باڵیۆزی فینلاند: پەیوەندییەکانمان لەگەڵ هەرێمی کوردستان لە ئاستێکی نایابدان

باڵیۆزی فینلاند لە عێراق رایگەیاند، پەیوەندییەکانی وڵاتەکەی لەگەڵ هەرێمی کوردستان لە ئاستێکی نایابدان و دەرفەتی فراوان لەبەردەم گەشەپێدانی ئاڵۆگۆڕی بازرگانیدا هەیە. هاوکات سیاسەتی هەرێمی کوردستانی لە خۆبەدوورگرتن لە ئاڵۆزییەکان و رۆڵی سەرۆکی هەرێمی کوردستانی لە نێوەندگیریی نێوان واشنتن و تاران بە زۆر ژیرانە و شایستەی ستایش وەسف کرد.

سێشەممە، 13می تشرینی یەکەمی 2026، ئانتی پۆتکۆنێن، باڵیۆزی فینلاند لە عێراق لە هەڤپەیڤینێکی تایبەتدا لەگەڵ کوردستان24، سەرنجی خستە سەر ئاستی پەیوەندییە دیپلۆماسی و بازرگانییەکان، دۆسیەی ئەمنی، پرسی ڤیزە و پێگەی رەوەندی کوردی لە وڵاتەکەی.

باڵیۆزی فینلاند ئاماژەی بە پتەویی پەیوەندییەکانی نێوان وڵاتەکەی و هەرێمی کوردستان کرد و گوتی: پەیوەندییەکانمان لەگەڵ حکوومەتی هەرێمی کوردستان زۆر نایابن. بەردەوام سەردانی هەولێر دەکەم بە مەبەستی کۆبوونەوە لەگەڵ بەرپرسانی حکوومەت و سەرکردەی لایەنە سیاسییەکان. لە کەرتی بازرگانیدا توانست و دەرفەتی زۆر باش هەن، راستە هەنگاوەکان بەهێواشی دەنرێن، بەڵام توانایەکی زۆر هەیە و کۆمپانیا فینلاندیەکانیش دەتوانن بە شێوەیەکی بەرچاو زیاتر لە هەرێمی کوردستان چالاک بن.

سەبارەت بە دۆخی ناوچەکە و شەڕی ئێران، پۆتکۆنێن هەڵوێستی هەولێری بەرز نرخاند و رایگەیاند: هەڵسوکەوتی هەرێمی کوردستان لە خۆبەدوورگرتن لە جەنگی ئێران بڕیارێکی زۆر ژیرانە بوو. هاوکات هەوڵ و هەڵوێستی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ نێوەندگیری لە نێوان ئێران و ئەمریکا، کارێکی زۆر شایستەی ستایشە؛ چونکە بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ و باڵادەستبوونی دیالۆگ، بوونی سەرکردەی وەک نێچیرڤان بارزانی زۆر پێویستن.

باڵیۆزی فینلاند باسی لە قوربانیدانی خەڵکی کوردستانیش کرد و گوتی: هەرێمی کوردستان لە ماوەی ئەو جەنگەدا رووبەڕووی هێرشی قورس بووەوە و قوربانیی زۆری دا، ئێمەش وەک فینلاند بە توندی سەرکۆنەی هەر بەزاندنێکی سەروەریی خاکی عێراق و هەرێممان کردووە.

لەبارەی بەشداریی سەربازیی وڵاتەکەی، باڵیۆز روونی کردەوە: هێزەکانی فینلاند بۆ ماوەی 10 ساڵ بەشێک بوون لە هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی، بەڵام دوو ساڵ لەمەوبەر دوای ئاگادارکردنەوەمان لە پلانە نوێیەکان، هێزەکانمان لەو چوارچێوەیە کشانەوە. پێمان وایە تەنانەت بەبێ بوونی بنکەی سەربازیش دەتوانین برەو بە پەیوەندییەکانمان لەگەڵ هەرێمی کوردستان و عێراق بدەین، لە هەمان کاتدا لە پشتیوانیکردنی عێراق لە بواری ئەمنیدا بەردەوام دەبین.

سەبارەت بە کردنەوەی نوێنەرایەتی لە هەولێر، پۆتکۆنێن گوتی: ئێستا هیچ پلانێکمان بۆ کردنەوەی کونسوڵخانە لە هەولێر نییە سەرەڕای بوونی ژمارەیەکی زۆری کورد لە وڵاتەکەمان، بەڵام هاووڵاتییان دەتوانن لە رێگەی باڵیۆزخانەکەمان لە بەغداوە مامەڵە و داواکارییەکانیان پێشکەش بکەن.

لە بارەی پێدانی ڤیزەشەوە ئاماژەی بەوە کرد: ئێستا پرۆسەکە بەردەست نییە، بەڵام کار دەکەین بۆ ئەوەی لە ماوەیەکی نزیکدا دابینی بکەین، چونکە ئامانجمان کەمکردنەوەی کۆچی نایاسایی و رەخساندنی دەرفەتە بۆ گەشتی یاسایی.

باڵیۆزی فینلاند ستایشی کۆمەڵگەی کوردی لە وڵاتەکەی کرد و رایگەیاند: ژمارەیەکی زۆر هاووڵاتیی کورد لە فینلاند دەژین کە زۆر بە باشی لەگەڵ کۆمەڵگە گونجاون و لە بوارەکانی پزیشکی، مامۆستایی و بازرگانیدا سەرکەوتوون. هانیان دەدەین لە بواری ئابووریدا چالاکتر بن، چونکە دەتوانن وەک پردێکی پتەو رۆڵێکی گرنگ لە بەهێزکردنی پەیوەندییە بازرگانییەکانی نێوان هەردوولادا بگێڕن.