قاسم عەبوودی: هەماهەنگیمان لەگەڵ هەرێمی کوردستان لە باشترین ئاستیدایە

راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی عێراق دڵنیایی دەدات لەوەی دوای کشانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانان، دۆخی وڵات بەتەواوی ئارامە و هێزە عێراقییەکان ئامادەییان هەیە، هەروەها جەخت لەوە دەکاتەوە هەماهەنگیی ئەمنیی نێوان بەغدا و هەرێمی کوردستان لە باشترین ئاستدایە و بەرهەمدارە.

ئەمڕۆ سێشەممە، 13ـی تشرینی یەکەمی 2026، قاسم عەبوودی، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی عێراق لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ هۆشمەند سادق، پەیامنێری کوردستان24، باسی لە دۆخی وڵات دوای کشانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانان کرد و رایگەیاند، دۆخی عێراق ئارام و جێگیرە و پێداچوونەوەیەکی بەردەوام بۆ ئاستی ئامادەیی سەرجەم هێزە ئەمنی و حکوومییەکان دەکرێت، بۆ ئەوەی هەر بۆشاییەک پڕ بکرێتەوە ئەگەر دوای کشانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانان دروست بووبێت.

قاسم عەبوودی ئاماژەی بەوە دا، ئەمڕۆ کاتژمێر 02:00ـی پاشنیوەڕۆ کۆبوونەوەیەکی گرنگ بە سەرپەرشتیی سەرۆکوەزیران عەلی زەیدی بەڕێوەدەچێت، کە مەبەست لێی پێداچوونەوەی کۆتاییە بە ئامادەیی هێزە ئەمنییەکان. ئەو بەرپرسە ئەمنییە گوتی، "من خۆم سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی بریکارانی وەزارەتە ئەمنییەکان و دامەزراوە ئەمنییەکان دەکەم، کۆبوونەوەی چڕوپڕمان کردووە و ئەو لایەنانە بە وردی ئامادەیی خۆیان بۆ پاراستنی خاکەکەمان خستووەتەڕوو". 

هەروەها باسی لەوە کرد، هێزە عێراقییەکان ئامادەییەکی زۆر بەرزیان هەیە و ئەزموونێکی کەڵەکەبووی باشیان لە ئەنجامی مەشق و ئاڵوگۆڕی زانیاری لەگەڵ هێزەکانی هاوپەیمانان بەدەستهێناوە، بۆیە بارودۆخەکە جێگەی دڵنیاییە.

سەبارەت بە ئاستی پەیوەندییەکان لەگەڵ هەرێمی کوردستان، قاسم عەبوودی ئەوەی خستەڕوو، پەیوەندیی نێوان حکوومەتی فیدراڵی و حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە باشترین ئاستدایە و هەماهەنگییەکی زۆر بەرز لە دۆسیە جیاوازەکان و بەتایبەتی دۆسیە ئەمنییەکاندا هەیە. گوتیشی، "من سەرۆکایەتیی لیژنەی باڵای ئەمنی تایبەت بە پەیوەندییەکانی نێوان عێراق و ئێران دەکەم، هەرێمی کوردستان ئەندامێکی سەرەکییە لەگەڵماندا لەم لیژنەیەدا، بۆیە هەماهەنگییەکە باش و نایاب و بەرهەمدارە".

ئەمە لە کاتێکدایە، پەیوەندییەکانی عێراق و ئەمریکا لە ساڵی 2026 پێی نایە قۆناخێکی نوێوە، دوای ئەوەی بەغدا و واشنتن رێککەوتن لەسەر کۆتاییهێنان بە ئەرکی سەربازیی هێزەکانی هاوپەیمانانی نێودەوڵەتی. رۆژی 30ـی ئەیلوولی ئەمساڵ، هێزەکانی ئەمریکا کۆتا بنکەی سەربازیی خۆیان لە هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان چۆڵکرد و بە شێوەیەکی فەرمی کۆتاییهاتنی ئەرکی خۆیان لە عێراق راگەیاند.  

 

دەقی پرسیارەکانی پەیامنێری کوردستان24 و وەڵامەکانی قاسم عەبوودی: 

  • پەیامنێری کوردستان24: پرسیاری یەکەم، دوای کشانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانان بارودۆخی عێراق چۆنە؟
  •  قاسم عەبوودی: لە راستیدا بارودۆخی عێراق، سوپاس بۆ خوا، ئارام و جێگیرە. پێداچوونەوەیەکی خولی (بەردەوام) هەیە بۆ ئاستی ئامادەیی هێزە حکوومییەکان و هێزە ئەمنییەکان بە هەموو جۆرەکانیانەوە، بۆ پڕکردنەوەی هەر بۆشاییەک ئەگەر دوای کشانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانان مابێتەوە.

ئەمڕۆ کاتژمێر 02:00ـی پاشنیوەڕۆ کۆبوونەوەیەکی گرنگ هەیە کە بەڕێز سەرۆکوەزیران سەرپەرشتی دەکات، بۆ پێداچوونەوەی کۆتایی بە ئامادەیی هێزە ئەمنییەکان. من خۆم سەرۆکایەتیی "ئەنجوومەنی بریکارانی وەزارەتە ئەمنییەکان و دامەزراوە ئەمنییەکان" دەکەم؛ کۆبوونەوەی چڕوپڕمان هەبووە و خستنەڕوویەکی ورد لەلایەن ئەم لایەنانەوە پێشکەش کراوە کە ئامادەیی خۆیان بۆ پاراستنی خاکەکەمان نیشان دەدەن. لە راستیدا ئامادەییەکی زۆر بەرز هەیە، هەروەها ئەزموونێکی کەڵەکەبووش لای ئەم هێزانە هەیە کە لە ئەنجامی مەشق و راهێنان و مامەڵەکردن و ئاڵوگۆڕی ئەزموون لەگەڵ هێزەکانی هاوپەیمانان بەدەستیان هێناوە، بۆیە بارودۆخەکە جێگەی دڵنیاییە پشت بە خوا.

  •  پەیامنێری کوردستان24: پرسیاری دووەم، ئاستی هەماهەنگیتان لەگەڵ هەرێمی کوردستان چۆنە؟
  •  قاسم عەبوودی: بێگومان دۆخەکە یان پەیوەندیی نێوان حکوومەتی فیدراڵی و حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە باشترین ئاستیدایە و هەماهەنگییەکی زۆر بەرز هەیە لە دۆسیە جیاوازەکاندا، بەتایبەتی دۆسیە ئەمنییەکان. من خۆم سەرۆکایەتیی "لیژنەی باڵای ئەمنی" تایبەت بە پەیوەندییەکانی نێوان عێراق و ئێران دەکەم، و هەرێمی کوردستان ئەندامێکی سەرەکییە لەگەڵماندا لەم لیژنەیەدا، بۆیە هەماهەنگییەکە باش و نایاب و بەرهەمدارە.