گۆرانیبێژێکی بەناوبانگی تورکیا بە ملپێچی ئامەدسپۆرەوە چووە سەر ستەیج

گۆرانیبێژێکی ناسراوی تورکیا لە کۆنسێرتێکدا لە شاری دیاربەکر ملپێچی یانەی ئامەدسپۆری کردە مل و ئەم کارەشی کاردانەوەیەکی زۆری لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لێ کەوتەوە.

سێفۆ، گۆرانیبێژی ناسراوی تورکیا، لە چوارچێوەی فێستیڤاڵی رێگەی کەلتووریی دیاربەکر کۆنسێرتێکی سازکرد. لە کاتی بەڕێوەچوونی ئاهەنگەکەدا ئەو گۆرانیبێژە بە ملپێچی یانەی ئامەدسپۆرەوە چووە سەر ستەیج.

سێفۆ لەبەردەم هەزاران ئامادەبوودا، کۆمەڵێک لە ناسراوترین گۆرانییەکانی خۆی پێشکەش کرد. دەرکەوتنی ئەو هونەرمەندە بە ملپێچی ئامەدسپۆرەوە جۆش و خرۆشی ئامادەبووانی زیاتر کرد. ئەم هەنگاوەی سێفۆ لەلایەن ئامادەبووانەوە بە چەپڵە و دروشمی گەرم پێشوازیی لێ کرا.

وێنە و ڤیدیۆکانی ئەو ئاهەنگە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا لەلایەن بەکارهێنەرانەوە بڵاوکرانەوە و دەنگدانەوەیەکی زۆری دروست کرد.

 

 

 سێفۆ یەکێکە لە هەرە ناوە دیارەکانی گۆرانیی پۆپ لە تورکیا و ڤیدیۆکلیپەکانی لەلایەن ملیۆنان کەسەوە بینەریان هەیە.

فێستیڤاڵی رێگەی کەلتووریی دیاربەکر جگە لە سازکردنی کۆنسێرت، چەندان چالاکیی جۆراوجۆری هونەری و کەلتووری لەخۆ دەگرێت، چالاکییەکانی فێستیڤاڵەکە لە دیاربەکر بەردەوامن.

سێفۆ، ناوی تەواوی سەیفوڵڵا ساغرە و لەدایکبووی شاری سامسونە لە تورکیا. ئەو گۆرانیبێژە لە ماوەی رابردوودا بەرهەمە مۆسیقییەکانی ناوبانگێکی زۆریان پەیدا کردووە. 

یانەی ئامەدسپۆر یەکێکە لە یانە کوردەکانی باکووری کوردستان و هاندەرێکی زۆری هەیە. لەم وەرزەدا یانەکە لە خولی پلە یەکی تورکیا یاری دەکات، ئاستێکی زۆر باش پێشکەش دەکات و تا ئێستا یەکەمی خولەکەیە.