بە تۆمەتی وەرگرتنی بەرتیل بریکاری وەزارەتی پیشەسازیی عێراق دەستگیر کرا
هێزە ئەمنییەکانی عێراق بریکاری وەزارەتی پیشەسازی و کانزاکانیان لە کاتی وەرگرتنی بەرتیلدا دەستگیر کرد.
سێشەممە 13ـی تشرینی یەکەمی 2026، سەرچاوەیەکی ئاگادار بە ئاژانسی فەرمیی هەواڵی عێراق (واع)ی راگەیاندووە، ناسر کازم جبر، بریکاری وەزارەتی پیشەسازی و کانزاکانی عێراق، دەستگیر کراوە.
بەپێی زانیارییەکان، هێزێکی دەستەی دەستپاکی ئۆپەراسیۆنێکیان کردووە و لەناو ماڵی خاوەنی کارگەیەکی چیمەنتۆ لە سەماوەی سەر بە پارێزگای موسەننا، ئەو بەرپرسەیان دەستگیرکردووە.
دەستگیرکردنەکە بە تاوانی ئاشکرای وەرگرتنی بەرتیل بووە، کە لەسەر بنەمای مامەڵەکردن لەگەڵ خاوەنی کارگەکە بە مەبەستی پێشکەشکردنی ئاسانکاری و بەخشین بووە.
هێزەکان لەو چوارچێوەیەدا هەڵیانکوتاوەتە سەر شوێنەکە و دەستیان بەسەر پارەکاندا گرتووە. دواتر دەستگیرکراوەکەیان گواستووەتەوە بۆ ئەوەی رێکاری یاسایی بەرامبەری بگیرێتە بەر.