سعوودیە بەرپەرچدانەوەی ژمارەیەک مووشەکی حووسییەکانی راگەیاند
وەزارەتی بەرگریی سعوودیە ئاشکرای کرد، بەرپەرچی زنجیرەیەک مووشەکی بالیستیکی و درۆنیان داوەتەوە کە لە لایەن چەکدارانی حووسییەوە ئاراستەی شارەکانی ریاز، زەهران و ناوچەی باشوور کرابوون، هاوکات ئۆپەراسیۆنێکی پێچەوانەشی بۆ لەناوبردنی سەرچاوەکانی سووتەمەنیی ئەو گرووپە لە ناوخۆی یەمەندا راگەیاند.
سێشەممە، 13ـی تشرینی یەکەمی 2026، تورکی مالیکی، گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی سعوودیە لە پەیامێکدا لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس بڵاوی کردەوە، سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی وڵاتەکە سەرکەوتوو بووە لە تێکشکاندنی ژمارەیەک مووشەکی بالیستیکی و درۆنی حووسییەکان، کە ئاراستەی شارەکانی ریاز، زەهران و ناوچەی باشوور کرابوون.
لە هەمان ڕۆژدا، دەسەڵاتدارانی سعوودیە ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیی تایبەتیان راگەیاند، بە مەبەستی بێکاریگەرکردنی ئەو سەرچاوە گرنگانەی کە گرووپی حووسییەکان بۆ بەهێزکردنی توانای شەڕکردن و هەڕەشەکردن لە ئاسایشی سعوودیە و رێڕەوە ئاوییە نێودەوڵەتییەکان بەکاریان دەهێنن.
هاوکات جەختی کردەوە، بەکارهێنانی سەرچاوە نیشتمانییانەکان لە لایەن حووسییەکانەوە بۆ پشتیوانیکردنی راستەوخۆی کردەوە سەربازییەکانیان، گەلی یەمەن لە سوودوەرگرتن لەو سەرچاوانە بۆ پڕکردنەوەی پێداویستییە سەرەکییەکانی ژیان بێبەش دەکەن.
ئەم هێرشی مووشەکی و درۆنییانەی حووسییەکان بۆ سەر سعوودیە دوای ئەوە هات، کە کۆمپانیای نەوتی یەمەن لە شاری سەنعا، پێش چەند کاتژمێرێک کرایە ئامانج.