مەزڵووم عەبدی: تێکەڵکردنەوەی هێزەکان نابێت بە مۆدێلی ناوەندگەرایی کۆن بێت

مەزڵووم عەبدی، رایگەیاند، قۆناخێکی نوێ و دەرفەتێکی مێژوویی بۆ گەلانی سووریا و کورد لەو وڵاتەدا هاتووەتە پێشەوە. هاوکات جەختی لەوە کردەوە کە ئامادەن بەشێکی گەورەی هێزەکانیان و دامەزراوەکانی بەڕێوەبەری لەگەڵ دامەزراوە فەرمییەکانی سووریادا تێکەڵ بکەنەوە، بەو مەرجەی مافەکانی کورد لە دەستووردا گەرەنتی بکرێن.

سێشەممە 13ـی تشرینی یەکەمی 2026، لە پانێڵێکی تایبەتدا لە چوارچێوەی دیداری مێری لە هەولێر، مەزڵووم عەبدی، راوێژکاری سەرۆکی سووریا، سەرنجی خستە سەر داهاتووی رۆژئاوای کوردستان و سووریا، پرۆسەی تێکەڵکردنی هێزەکان، خوێندن بە زمانی دایک، رۆڵی هەرێمی کوردستان و کاریگەریی پرۆسەی ئاشتی لە باکوور.

عەبدی ئاماژەی بەوە کرد کە دۆخی سووریا سەرەڕای هەبوونی ئاستەنگەکان، بە قۆناخێکی زۆر گرنگدا تێدەپەڕێت و گوتی: دەرفەتێکی گەورە لەبەردەم گەلانی سووریا بەگشتی و گەلی کورد بەتایبەتی هەیە بۆ ئەوەی دۆخەکە بەرەو چارەسەری ئەرێنی هەنگاو بنێت. لەم چوارچێوەیەدا، پرسی تێکەڵکردنی دامەزراوە مەدەنی، ئیداری و سەربازییەکان لە کارە لەپێشینەکانە.

سەبارەت بە هەماهەنگیی سەربازی گوتی: لە لایەنی سەربازییەوە هەنگاوی باش نراوە و ئامادەیییەکی تەواو هەیە؛ ئێمە ئیرادەی خۆمان نیشان داوە و لە لایەنی دەوڵەتی سووریاشەوە هەمان ئیرادە بەدی دەکرێت لەگەڵ بوونی پشتیوانیی نێودەوڵەتی، بۆ ئەوەی بەشێکی زۆر و سەرەکی لە هێزەکانمان لەناو دامەزراوەی فەرمیی بەرگریی سووریادا تێکەڵ بکرێن.

جەختیشی کردەوە، ئەم تێکەڵبوونەوەیە ناکرێت بە مۆدێلی ناوەندگەرایی کۆنی رژێمی بەعس و ئەسەد بێت، بەڵکوو پێویستە لەسەر بنەمای لامەرکەزییەت و هاوبەشیی دیموکراسی بێت و تایبەتمەندیی ناوچەکانی کۆبانێ لەبەرچاو بگیرێت.

لەبارەی خوێندن بە زمانی کوردی و پرۆسەی پەروەردە، مەزڵووم عەبدی رایگەیاند، پێشکەوتنی بەرچاو هاتووەتە کایەوە و دانوستانەکان بەردەوامن تا لە سیستەمی پەروەردەی گشتیی سووریادا دان بە زمانی کوردی و پرۆگرامەکانی خوێندندا بنرێت هاوشانی زمانی عەرەبی.

عەبدی روونی کردەوە: "پێشکەوتنی راستەقینە و سەقامگیریی هەمیشەیی ئەو کاتە بەدی دێت کە مافەکانی گەلی کورد و تەواوی پێکهاتەکانی دیکەی سووریا لە چوارچێوەی دەستوورێکی نوێ و هەمیشەییدا جێگیر بکرێن.

لە بەشێکی دیکەی گوتەکانیدا، ستایشی پشتیوانییە بەردەوامەکانی هەرێمی کوردستانی کرد بۆ رۆژئاوای کوردستان و رۆڵی سەرکردایەتیی هەرێمی لە کایەی دیپلۆماسی و چارەسەرکردنی پرسی کورددا بە بەرز نرخاند.

هاوکات ئاماژەی بەوە کرد، سەرکەوتنی پرۆسەی ئاشتی لە باکووری کوردستان و تورکیا، رەنگدانەوە و کاریگەرییەکی راستەوخۆ و زۆر ئەرێنی لەسەر بارودۆخی رۆژئاوای کوردستان و تەواوی سووریا دەبێت و یارمەتیدەر دەبێت لە کەمکردنەوەی ئاڵۆزییەکان و بەرقەرارکردنی ئاشتی لە تەواوی ناوچەکەدا.