چارەنووسی کابینەی نوێی عێراق بە رێککەوتنی لایەنەکان بەستراوەتەوە
بڕیارە کۆتایی هەفتە چارەنووسی کابینەی زەیدی یەکلایی ببێتەوە
پەرلەمانی عێراق خۆی بۆ کۆبوونەوەیەک ئامادە دەکات کە ئامانج لێی دەنگدانە لەسەر تەواوکردنی کابینەی حکوومەتی عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، بەو مەرجەی تا کۆتایی ئەمڕۆ و سبەی رێککەوتنی کۆتایی لەبارەی بەربژێرەکانەوە بکرێت.
دوو سەرچاوەی ئاگادار لە چوارچێوەی هەماهەنگی بە کوردستان24-یان راگەیاند، سەرکردەکانی ئەو چوارچێوەیە بە شێوەیەکی سەرەتایی رێککەوتوون لە ئەگەری یەکلاییبوونەوەی بەربژێری وەزارەتەکان، پێنجشەممەی ئەم هەفتەیە کۆبوونەوەی پەرلەمان بۆ تەواوکردنی کابینەکە بکرێت.
بە گوێرەی زانیارییەکانی کوردستان24، هێشتا لایەنە سیاسییەکان لەنێوان سووننە و شیعەکاندا نەگەیشتوونەتە رێککەوتنی کۆتایی. لە پێکهاتەی سووننەدا، هاوپەیمانیی تەقەدووم سوورە لەسەر گۆڕینی بەربژێری هاوپەیمانیی عەزم بۆ وەزارەتی پلاندانان. لەنێو شیعەکانیشدا، ناڕەزایەتییەکان بەرامبەر بە بەربژێرکردنی یاسر سخێل لەلایەن هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا بۆ وەزارەتی ناوخۆ رووی لە زیادبوون کردووە.
سەرچاوەکان روونیکردەوە، گفتوگۆکان بەردەوامن و تەنیا چەند ناوێکی دیاریکراو یەکلایی بوونەتەوە و ئەگەری هەیە تا دوا کاتەکان گۆڕانکاری لە هەندێک ناودا رووبدات. هەردوو وەزارەتی بەرگری و ناوخۆ یەکلایی بوونەتەوە و تەنیا دۆسیەی وەزارەتی پلاندانان ماوە کە چاوەڕوان دەکرێت لەم یەک دوو رۆژەدا و پێش دەستپێکردنی کۆبوونەوەکە چارەسەر بکرێت. هاوکات ئەندامانی چوارچێوەی هەماهەنگی لەسەر ئەوە رێککەوتوون کە سەرۆکوەزیران چوار جێگری هەبێت.
لەبارەی هێنانەکایەی دوو وەزارەتی نوێوە، سەرچاوەکان روونیکردەوە تەنیا وەزارەتی ژیریی دەستکرد یەکلایی بووەتەوە و بڕیارە بدرێت بە محەمەد دەڕواجی لە هاوپەیمانیی خەدەماتی سبل زەیدی، کە پێشتر ئەمینداری کەتیبەکانی ئیمام عەلی بووە.
زیرەک زێباری، پەرلەمانتاری عێراق بە کوردستان24-ی راگەیاند، تا ئێستا هیچ زانیارییەکی فەرمی لەلایەن پەرلەمانەوە بە پەرلەمانتاران نەگەیشتووە، بەڵام ئەگەری ئەنجامدانی کۆبوونەوەکە کراوەیە، بە مەرجێک پرۆسەی دەنگدان بە تەواوکردنی کابینەکە پێویستی بە ئامادەبوونی عەلی زەیدی نەبێت، بەو پێیەی سەرۆکوەزیران ئەم هەفتەیە سەردانی سعوودیە دەکات.
پێشتر هۆشیار زێباری، ئەندامی دەستەی کارگێری مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان رایگەیاند، بەربژێرانی پارتی بۆ پۆستی جێگری سەرۆکوەزیران بەنگین رێکانی و بۆ وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن رێباز حەملان دیاری کراون. زێباری جەختی لە پەیوەندییە پتەوەکانی پارتی لەگەڵ سەرجەم لایەنە عێراقییەکان کردەوە.
زێباری لە چاوپێکەوتنێکدا ئاماژەی بەوە کرد، عەلی زەیدی کەسایەتییەکی راستگۆیە و لە زۆر رووەوە بیروڕای لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستاندا دەگونجێت و ئەو بە نیازە سەنگ و پێگەی عێراق بگەڕێنێتەوە.
سەبارەت بە کاتی تەواوکردنی کابینەکە، زێباری گوتی: "پێویست بوو سێشەممە کابینەکە تەواو بکرێت، بەڵام بەهۆی بوونی کێشەی ناوخۆیی و هێشتا یەکلایی نەبوونەوەی هەندێک لە ناوەکان، ئەگەری زۆرە کۆبوونەوەکە بۆ هەفتەی داهاتوو یان دوای ئەو دوا بخرێت."
زێباری دووپاتی کردەوە کە پارتی دیموکراتی کوردستان پەیوەندیی مێژوویی و باشی لەگەڵ رەوتی حیکمە و دەوڵەتی یاسا هەیە. هاوکات لە رێگەی گفتوگۆی راستەوخۆوە، پەیوەندییەکانیان لەگەڵ محەمەد حەلبووسی لە ئاستێکی زۆر باشدایە.
زێباری ئاشکرای کرد، لایەنە سووننە و شیعەکان جەختیان کردووەتەوە کە پشتگیری لە هەر بەربژێرێک دەکەن کە پارتی دیموکراتی کوردستان هەڵیبژێرێت، پارتیش بە هەمان شێوە پاڵپشتی لە بەربژێرەکانی ئەوان دەکات.