زەیدی داوای کۆبوونەوەی پەرلەمان دەکات بۆ تەواوکردنی کابینەی حکوومەتەکەی

سەرۆکوەزیرانی عێراق، لە نووسراوێکدا بۆ سەرۆکی پەرلەمان، داوای کردووە دووسبەی کە دەکاتە رۆژی پێنجشەممە، کۆبوونەوەی پەرلەمان بۆ متمانەدان بە تەواوکاریی کابینەکەی بەڕێوە بچێت، هاوکات مەرجی ئەوەی داناوە کە جێگرانی سەرۆکوەزیران بەبێ مووچە و تەرخانکراوی دارایی ئەرکەکانیان رابپەڕێنن.

عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بە نووسراوێک کە ئەمڕۆ سێشەممە 13ـی تشرینی یەکەمی 2026، ئاراستەی سەرۆکی پەرلەمانی کردووە، داوای دیاریکردنی وادەی کۆبوونەوەی پەرلەمانی کرد بە مەبەستی تەواوکردنی پێکهاتەی کابینەی حکوومەتەکەی.

لە نووسراوەکەی سەرۆکوەزیرانی هاتووە، بە پشبەستن بە حوکمەکانی ماددەی (76/ چوارەم) لە دەستووری کۆماری عێراقی ساڵی 2005 و، لە پێناو تەواوکردنی پێکهاتەی حکوومەت، تکایە کاتی کۆبوونەوەی پەرلەمان دیاریی بکەن، پێشنیاز دەکەین ڕۆژی پێنجشەممە 15ـیی تشرینی یەکەمی 2026 بێت.

سەبارەت بە ئەجێندای کۆبوونەوەکە، زەیدی روونی کردووەتەوە، کە مەبەست لە کۆبوونەوەکە بریتییە لە: خستنەڕوو و دەنگدان لەسەر کاندیدانی پۆستی جێگرانی سەرۆکوەزیران، وەزارەتە بەتاڵەکان و ئەو وەزارەتە نوێیانەی کە تازە هێنراونەتە کایەوە.

لە بەشێکی دیکەی نووسراوەکەدا، سەرۆکوەزیرانی عێراق مەرجێکی تایبەتی لەسەر شێوازی دەستبەکاربوونی جێگرەکانی خستووەتە ڕوو و جەختی کردووەتەوە، "ئاگادارتان دەکەینەوە کە جێگرانی سەرۆکوەزیران بەبێ مووچە، بەبێ تەرخانکراوی دارایی و بەبێ هیچ دامەزراندنێکی نوێ بۆ نووسینگەکانیان، کارەکانیان ئەنجام دەدەن".