆکتۆبەری بە 7.7 پلەی رێختەر مەزەندە کردووە. نێستۆر لۆکی، بەڕێوەبەری پەیمانگەی زانستەکانی زەوی رایگەیاند، ژمارەی پاشلەرزەکان 350 پاشلەرزەی تێپەڕاندووە. لۆکی پێشبینی کردووە ئەم پاشلەرزانە تا کاتی جێگیربوونی ناوچەی کەلێنەکە بەردەوام بن.
پرۆسەی پشکنینی ناوچە زیانلێکەوتووەکان لە پەنەما بەردەوامە. بەگوێرەی ئامارە سەرەتاییەکانی سیستەمی نیشتمانیی بەرگریی شارستانی (سینابرۆک)، 90 خانوو لە چیریکی زیانیان بەرکەوتووە، کە 62 خانوو زیانیان پێگەیشتووە و 28 خانوو بە تەواوی رووخاون. پشکنینەکان لە سان ڤێلیکس، ریمیدیۆس، تۆلی و ناوچە نیشتەجێبوونەکانی نغابی-بوغلی تایبەت بە دانیشتووانە رەسەنەکان بەردەوامن و پێشبینی دەکرێت ژمارەی خانووە زیانلێکەوتووەکان زیاتر ببێت.
ئامارێکی پێشووی بەرگریی شارستانی لە ئاستی نیشتمانیدا ئاماژەی بە برینداربوونی 27 کەس، گواستنەوەی 300 کەس و زیانلێکەوتنی زیاتر لە 400 دامەزراوە کرد، لەنێویاندا 142 خانوو و 188 قوتابخانە، بەبێ تۆمارکردنی حاڵەتی گیانلەدەستدان.
هاوکات لە باکووری رۆژئاوای مەکسیک، زریانی خولگەیی "راشیل" بووە هۆی گیانلەدەستدانی چوار کەس. نووسینگەی داواکاری گشتیی ویلایەتی باها کالێفۆرنیا رایگەیاند، قوربانییەکان ئەندامی یەک خێزانن و لەنێویاندا دوو مێرمنداڵ هەن، کە بەهۆی لافاوی بارانە بەخوڕەکانەوە گیانیان لەدەستداوە. تەرمی قوربانییەکان لە دەوروبەری ئینسینادا دۆزرانەوە.
سەرەڕای کەمبوونەوەی کاریگەریی زریانەکە، هێشتا پێنج کەس بێسەروشوێنن. هێزە ئەمنییەکان 32 کەسیان لە ناوچە جیاوازەکان رزگار کردووە کە بەهۆی بەرزبوونەوەی ئاستی ئاو گیریان خواردبوو و زۆربەیان بە بەکارهێنانی کۆپتەر گواستراونەتەوە. لە ویلایەتی گێرێرۆی مەکسیک، زریانی سێیمۆن بووە هۆی گیانلەدەستدانی کەسێکی تەمەن 71 ساڵ بەهۆی رووخانی دیوار، ئیڤلین سالغادۆ، حاکمی ویلایەتەکە ئەم هەواڵەی پشتڕاستکردەوە.
زریانەکە لە کاتی تێپەڕبوون بە ناوچە شاخاوییەکاندا خێرایی باکەی کەمبووەوە و رێڕەوەکەی گۆڕی. دوایین بڵاوکراوەی ناوەندیی نیشتمانیی زریانەکانی ئەمریکا پێشبینی دەکات زریانەکە لە کەناراوەکانی مەکسیک دووربکەوێتەوە، لەگەڵ ئەگەری گەیشتنی بە کەناراوەکانی ویلایەتی سینالوا لە ئێوارەی چوارشەممە. شارەزایان پێشبینی وەرزێکی زریانێکی توندتر دەکەن بەهۆی دیاردەی کەشناسیی "ئێل نینۆ" کە دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرمیی ئاوی زەریای هێمن.