ئەمریکا لە ساڵیادی لووتکەی شرم شێخ: بناغەی غەززەیەکی نوێمان بەبێ حەماس داناوە
لە یەکەمین ساڵیادی سازدانی لووتکەی ئاشتیی غەززە لە شرم شێخی میسر، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، سەرکردایەتیی ترەمپ کۆتایی بە جەنگێکی بێئامان هێنا و بناغەی بۆ غەززەیەکی نوێ و بێ چەک داناوە کە تێیدا فەلەستینییەکان دوور لە دەسەڵاتی حەماس دەژین و ئاسایشی بەردەوامیش بۆ ئیسرائیل دەستەبەر دەکرێت.
سێشەممە، 13ـی تشرینی یەکەمی 2026، تۆمی پیگۆت، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە راگەیەندراوێکی فەرمیدا ئاماژەی بەوە کرد، ساڵێک لەمەوبەر لەم رۆژەدا، سەرکردەکانی جیهان لە هاوینەهەواری شرم شێخی میسر لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا کۆبوونەوە تاوەکو پابەندیی خۆیان بە پلانی گشتگیری ترەمپ بۆ کۆتاییهێنان بە ململانێی غەززە دووپات بکەنەوە.
گوتەبێژەکە جەختی لەوە کردەوە کە سەرکردایەتیی دۆناڵد ترەمپ بووە هۆی کۆتاییهێنان بە جەنگێک کە هیچ ئاسۆیەکی کۆتاییهاتنی دیار نەبوو، هاوکات زنجیرەیەک دەستکەوتی بەرچاو هاتوونەتە کایەوە کە بناغەیان بۆ غەززەیەکی نوێ داناوە.
بەپێی راگەیەندراوەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، لە ماوەی ئەم ساڵەدا ئەم هەنگاوانە بەدی هاتوون:
- بەرقەراربوونی ئاگربەستێکی بەردەوام.
- گەڕانەوەی سەرجەم بارمتەکان (چ ئەوانەی لە ژیاندا ماون و ئەوانەشی گیانیان لەدەست داوە).
- دامەزراندنی "ئەنجوومەنی ئاشتی" شانبەشانی دەستبەکاربوونی ئیدارەیەکی تەکنۆکراتی فەلەستینی بۆ بەڕێوەبردنی کەرتی غەززە.
- داڕشتنی پلانێکی هەمەلایەن و خەمڵێنراو بۆ بووژانەوە و دەستپێکردنەوەی ژیان.
- زیادبوونی بەرچاوی هاوکارییە مرۆییەکان و گەیشتنی خۆراک بە هاووڵاتییانی فەلەستینی، هاوکات لەگەڵ پاشەکشەی بەرچاوی دەستبەسەرداگرتنی هاوکارییەکان لەلایەن حەماسەوە.
تۆی پیگۆت روونی کردەوە، ئەم دەستکەوتانە سەرەڕای گرنگییەکەیان، تەنیا سەرەتای پرۆسەکەن و گوتی: "بنیاتنانەوەی غەززە پرۆسەیەکی سەخت و چەند ساڵە دەبێت و جێبەجێکردنیشی ئاسان نابێت، بەڵام ئێمە بەرەوپێشچوونی راستەقینەمان بەدەستهێناوە بەرەو دروستکردنی غەززەیەکی بێ چەک."
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا دووپاتی کردەوە، ئامانجی کۆتایی ئەوەیە هاووڵاتییانی فەلەستینی بتوانن بەبێ حوکم و دەسەڵاتی حەماس بژین، لە لایەکی دیکەشەوە ئاسایشێکی راستەقینە و هەمیشەیی بۆ دەوڵەتی ئیسرائیل مسۆگەر بکرێت.