ترەمپ بۆ کوردستان24: ئێران وڵاتێکی شکستخواردووە
سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا رایگەیاند، هەردوو سەرۆکی رووسیا و ئۆکرانیا خوازیاری کۆتاییهاتنی جەنگن بەڵام نازانن چۆن پێی بگەن. هاوکات رەتیکردەوە پێدانی زانیاریی هەواڵگریی بە کیێڤ راگرتبێت و ئاشکراشی کرد، لەوانەیە داوا لە سەرۆککۆماری تورکیا بکات بەشداری لە وەڵامدانەوەی پێشهاتەکانی یەمەندا بکات.
سێشەممە 13ـی تشرینی یەکەمی 2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە کۆشکی سپی وەڵامی پرسیاری رۆژنامەنووسانی دایەوە و سەرنجی خستە سەر دۆسیەی جەنگی ئۆکرانیا، ئاڵۆزییەکانی یەمەن، دۆخی ئێران و هەڵبژاردنەکانی ئیسرائیل.
سەبارەت بە دەنگۆی راگرتنی هاوکارییە هەواڵگرییەکان بۆ کیێڤ، ترەمپ گوتی: نەخێر، بە هیچ شێوەیەک زانیارییە هەواڵگرییەکانمان رانەگرتووە و هاوکاریی ئۆکرانیا دەکەین، بەڵام لە راستیدا هاوکارییان دەکەین بۆ ئەوەی بگەینە وەڵام و چارەسەری کۆتایی، چونکە ئێمە دەمانەوێت جەنگ کۆتایی بێت. لەگەڵ ئۆکرانیا و لەگەڵ رووسیاش کار دەکەین تاوەکو جەنگەکە بوەستێنین.
لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بەوەی بۆچی پێیوایە پووتین خوازیاری کۆتاییهاتنی شەڕە، ترەمپ روونی کردەوە: "تەواوی ژیانم لە رێککەوتنسازیدا بەسەر بردووە. باوەڕم وایە پووتین دەیەوێت جەنگ کۆتایی بێت، لە راستیدا هەردووکیان دەیانەوێت شەڕ بوەستێت، بەڵام نازانن چۆن بگەنە ئەو خاڵە، چونکە رقێکی زۆر لە نێوانیاندا هەیە، ئێمەش هاوکارییان دەکەین تاوەکو بگەنە ئەو ئەنجامە.
سەبارەت بە تۆمەتبارکردنی رووسیا بە بۆردوومانکردنی دامەزراوەکانی وزەی ئۆکرانیا لە دوای ئاگربەست، ترەمپ ئاماژەی بەوە کرد: ئۆکرانیاش رۆژی پێشتر لە چەندین پێگەی دابوو، دواتر لەسەر ئەو بابەتە و پرسی ئاگربەست زانیاریتان پێ دەدەم.
لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بەوەی ئایا داوا لە تورکیا دەکات بەشداری لە وەڵامدانەوەی سەربازیی ئەمریکادا بکات لە یەمەن، ترەمپ گوتی: رەنگە ئەو کارە بکەم. وەک دەزانن سەرۆکی تورکیا دۆستێکی زۆر باشی منە و رێزێکی گەورەم بۆ ئەردۆغان هەیە. پێم وایە سەرۆک ئەردۆغان ئەوە دەکات کە داوای لێ دەکەم.
ترەمپ لە وەڵامی پرسیاری رەحیم رەشیدی، بەرپرسی نووسینگەی کوردستان24 لە واشنتن،سەبارەت بە هەنگاوەکانی داهاتووی بەرانبەر بە تاران و ئاسۆی ئاشتی گوتی: "ئێران وڵاتێکی شکستهێناوە، ئەوان هیچ ئابوورییەکیان نییە.