رێبەر ئەحمەد: کشانەوەی هاوپەیمانان بڕیارێکی سیاسی بوو، نەک ئەمنی
وەزیری ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، بڕیاری کشانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانان لە عێراق زیاتر سیاسییە و جەختی کردەوە، هێشتا مەترسیی گەڕانەوەی داعش ماوە و چەند هەڕەشەیەکی دیکەی وەک ماددە هۆشبەرەکان بەرۆکی وڵاتیان گرتووە.
ئەمڕۆ سێشەممە، 13ـی تشرینی یەکەمی 2026، رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە پانێلێکی دیداری مێری لە شاری هەولێر، تیشکی خستە سەر پرسی کشانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانان بە سەرۆکایەتیی ئەمریکا و چەند پرسی دیکەی گرنگی پەیوەست بە ئاسایشی ناوخۆیی و ناوچەیی.
وەزیری ناوخۆ ئاماژەی بەوە دا، هۆکاری هاتنی هێزەکانی هاوپەیمانان بۆ عێراق لە ساڵی 2014 بۆ پێویستی و داواکارییەکی فەرمیی حکوومەتی فیدراڵی لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەگەڕێتەوە. ئەوەی خستەڕوو، دوای کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە ساڵی 2011، عێراق بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەڕەشەکانی داعش پێویستی بە پاڵپشتی هەبوو، لەسەر ئەو بنەمایەش هاوپەیمانییەکی نێودەوڵەتی بە سەرکردایەتیی ئەمریکا و بەشداریی چەند وڵاتێکی ئەوروپا پێکهێنرا بۆ ئەوەی پشتیوانیی پێداویستییەکان، ئاسمانی و هەواڵگری پێشکەش بە دامەزراوە ئەمنییەکان بکەن.
رێبەر ئەحمەد سوپاسی رۆڵی هێزەکانی هاوپەیمانانی کرد لەسەر ئاستی کۆمەڵگە، دامەزراوە حکوومییەکان و دامەزراوە ئەمنی و سەربازییەکان، گوتی، ئەوان ئەزموونێکی بەرزیان پێشکەش بە عێراق کرد و بەشدارییان لە بەرگریکردن لە وڵاتدا کرد. باسی لەوە کرد، بە هاوکاریی هاوپەیمانان و بەتایبەتی پاڵپشتییە ئاسمانییەکانیان، هێزەکانی پێشمەرگە و سوپای عێراق توانیان داعش تێکبشکێنن و پشتیان بشکێنن، ئەگەر ئەو پاڵپشتییە ئاسمانییە نەبووایە، دۆخەکە بەم شێوەیەی ئێستا نەدەبوو.
رێبەر ئەحمەد رەتیکردەوە مەترسییەکانی داعش کۆتاییان هاتبێت، گوتی، داعشی ئەمڕۆ لە پێش ساڵی 2014 بەهێزترە و هەڕەشەکە هێشتا مەترسیدارە. ئەوەشی خستەڕوو، بیروباوەڕی توندڕۆیی هێشتا لە عێراقدا ماوە و زەمینە بۆ گەڕانەوەیان لەبارە ئەگەر حکوومەتەکان خزمەتگوزارییەکان باشتر نەکەن و رێز لە جیاوازیی پێکهاتەکان نەگرن. جەختیشی کردەوە، ئەم کشانەوەیە بەرپرسیارێتییەکی گەورە دەخاتە ئەستۆی عێراق.
سەبارەت بە هەوڵەکان بۆ دەرکردنی ئەو هێزانە، رێبەر ئەحمەد رایگەیاند، چوونەدەرەوە یان کشانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانان لەسەر داواکاریی عێراق، زیاتر بڕیارێکی سیاسییە وەک لەوەی ئەمنی بێت. پرسیاری ئەوەشی کرد، ئایا دامەزراوە سەربازی و ئەمنییەکانی عێراق ئامادەن بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئاستەنگەکان؟ لە وەڵامدا ئەوەی روون کردەوە، هەرچەندە دۆخەکە جیاوازە لە ساڵی 2014، بەڵام بێگومان هێشتا دامەزراوە ئەمنی و سەربازییەکان پێویستیان بەو پاڵپشتییە هەیە، ئەگەر پرسیار لە دامەزراوە ئەمنییەکان بکرێت، وەڵامێکی جیاوازیان لەو سیاسەتمەدارانە دەبێت کە فشاریان بۆ چوونەدەرەوەی هاوپەیمانان کرد.
وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان تیشکی خستە سەر هەڕەشە نوێیەکانی سەر عێراق، ئاماژەی بەوە دا، تەنیا داعش مەترسی نییە، بەڵکوو تاوانە سنووربەزێنەکان، تاوانی رێکخراو، گەندەڵی و ماددە هۆشبەرەکان ئاستەنگی گەورەن. لەم بارەیەوە جەختی کردەوە، کاریگەریی ماددە هۆشبەرەکان گەورەترە لە تیرۆر، بەهۆی ئەوەی بەشێوەیەکی پلەبەندی خێزان و کۆمەڵگە وێران دەکات.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا رێبەر ئەحمەد هۆشداری دا لە پچڕانی ئەو توانایانەی لە رێگەی هاوپەیمانانەوە دەست دامەزراوە ئەمنییەکان دەکەوتن. باسی لەوە کرد، پێشنیاز هەبوو بۆ حکوومەتی فیدراڵی تاوەکوو رێککەوتنی دووقۆڵی لەگەڵ ئەمریکا و وڵاتانی ئەوروپا واژۆ بکات، بەڵام ئەم بژاردەیە رەچاو نەکرا.
وەزیری ناوخۆ جەختی لەسەر پێویستیی ئەو رێککەوتنانە کردەوە، رایگەیاند، دۆسیەی ئەمنی لە ناوخۆدا پارچە پارچە ناکرێت و عێراق ناتوانێت لە مامەڵە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکان داببڕێت، بەڵکوو پێویستی بە مەشق، پاڵپشتیی هەواڵگری و پڕچەککردن هەیە و بەدەستهێنانی ئەم شتانە ئاسانتر بوو وەک لە ناچارکردنی هاوپەیمانان بۆ چوونەدەرەوە لە عێراق.