هەولێر و واشنتن جەخت لە پاراستن و رێزگرتن لە قەوارەی هەرێمی کوردستان دەکەنەوە

سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و کونسوڵی گشتیی ئەمریکا، جەختیان لەسەر گرنگیی پاراستنی ئاسایش و ئارامیی هەرێمی کوردستان و بەهێزترکردنی پەیوەندیی، دۆستایەتیی و هاپەیمانییەتی نێوان کوردستان و ئەمریکا کردەوە.

پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ سێشەممە، 13ـی تشرینی یەکەمی 2026، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازیی لە گوێندەلین (وێندی) گرین، کونسوڵی گشتیی ئەمریکا لە هەرێمی کوردستان کرد.

ماڵپەڕی حکوومەتی هەرێمی کوردستان راگەیەنراوێکی بڵاو کردەوە، تێیدا هاتووە، لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ لە بارەی دواهەمین پێشهات و بارودۆخی گشتیی هەرێمی کوردستان، عێراق و ناوچەکە بە گشتی کرا.

هەردوولا هاوڕابوون لەسەر گرنگیی پاراستنی ئاسایش، ئارامی و سەقامگیریی هەرێمی کوردستان، هاوکات جەختیان لە بەهێزترکردنی پەیوەندی، دۆستایەتی و هاوپەیمانییەتیی نێوان کوردستان و  ئەمریکا کردەوە؛ بە تایبەت لە بوارەکانی ئاڵۆگۆڕی بازرگانی و فراوانکردنی زیاتری دەرفەتەکانی وەبەرهێنان بۆ کۆمپانیا ئەمریکییەکان لە کەرتی جیاوازی هەرێمی کوردستاندا.

لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، بیروڕا لە بارەی رەوشی سیاسیی ناوخۆ ئاڵوگۆڕ کرا و جەخت لە پێویستیی کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان و هەنگاوەکان بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کرایەوە.

هەر لە میانەی گفتوگۆکاندا، پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵ خرانە بەرباس؛ هەردوولا جەختیان لە گرنگیی چارەکردنی کێشە و ناکۆکییەکان لەسەر بنەمای دەستوور، پاراستن و رێزگرتن لە قەوارەی دەستووریی هەرێمی کوردستان، زامنکردنی شایستە داراییەکان و، تەرخانکردنی بەشە بودجەی هەرێم بە شێوازێکی دادپەروەرانە کردەوە.