پەرلەمانی عێراق رۆژی پێنجشەممە بۆ تەواوکردنی کابینەکەی زەیدی کۆدەبێتەوە

ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق کارنامەی دانیشتنی داهاتووی خۆی بڵاو کردەوە، کە تێیدا بڕیارە رۆژی پێنجشەممە دەنگ لەسەر کاندیدانی پۆستی جێگرانی سەرۆکوەزیران، وەزارەتە بەتاڵەکان و ئەو وەزارەتانە بدرێت کە تازە هاتوونەتە کایەوە

سێشەممە 13ی تشرینی یەکەمی 2026، بەپێی کارنامەی فەرمیی دانیشتنی ژمارە (26)ی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، دانیشتنەکە رۆژی پێنجشەممە، 15ی تشرینی یەکەمی 2026، لە کاتژمێر 07:00ی ئێوارە بەڕێوە دەچێت.

لە کارنامەکەدا هاتووە کە تەوەری سەرەکیی دانیشتنەکە، بریتی دەبێت لە: دەنگدان لەسەر کاندیدانی پۆستی جێگرانی سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران، وەزارەتە بەتاڵەکان و وەزارەتە نوێیەکان.

ئەم دانیشتنە لە چوارچێوەی وەرزی دووەمی یاسادانانی ساڵی یەکەمی خولی شەشەمی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بەڕێوە دەچێت بە مەبەستی تەواوکردنی پێکهاتەی کابینەی وەزاری.

لەوبارەوە، سائیر جاسم، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بە کوردستان24ی راگەیاند: کاندیدەکانی پێکهاتەی شیعە یەکلا بوونەتەوە و هیچ گۆڕانکارییەکیان تێدا نەکراوە، بە جۆرێک هەریەک لەمانەی خوارەوە کاندیدن بۆ پۆستی جێگرانی سەرۆکوەزیران:

لەیس خەزعەلی: کاندید بۆ پۆستی جێگری سەرۆکوەزیران بۆ کاروباری خزمەتگوزاری.

موحسین مەندەلاوی: کاندید بۆ پۆستی جێگری سەرۆکوەزیران بۆ کاروباری وزە.

هاوکات ناوی کاندیدانی شیعە بۆ پۆستە وەزارییەکان بەم شێوەیەیە:

یاسر مالیکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا: وەزیری ناوخۆ.

حەیدەر بەها هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا: وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی.

حەمەد مووسەوی بزووتنەوەی عەسائیبی ئەهلی حەق: وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی.

سەفا کینانی رەوتی حیکمەی نیشتمانی: وەزیری لاوان و وەرزش.

محەمەد ساحب دەڕاجی هاوپەیمانیی خەدەمات وەزیری ژیریی دەستکرد.

عەلی دەخیلی فراکسیۆنی مونتەسیڕوون: وەزیری گەشتوگوزار.

سەبارەت بەم وەزارەتە، عەلی دیفاعی، گوتەبێژی ئەنجوومەنی باڵای ئیسلامیی عێراق بە کوردستان24ی راگەیاند کە وەزارەتەکە ناوی ئابووریی دیجیتاڵی دەبێت نەک ژیریی دەستکرد.

 

پشکی سوننەکان؛ ململانێ لەسەر بەرگری و پلاندانان

کامیل نەواف غەریری، پەرلەمانتاری عێراق لە هاوپەیمانیی سیادە بە کوردستان24ی راگەیاند: محەمەد تەمیم لە حزبی تەقەدووم کاندیدە بۆ پۆستی جێگری سەرۆکوەزیران.

سەبارەت بە وەزارەتەکانیش، سەرچاوەیەک لە چوارچێوەی هەماهەنگی ئاماژەی بەوە کرد کە وەزارەتی بەرگری بۆ نایف شەممەری یەکلا بووەتەوە، بەڵام فەیسەڵ عیساوی، پەرلەمانتاری سوننە بە کوردستان24ی ڕاگەیاند: تا ئێستا تەنیا وەزارەتی رۆشنبیری یەکلا کراوەتەوە و کاندیدەکەی یاسین عیساوییە، لە کاتێکدا وەزارەتەکانی بەرگری و پلاندانان هێشتا ماون و ئەگەری هەیە ئەمشەو یەکلا بکرێنەوە.

 

پشکی تورکمان و کریستیانەکان

بەپێی زانیارییەکانی کوردستان24، پێکهاتەی تورکمان، پۆستی وەزیری دەوڵەت بۆ کاروباری دەرەوەیان پێ دەدرێت و کاندیدەکەی بریتییە لە محەمەد سەمعان، سەرۆکی بەرەی تورکمانی و پارێزگاری کەرکووک، بەڵام ناڕەزایەتی لەسەر کاندیدکردنی هەیە.

پێکهاتەی کریستیان، وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانیان پێ دەدرێت، بەڵام تا ئێستا کاندیدەکە لە نێوان هەردوو فراکسیۆنی سۆیانا و بابلیۆن یەکلایی نەکراوەتەوە.

عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بە نووسراوێک کە ئەمڕۆ سێشەممە 13ـی تشرینی یەکەمی 2026، ئاراستەی سەرۆکی پەرلەمانی کردووە، داوای دیاریکردنی وادەی کۆبوونەوەی پەرلەمانی کرد بە مەبەستی تەواوکردنی پێکهاتەی کابینەی حکوومەتەکەی.

لە نووسراوەکەی سەرۆکوەزیرانی هاتووە، بە پشبەستن بە حوکمەکانی ماددەی (76/ چوارەم) لە دەستووری کۆماری عێراقی ساڵی 2005 و، لە پێناو تەواوکردنی پێکهاتەی حکوومەت، تکایە کاتی کۆبوونەوەی پەرلەمان دیاریی بکەن، پێشنیاز دەکەین رۆژی پێنجشەممە 15ـیی تشرینی یەکەمی 2026 بێت.

سەبارەت بە ئەجێندای کۆبوونەوەکە، زەیدی روونی کردووەتەوە، کە مەبەست لە کۆبوونەوەکە بریتییە لە: خستنەڕوو و دەنگدان لەسەر کاندیدانی پۆستی جێگرانی سەرۆکوەزیران، وەزارەتە بەتاڵەکان و ئەو وەزارەتە نوێیانەی کە تازە هێنراونەتە کایەوە.