بەنداو و بەڵێنێک رێگەی زانستیان سەخت کردووە
منداڵانی گوندێکی رۆژهەڵاتی کوردستان بۆ چوونە قوتابخانە دەبێت بەکۆڵ و باوەشی باوکەکانیانەوە رێگەیەکی قوڕ و لیتەیی بپێون
گلدانەوەی ئاو لە بەنداوی ژاوە، منداڵانی گوندی دەڕە کوڵەی سنووری شاری سنەی رۆژهەڵاتی کوردستانی شەکەت کردووە، بەڵام عەوداڵیان بۆ فێربوون و زانست گوێ نادەن بە شێلانی رێگەیەکی پڕ لە قوڕ و لیتە و بە ترسەوە پەڕینەوە لە رووبارێک تا دەگەنە قوتابخانەکەیان، لە کاتێکدا جێبەجێ نەکردنی بەڵێنی دروستکردنی پردی پەڕینەوەیان بووەتە کەسەرێکی دیکە.
قوتابیانی گوندی دەڕە کوڵە رۆژانە لە کاتژمێری 7ـی بەرەبەیانەوە دەستی باوکیان دەگرن بۆ ئەوەی لە رێگەیەکی قوڕ و لیتەیی و لقێکی سەرچاوەی ئاوی بەنداوی ژاوە بپەڕنەوە، تا لە وانەی رۆژانەیان دوا نەکەون.
ئاژانسی ئێرنا، دیمەنی سەختییەکانی رێگەی فێربوونی خوێندن و زانستی منداڵانی گوندی دەڕە کوڵەی سنووری شارۆچکەی سیروانی سەر بە پارێزگای سنەی بڵاوکردووەتەوە، کە چۆن باوکەکان بە کۆڵ و باوەش، رۆژانە بە چ ماندووبوون و نەهامەتییەک منداڵەکانیان لە مەترسییەکان دەپەڕێننەوە و دەربازیان دەکەن بۆ ئەوەی لە خوێندن دانەبڕێن؛ عابدین زەرینی تەمەن 46 ساڵ، کە باوکی سێ کچە، رۆژانە شەکەتی ئەم رێگەیەیە بۆ ئەوەی کچەکانی بگەیەنێتە قوتابخانە تا خوێندن و فێربوونی زانست لەدەست نەدەن.
دانیشتووانی دەڕە کوڵە دەڵێن، لەسەرەتای دروستکردنی بەنداوی ژاوە لەسەر رووباری سیروان، بەڵێنی دروستکردنی پردێکیان پێدرا بوو تا بیانگەیەنێت بە لێواری رێگەیەکی ئارام، بەڵام بەڵێنەکە هەر بە قسە بوو و هیچ هەنگاوێکی کردەیی بۆ نەنراوە و ئێستاش هیچ ئومێدیان بۆ جێبەجێکردنی بەڵێنەکە نەماوە؛ خانەوادەکانی گوندەکە، رۆژانە لەبەر خەم و نیگەرانییەکانی پەڕاندنەوە و گەیاندنی منداڵەکانیان بە قوتابخانە، بەڵێنی دروستکردنی پردەکەیان هەر بیر نەماوە.
لە وێنەکاندا رەنگی رەشی و مەترسیداری قوڕ و لیتەی ئەو رووبارە دەرکەوتووە، کە منداڵانی گوندی دەڕە کوڵە پێیدا دەپەڕنەوە، بەهۆی ئەوەی نە رەنگ، نە قوڕ و لیتەکەی ئاسایی نییە، گومان دەکرێت پاشماوەی کارگە پیشەسازی و پێترۆکیمیاییەکان ئاوێتەی رووبارەکە ببێت و بێ ئەوەی پشکنینی تاقیگەیی بۆ بکرێت، مەترسییەکانی بە چاو دەبینرێن.
