هێرشکرایە سەر کۆمپانیای نەوتی یەمەن لە سەنعا
کەناڵی مەسیرەی سەر بە حووسییەکان رایگەیاند، هێرش کراوەتە سەر کۆمپانیای نەوتی یەمەن لە سەنعای پایتەخت. ئەمەش دوای ئەوە دێت کە دەنگی چەندین تەقینەوەی بەهێز لە شارەکە بیسترا و حووسییەکانیش هۆشدارییان دابوو لە ئەگەری هەر بۆردومانێکدا، فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی ریاز و دامەزراوەکانی کۆمپانیای نەوتی ئارامکۆ لەناو خاکی سعوودیە دەکەنە ئامانج.
سێشەممە 13ـی تشرینی یەکەمی 2026، کەناڵی مەسیرەی زمانحاڵی گرووپی حووسییەکان لە هەواڵێکی بەپەلەدا پشتڕاستی کردەوە کە کۆمپانیای نەوتی یەمەن لە شاری سەنعا کراوەتە ئامانجی هێرشی سەربازی. پێشتریش کەناڵی حەدەس لە زاری سەرچاوە ناوخۆییەکانی یەمەنەوە بڵاوی کردبووەوە، فڕۆکە جەنگییەکان چەندین هێرشی ئاسمانییان لەناو پایتەخت ئەنجام داوە و بەهۆیەوە دەنگی تەقینەوەی گەورە بیستراوە.
هاوکات لەگەڵ ئامادەکارییەکان بۆ هێرشەکە، یەحیا سەریع، گوتەبێژی سەربازیی حووسییەکان لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی "ئێکس" رایگەیاندبوو: هێزە چەکدارەکانی یەمەن داوا لە سەرجەم هاووڵاتییان دەکەن دەستبەجێ ئەو ئامانجانە چۆڵ بکەن و لێیان دوور بکەونەوە کە هێزەکانمان بەئامانجیان دەگرن، ئەگەر دوژمنی سعوودی هێرش بکاتە سەر پێگەیەک لە سەنعا.
گوتەبێژی حووسییەکان بە روونی سێ ئامانجی سەرەکیی لەناو خاکی سعوودیە دەستنیشان کرد بۆ تۆڵەسەندنەوە، کە بریتی بوون لە: بارەگای سەرەکیی کۆمپانیای ئارامکۆ لە شاری دەمام، فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی شا خالید لە ریاز، و پاڵاوگەی نەوتی ئارامکۆ لە هەمان شار. هەروەها داوای لە سەرجەم کارمەندان، ئەندازیاران، گەشتیاران و هێڵە ئاسمانییەکان کردبوو لەو شوێنانە دوور بکەونەوە.
ئەم بۆردوومانە پاش چەند کاتژمێرێک دێت لە هەنگاوێکی فەرماندەیی هێزە هاوبەشەکانی هاوپەیمانیی عەرەبی بە سەرۆکایەتیی سعوودیە، کە لە رێگەی بڵاوکردنەوەی نەخشەیەکەوە وێستگەی ناوەندیی نەوتی سەباحە سەر بە کۆمپانیای نەوتی یەمەنی لە ناوچەی بەنی مەتر لە شاری سەنعا دیاری کردبوو و داوای لە سەرجەم هاووڵاتییانی مەدەنی کردبوو دەستبەجێ شوێنەکە چۆڵ بکەن، ئەوەش بە مەبەستی ئەنجامدانی "ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیی جۆری".
ئاڵۆزییەکانی نێوان هەردوولا گەیشتوونەتە لووتکە؛ پێشتر سعوودیە تێکشکاندنی مووشەکێکی بالیستیی لە ئاسمانی ریاز ڕاگەیاند و بەو هۆیەوە دەسەڵاتی فڕۆکەوانیی مەدەنیی سعوودیە راگرتنی گەشتەکانی لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی شا خالید لە ریاز درێژ کردەوە، کە لە هێرشەکانی شەممەی رابردوودا زیانی بەرکەوتبوو و قوربانیی لێ کەوتبووەوە.
لە بەرانبەر پەرەسەندنی ئەم هەڕەشانەدا، فەرمانگەی فڕۆکەوانیی فیدراڵی ئەمریکا (FAA) داوای لە سەرجەم هێڵە ئاسمانییەکان کردووە لە کاتی گەشتکردن بۆ سعوودیە و بەکارهێنانی ئاسمانی ئەو وڵاتەدا وریایی تەواو بگرنەبەر. هاوکات باڵیۆزخانەی ئەمریکاش لە ریاز گەشتی کارمەندانی حکوومیی وڵاتەکەی لە رێگەی فڕۆکەخانەکانی سعوودیەوە سنووردار کردووە و بەستوویەتییەوە بە مۆڵەتی تایبەت.