دەستپاکی فیدراڵ رێگریی لە بەفیڕۆدانی نزیکەی 24 ملیار دیناری سامانی گشتیی دەکات

دەستەی دەستپاکی فیدراڵ رایگەیاند، بەهۆی رێکارەکانی لێکۆڵینەوە و وردبینییەکان، رێگریی لە بەفیڕۆدانی نزیکەی 24 ملیار دیناری گشتی لە یەکێک لە فەرمانگەکانی وەزارەتی گواستنەوە لە پارێزگای بابل کراوە.

ئەمڕۆ سێشەممە، 13ـی تشرینی یەکەمی 2026، دەستەکە لە راگەیەندراوێکدا روونیکردەوە، تیمەکانیان لە فەرمانگەی تۆماری خانووبەرەی بابل توانیویانە پرۆسەی تۆمارکردنی 57 موڵکی سەر بە کۆمپانیای گشتیی هێڵی ئاسنینی عێراق رابگرن، ئەو موڵکانە بە نرخێکی زۆر کەمتر لە بەهای راستەقینەیان بۆ ژمارەیەک فەرمانبەر خەمڵێنرابوون و بە نیازبوون بیانفرۆشن. بەهای ئەو موڵکانە 23 ملیار و 986 ملیۆن و 390 هەزار دینار بووە.

لێکۆڵینەوەکان دەریانخستووە، ئەو هەنگاوە پێچەوانەی ماددە و بڕگەکانی یاسای فرۆشتن و بەکرێدانی موڵکەکانی دەوڵەت ژمارە 21ی ساڵی 2013 بووە. لەو ژمارەیەش 31 موڵک بە تەواوی موڵکی دەوڵەت بوون و 26 موڵکەکەی دیکەش بە شێوەی بێ جیاکردنەوە مامەڵەیان پێوە کراوە.

دەستەی دەستپاکی ئاماژەی بەوەش داوە، بەدواداچوونەکان بووە هۆی ئەوەی فەرمانگەی تۆماری خانووبەرە لەو پارێزگایە خۆی لە تەواوکردنی رێکارەکانی تۆمارکردن و فرۆشتنی موڵکەکان بەو نرخە نایاساییە بەدوور بگرێت.

دادگای لێکۆڵینەوەی حللە، کە تایبەتە بە دۆسییەکانی گەندەڵی، بڕیاریدا پەیوەندی بە بەشی یاسایی وەزارەتی گواستنەوە بکرێت. ئامانجی دادگا لەو رێکارە دیاریکردنی بنەمای یاسایی ئەو خەمڵاندنە نادروستە و بەردەوامی لێکۆڵینەوەکانە بۆ دۆزینەوەی ئەو کەسانەی لەو پێشێلکارییەدا دەستیان هەبووە و رووبەڕووی یاسایان دەکاتەوە.