سەرۆکوەزیرانی عێراق هێزە چەکدارەکانی وڵاتەکەی دەخاتە ئەوپەڕی ئامادەباشییەوە

سەرۆکوەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق، فەرمانی دا ئاستی ئامادەباشیی هێزە چەکدارەکانی وڵاتەکەی بۆ بەرزترین ئاست بەرز بکرێتەوە، بەتایبەت لە کەرتەکانی هێزی ئاسمانی، دەریایی و سیستەمی بەرگریی ئاسمانی.

سێشەممە 13ـی تشرینی یەکەمی 2026، نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق بڵاوی کردەوە، عەلی زەیدی سەرپەرشتیی کۆبوونەوەیەکی تایبەتی کردووە کە تێیدا بەڕێوەبەری نووسینگەی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان، بریکاری وەزارەتی پلاندانان و ژمارەیەک لە راوێژکارانی سەربازی ئامادەی بوون.

لە کۆبوونەوەکەدا، سەرۆکوەزیرانی عێراق پێداگریی حکوومەتەکەی دووپات کردەوە لەسەر دابینکردنی سەرجەم پێداویستییەکان بۆ بەهێزکردنی توانای سەربازیی هێزە ئەمنییەکان، بە جۆرێک کە پاراستنی ئاسایش، سەروەری و پارێزگاریکردن لە خاک، ئاسمان و سنوورە ئاوییەکانی عێراق مسۆگەر بکرێت.

هەر لەو کۆبوونەوەیەدا، تاوتوێی ئاستی ئامادەییی هێزە چەکدارەکانی عێراق کرا، بەتایبەت لە رووی دابینکردنی کەلوپەل و تەکنەلۆژیای سەربازیی پێشکەوتوو بۆ هێزەکانی ئاسمانی، دەریایی و بەرگریی ئاسمانی، و لەو چوارچێوەیەشدا عەلی زەیدی فەرمانی کرد کە تەواوی هێزەکان لە ئەوپەڕی ئامادەباشیدا بن بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەر ئەگەرێک.