قاسم عەبوودی: ئەمریکا بڕیاریی گەمارۆ و هێرشی بۆسەر عێراق دابوو بەڵام فریاکەوتین
راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق رایگەیاند، ئەمریکا پێشتر عێراقی لە ریزبەندی نەیارەکانی خۆیدا دانابوو و بڕیاری هێرشی سەربازی و گەمارۆدانی ئەو وڵاتەی دابوو، بەڵام بەغدا توانی لە رێگەی دروستکردنی هاوبەشیی ئابووری لەگەڵ واشنتن، ئەو مەترسییە دوور بخاتەوە.
ئەمڕۆ سێشەممە، 13ـی تشرینی یەکەمی 2026، قاسم عەبوودی لە پەراوێزی دیداری مێری کە لە هەولێر بەرێوەدەچێت گوتی "پێویستە عێراق دەرگای خۆی بۆ هەمووان بکاتەوە"، روونیکردەوە، بەر لە حکوومەتەکەی عەلی زەیدی، عێراق لە گۆشەگیری یان نیمچە گۆشەگیریدا بووە و کاتێکیش بە یاوەریی سەرۆکوەزیران سەردانی ئەمریکایان کردووە، بەرەوڕووی گوتارێک بوونەتەوە کە عێراقیان وەک دوژمن پۆڵێن کردبوو.
راوێژکارەکەی ئاسایشی نیشتمانیی عێراق ئاشکرایکرد، ئەمریکییەکان پێیان راگەیاندوون، بڕیاری بۆردومانکردن و گەمارۆدانی عێراقیان دابوو، بەڵام بە کردەوە ئەو ناکۆکییەیان بۆ دۆستایەتی و هاوبەشیی ئابووری گۆڕیوە و گرێبەستی گەورەیان لەگەڵ لایەنی ئەمریکی واژۆکردووە.
عەبوودی جەختیکردەوە، گرنگە لایەنی ئەمریکی بەرژەوەندیی لە عێراقدا هەبێت و ئەو بەرژەوەندییە نابێت سەربازی بێت، بەڵکو دەبێت ئابووری بێت، هاوکات باسی لەوەشکردووە، گرێبەستی وزەیان بە بڕی یەک ترلیۆن دۆلار لەگەڵ ئەمریکا واژۆکردووە.