سبەی دۆخی کارەبای هەرێمی کوردستان ئاسایی دەبێتەوە
سبەی دۆخی کارەبای هەرێمی کوردستان ئاسایی دەبێتەوە و ئەو پچڕانە کەمەی لە ئەنجامی چاکسازییەکاندا هەبوو، کۆتایی دێت.
سەرچاوەیەکی ئاگادار لە پڕۆژەی رووناکی بە کوردستان24ی راگەیاند، سبەی سێشەممە قۆناخی کۆتایی ئەو بەشەی پەیوەستە بە پڕۆژەی رووناکی کۆتایی دێت. بەپێی قسەی سەرچاوەکە، غازی پێویست بۆ وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا دابین دەکرێت، بەمەش کارەبا دەگەڕێتەوە دۆخی ئاسایی خۆی و کاتەکانی پێدانی کارەبا دەبێتەوە 24 کاتژمێر.
پێشتر لە راگەیەندراوێکی هاوبەشی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان و وەزارەتی کارەبادا لە 8ـی تشرینی یەکەمی 2026 هاتبوو، لە کاتژمێر 12ـی شەوی ئەو بەروارەوە بۆ ماوەی چوار رۆژ، کۆمپانیای داناگاز دەست بە قۆناغی دووەمی چاکسازی دەکات. لەو ماوەیەدا هەناردەی گاز لە 520 ملیۆن پێ سێجاوە بۆ 260 ملیۆن پێ سێجا کەمکرایەوە، کە بووە هۆی کەمبوونەوەی بڕی 1,070 مێگاوات کارەبا. هەردوو وەزارەتەکە جەختیان کردبووەوە کە ئەو کەمبوونەوەیە کاریگەری لەسەر غازی شلی ماڵان ناکات.
لە لایەکی دیکەوە، پڕۆژەی رووناکی دووشەممە 12ـی تشرینی یەکەمی 2026 لە راگەیەندراوێکدا ئاشکرایکرد، ئێستا نزیکەی 750 هەزار هاوبەش قەرزی کۆنی پێش پڕۆژەی رووناکییان لەسەر ماوە. پڕۆژەکە ئاگاداری ئەو هاوبەشانە دەکاتەوە کە تا 18ـی ئەم مانگە کاتیان لەبەردەستە بۆ سوودوەرگرتن لە ئۆفەری داشکاندنی قەرزەکان، بەپێچەوانەوە دوای ئەو بەروارە داشکاندنەکە نایانگرێتەوە و تەواوی بڕی قەرزەکانیان دەخرێتە سەر قیست.
سەبارەت بە شێوازی قیستەکان، پڕۆژەی رووناکی روونیکردەوە، هاوبەشانی ماڵان بەپێی بڕی قەرزەکانیان تا 24 قیستی مانگانەیان بۆ دیاری دەکرێت، بەمەرجێک کەمترین بڕی قیستی مانگانە 20 هەزار دینار بێت.
پڕۆژەکە ئاماژەی بەوەشکرد، نیوەی ئەو هاوبەشانەی قەرزیان لەسەر ماوە، بڕی قەرزەکەیان کەمترە لە 200 هەزار دینار، کەواتە بە هەژمارکردنی داشکاندنەکە، کەمتر لە 100 هەزار دینار دەدەن. هاوکات تەنیا 20%ـی ئەو هاوبەشانەی ماونەتەوە، خاوەنی 80%ـی کۆی گشتیی قەرزەکانن، لە بەرامبەردا زیاتر لە یەک ملیۆن هاوبەشی ماڵان بەتەواوی هیچ قەرزێکی پێش پڕۆژەی رووناکییان لەسەر نەماوە.
سەبارەت بە قەبارەی هاوکارییەکانی حکوومەت، حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە هەڵمەتی یەکەم و دووەمی داشکاندنی قەرزی پێش رووناکی، لە نزیکەی 350 ملیار دیناری قەرزی هاووڵاتیان خۆش بووە. تا ئێستا لە هەڵمەتی دووەمی داشکاندندا 100 هەزار کەس سوودمەند بوون، کە لەگەڵ 800 هەزار سوودمەندی هەڵمەتی یەکەمدا، کۆی گشتیی سوودمەندان گەیشتووەتە 900 هەزار کەس.