فوئاد حوسێن و عێراقچی جەخت لە بەهێزکردنی سەقامگیریی ناوچەکە دەکەنەوە

وەزیرانی دەرەوەی عێراق و  ئێران، تاوتوێی دواهەمین پێشهاتەکانی ناوچەکە و ئامادەکارییەکان بۆ کۆبوونەوەی هەفتەی داهاتووی رێکخراوی هاریکاریی ئیسلامیی لە بەغدا کرد. هاوکات هەردوولا جەختیان لە گرنگیی گەڕانەوە بۆ سەر مێزی گفتوگۆ کردەوە بە مەبەستی نەهێشتنی گرژییەکان و چەسپاندنی ئاشتی.

سیشەممە، 13ـی تشرینی یەکەمی 2026، فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق، لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا، پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان هەردوو وڵات و رێگەکانی پتەوکردنی هاوکارییە هاوبەشەکانی تاوتوێ کرد

بە پێی راگەیەنراوی فەرمیی وەزارەتی دەرەوەی عێراق، لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا هەردوولا بیروڕایان سەبارەت بەو ئامادەکارییانە ئاڵۆگۆڕ کرد کە بۆ سازکردنی کۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی ئەندام لە رێکخراوی هارکاریی ئیسلامی لە ئارادان، کە بڕیارە لە ماوەی هەفتەی داهاتوودا لە بەغدای پایتەخت بەڕێوە بچێت.

وەزارەتی دەرەوەی عێراق ئاماژەی بەوەش کرد، هەردوو وەزیری تیشکیان خستووەتە سەر دواهەمین پێشهات و گۆڕانکارییەکانی دۆخی ناوچەکە، هاوکات هەردوولا پێداگرییان لەسەر گرنگیی گەڕانەوە بۆ سەر مێزی گفتوگۆ کردووەتەوە، وەک هەنگاوێکی بنەڕەتی کە بەشدار دەبێت لە کۆنترۆڵکردنی گرژییەکان و چەسپاندنی ئاسایش و سەقامگیری لە سەرانسەری ناوچەکەدا.