ترەمپ بۆ حووسییەکان: هێرشەکانتان بۆ سەر سعوودیە لەسەر فەرمانی ئێرانە و لەبیری ناکەم
سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا هۆشدارییەکی توندی ئاراستەی گرووپی حووسییەکانی یەمەن کرد و رایگەیاند، ئەو گرووپە لەسەر فەرمانی ئێران سعوودیە دەکەنە ئامانج بۆ ئەوەی بە ئەنقەست نرخی نەوت بەرز بکەنەوە. هاوکات جەختی لەوە کردەوە ئەو هێرشانەیان هەرگیز لەبیر ناکات.
سێشەممە 13ـی تشرینی یەکەمی 2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تروس رەخنەی توندی لە هەڵسوکەوتی حووسییەکان گرت و نووسیویەتی: حووسییەکان زۆر خراپ هەڵسوکەوت دەکەن. پێموابوو ساڵێک لەمەوبەر وانەی خۆیان وەرگرت کاتێک بە توندترین شێوە بۆردوومانمان کردن و دواتریش لەسەر داوای خۆیان بۆردوومانەکانمان راگرت. ماوەیەکی زۆر بوو بێدەنگ بوون، بەڵام ئێستا دووبارە بە شێوازێکی زۆر ناپەسەند سەریان هەڵداوەتەوە.
سەرۆکی ئەمریکا پێیوایە جووڵەی حووسییەکان لەسەر فەرمانی تارانە و دەڵێت: ئەوان لەوانەیە لەسەر فەرمانی ئێران دووبارە پەیدا بووبنەوە، لە کاتێکدا ئێران وڵاتێکی شکستهێناوە؛ نە هێزی دەریایی هەیە و نە هێزی ئاسمانی، خاوەنی خراپترین ئابوورییە لە جیهاندا و رێژەی هەڵاوسان تێیدا گەیشتووەتە 301%.
ترەمپ ئاماژەی بەوەش کرد، حووسییەکان بە شێوازێکی زۆر خراپ هێرش دەکەنە سەر سعوودیە بە مەبەستی ئەوەی بە ئەنقەست نرخی نەوت بەرز بکەنەوە، پێدەچێت مەبەستیان پێش هەڵبژاردنەکانی ئەمریکا بێت، ئەمەش کارێکی زۆر ناڕەوایە.
هەروەها ترەمپ نووسیویەتی: دەبێت کەسێک بۆیان روون بکاتەوە کە من لە هەڵبژاردنەکاندا کێبڕکێ ناکەم، من پێشتر بە جیاوازییەکی ئێجگار گەورە و مێژوویی سەرکەوتووم، بەڵام دوای هەڵبژاردنەکان لەوێ دەبم و هەرگیز ئەم کارەی ئەوان لەبیر ناکەم.