هۆشداری زانستی لەسەر مەترسییەکانی بەنداوی ژاوە لەسەر ژینگەی دەڤەرەکە
پرۆفیسۆر موختار هاشمی کە دکتۆرای لە ئەندازیاری شارستانی سەرچاوەکانی ئاو لە زانکۆی نیوکاسڵی بەریتانیا هێناوەتەوە، لەسەرەتای ئەمساڵ (2026)دا لە قەراخی بەنداوی ژاوە لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا داوایەکی لە بەرپرسانی پارێزگای سنە و کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامی ئێران کردووە و تکا دەکات، دەست لە گلدانەوەی ئاوی بەنداوەکە هەڵگرن و دەڵێت: بەنداوی ژاوە، کەوتووەتە ناوچەی شوێنەوارییەکانی مێژوویی و کەلەپووری جیهانیی یونسکۆ، لەنێویاندا هەورامان، بە گلدانەوەی ئاو دەڤەرەکە دەبێتە پیسترین بەنداوی ئێران.
ئەم پرۆفیسۆرە ئاشکرای کردووە، ئەو رێژە ئاوەی لە بەنداوەکە گلدراوەتەوە، بێ وەرگرتنی مۆڵەت بووە و ئەمەش پێچەوانەی پێوەرە زانستی و ئەخلاقییەکانە و رایگەیاندووە "توێژینەوەکانی گرووپی توێژینەوەی زانکۆی سنە دەریدەخەن کە بەنداوەکە لە رووی کوالێتییەوە کێشەی جددیی هەیە، لە رووی میکرۆبییەوە گەیشتووەتە ئاستی تێربوون؛ نۆ هێندەی رێژەی رێگەپێدراو فسفۆر، نایترۆجین و کانزا قورسەکانی تێدایە، ئەمەش لە سەرووی ئاستی رێگەپێدراون. بۆیە بە پشتبەستن بە پێوەرەکانی کوالێتیی ئاو و توێژینەوە بەردەستەکان، گلدانەوەی ئاو لە بەنداوی ژاوەدا کارێکی گونجاو نییە، بەڵام نازانم بۆچی پێداگری لەسەر گلدانەوەی ئاو دەکرێت.
پرۆفیسیۆر موختار هاشمی لەبارەی پیسبوونی ئاوی گلدراوەی بەنداوەکە و ژینگەی دەڤەرەکە دەڵێت: ئاوەڕۆی شار و گوندەکان، پاشەڕۆی هەردوو ئاستی یەکەم و دووەمی کۆمپانیا پیشەسازییەکانی، سەربڕخانەی پەلەوەر و قەسابخانەکانی ئاژەڵان، پاشماوەی پترۆکیمیایی و شلەی خاشاکی کیلەک تێکەڵی ئاوی گلدراوەی بەنداوەکە دەبن.
بەنداوی ژاوە و مەترسییەکانی
بەنداوی کۆنکرێتی ژاوە، بە دووری 40 کیلۆمەتر لە باشووری رۆژئاوای سنە و لە نزیک گوندەکانی وەسی خوار و دۆڵاب ، لە 22ـی نیسانی 2009 بڕیاری دروستکردنی درا، بە مەبەستی گلدانەوەی ئاو و بەراوکردنی دەشتاییەکانی سنووری هەردوو شارۆچکە دێوڵان و قوڕوە، بەڵام جێبەجێکردنی پرۆژەکە دواخرا، بەهۆی ناڕەزایی دانیشتووانی 10 گوندی دەڤەرەکە، کە مەترسی ژێر ئاوکەوتنی زەوی و باخەکانیان هەبوو.
دواجار لە 2013 دەست بە دروستکردنی کرا و تا 2021 نزیکەی 72%ـی تەواو کرا، بەڵام دواتر کارەکانی راگیرا. هەرچەندە بەهۆی تێکەڵبوونی ئاوەڕۆ و پاشماوەی پیسبوو بە رووبارەکانی ئاوەڕۆ و قشڵاق کە دەڕژێنە بەنداوەکە، چەندینجار پرۆسەی گلدانەوەی ئاو لە بەنداوەکە دواخراوە، بەڵام تا ئێستاش ئاو هەر دەرژێتە بەنداوەکە.
دیارترین سەرچاوەکانی پیسبوونی ئاوی گلداوەی بەنداوەکە بەهۆی بەشێکی زۆر لە ئاوەڕۆی شاری سنە و 83 گوندی دەوروبەری شارەکەیە، لەگەڵ پاشماوەی کشتوکاڵییەکان، پاشماوەی زبڵخانەی سنە کە رێژەی پیسبوونی 60 هێندەی ئاوەڕۆی شارەکە.