کۆشکی سپی داوای دەستلەکارکێشانەوە لە باڵیۆزی ئەمریکا لە یۆنان دەکات

کیمبەرلی گیلفۆیل، باڵیۆزی ئەمریکا لە یۆنان دوای داواکارییەکەی کۆشکی سپی بۆ دەستلەکارکێشانەوەی، بێدەنگیی شکاند و ئاماژەی بەوە کرد کە ئەرکەکەی وەک باڵیۆز بەرەو کۆتایی دەڕوات. هاوکات تەواوی ئەو تۆمەتانەی لەبارەی وەرگرتنی دیاری و داواکردنی پارە ئاراستەی کرابوون بە ناڕاست وەسف کرد و جەختی لەوە کردەوە کە بە توندی بەرگری لە دەستپاکی و ناوبانگی خۆی دەکات.

سێشەممە 13ـی تشرینی یەکەمی 2026، کیمبەرلی گیلفۆیل لە هەژماری فەرمیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی "ئێکس"، وەڵامی ئەو دەنگۆ و تۆمەتانەی دایەوە کە لە میدیاکانی ئەمریکادا بڵاوکراونەتەوە و رایگەیاند: ئەو تۆمەتانەی لەم دواییانەدا ئاراستەم کراون بە تەواوی ناڕاست و درۆن. بە هەموو شێوەیەک بە توندی بەرگری لە ناو، ناوبانگ و دەستپاکی خۆم دەکەم. من ژیانی پیشەیی خۆم بۆ خەبات لە پێناو دادپەروەری تەرخان کردووە و رێگە نادەم تۆمەتی هەڵبەستراو پێناسەی دەیان ساڵ خزمەتی گشتییم بکات.

گیلفۆیل سوپاسی دۆناڵد ترەمپ و مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکای کرد بۆ متمانەپێکردنی لە نوێنەرایەتیکردنی وڵاتەکەی، و سەبارەت بە چارەنووسی پۆستەکەشی نووسیویەتی: لە کاتێکدا رەنگە کاتی کارکردنم وەک باڵیۆز بەرەو کۆتایی بڕوات، بەڵام پابەندبوونم بە سەرۆک ترەمپ، بزووتنەوەی 'ئەمریکا لەپێشینەیە' و ئەو وڵاتەی خۆشم دەوێت هەرگیز کۆتایی نایەت و وەک پشتیوانێکی دڵسۆزی ترەمپ دەمێنمەوە.

باڵیۆزی ئەمریکا لە ئەسینا تیشکی خستە سەر کارەکانی لە ماوەی وەرگرتنی پۆستەکەیدا و رایگەیاند، توانیویانە لە چوارچێوەی ئەجێندای ترەمپدا رێککەوتنی مێژوویی بۆ فراوانکردنی هەناردەی گازی شلی ئەمریکا (LNG) بۆ ئەوروپا واژۆ بکەن، لەگەڵ برەودان بە پرۆژەی رێڕەوی ستوونی بۆ کەمکردنەوەی پشتبەستنی کیشوەری ئەوروپا بە گازی رووسیا.

هاوکات ئاماژەی بە پتەوکردنی هاوبەشیی ئەمنی و سەربازی لەگەڵ یۆنان وەک هاوپەیمانێکی سەرەکی لە ناتۆ کرد، لەگەڵ رەخساندنی دەرفەتی گەورەی بازرگانی و وەبەرهێنان بۆ کۆمپانیا ئەمریکییەکان لە تەواوی ناوچەکەدا.

ئەم پەیامەی گیلفۆیل پاش چەند کاتژمێرێک دێت لە لێدوانەکانی کەیتی زەکەریا، سکرتێری رۆژنامەوانیی نوێی کۆشکی سپی کە لە یەکەمین کۆنگرەی رۆژنامەوانیی خۆیدا بە فەرمی رایگەیاند: ئێمە داوامان لە باڵیۆز گیلفۆیل کردووە دەست لەکار بکێشێتەوە.

ئەم بڕیارەش دوای ئەوە هات کە رۆژی پێشتر دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بە رۆژنامەنووسانی گوتبوو: چاو بە دۆسیەکەیدا دەخشێنینەوە، بەڵێ، ئێمە بەم دۆخە دڵخۆش نین.

پێشتر رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵی ئەمریکی لە راپۆرتێکدا ئاشکرای کردبوو کە بەر لە دانیشتنی پەسەندکردنی وەک باڵیۆز لە ئەنجوومەنی پیران لە تەمموزی 2025دا، گیلفۆیل داوای لە ئێریک دیتەرز، لایەنگری دەستڕۆیشتووی ترەمپ کردووە بڕی 100 هەزار دۆلاری قەرزی کارتە بانکییەکانی بۆ بداتەوە، بەڵام دیتەرز داواکارییەکەی رەتکردووەتەوە.

لە بەشێکی دیکەی راپۆرتەکەدا باسی لەوە کرابوو کە ناوبراو لەسەر خەرجیی بازرگانانی دەوڵەمەندی یۆنان چەندین گەشتی گرانبەهای بە فڕۆکەی تایبەت ئەنجام داوە، لەوانە گەشتکردن بۆ کۆڕبەندی داڤۆس لەسەر ئەرکی بەڕێوەبەری کۆمپانیای "ئەکتۆر گرووپ" و بەسەربردنی پشووی سەری ساڵ لە هاوینەهەواری "گشتاد" لە سویسرا و مانەوە لە هۆتێلێکی لوکس لە پاریس لەسەر خەرجیی نیکۆلاس تساکۆس، سەرمایەداری کەشتیوانی.

ئەم تۆمەتانە بوونە هۆی ئەوەی پشکنەری گشتیی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا دەست بە لێکۆڵینەوە بکات بۆ زانینی ئەوەی ئایا گیلفۆیل دیاریی نایاسایی وەرگرتووە یاخود نا.

کیمبەرلی گیلفۆیل پێشتر داواکاری گشتی و پێشکەشکاری کەناڵی فۆکس نیوز بووە و بە یەکێک لە دەنگە دیارەکانی بزووتنەوەی (MAGA) دادەنرێت. دەستنیشانکردنیشی وەک باڵیۆز لە ئەسینا دوای کۆتاییهاتنی دەستگیراندارییەکەی هات لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ جونیۆر، کوڕە گەورەکەی سەرۆکی ئەمریکا، هاوکات لە رابردووشدا هاوسەری گاڤین نیوسۆم، پارێزگاری دیموکراتەکانی ویلایەتی کالیفۆرنیا بووە.