عەزیز ئەحمەد: تەنیا نزیکەی 50 هەزار مووچەخۆر لە دەرەوەی پڕۆژەی هەژماری من ماونەتەوە

جێگری بەڕێوەبەری نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، پلانی حکوومەت ئەوەیە تا کۆتایی ئەمساڵ لە سەرانسەری کوردستان کارەبای 24 کاتژمێری لە رێگەی پڕۆژەی ڕووناکییەوە دابین بکرێت. هاوکات ئاشکرای کرد کە زیاتر لە ملیۆنێک مووچەخۆر مووچەکانیان بە دیجیتاڵی لە هەژماری من وەرگرتووە و 500 هەزار هاوبەشی کارەباش قەرزەکانی پێشوویان سفر کردووەتەوە.

سێشەممە 13ـی تشرینی یەکەمی 2026 لە هەڤپەیڤینێکی تایبەتدا لەگەڵ حاکم فەرهاد لە کەناڵی کوردستان24، عەزیز ئەحمەد، جێگری بەڕێوەبەری نووسینگەی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بە وردی سەرنجی خستە سەر دوایین پێشهات و ئامارەکانی پڕۆژەی ڕووناکی، لێخۆشبوونی قەرزی کارەبا، پلانی قەرەبووکردنەوەی هاووڵاتییان، و دەستکەوتەکانی پڕۆژەی هەژماری من.

عەزیز ئەحمەد ئاماژەی بەوە کرد کە بەرهەمهێنانی کارەبا لە جیهان و هەرێمی کوردستان پرۆسەیەکی تێچووبەرزە و روونی کردەوە:

خەرجیی کەرتی کارەبا: مانگانە زیاتر لە 200 ملیۆن دۆلارە (لە نێوان 300 بۆ 350 ملیار دینار).

داهاتی پڕۆژەی ڕووناکی: مانگانە لە دەوروبەری 80 ملیۆن دۆلاردایە.

کورتهێنان (پاڵپشتیی حکوومەت): مانگانە زیاتر لە 120 ملیۆن دۆلار دەبێت کە حکوومەت لەسەر شانی خۆی دابینی دەکات.

جێگری بەڕێوەبەری نووسینگەی سەرۆکوەزیران جەختی کردەوە کە پاڵپشتیی حکوومەت بۆ کەرتی ماڵان بەتایبەت کەمدرامەتەکان و کەرتی کشتوکاڵ 50% داشکاندن لە تاریکەی کارەبا بەردەوام دەبێت. هەر هاوبەشێک کارەبا کەمتر بەکاربهێنێت، پارەیەکی زۆر کەمتری بۆ دەگەڕێتەوە.

عەزیز ئەحمەد رەتیکردەوە کە پڕۆژەی ڕووناکی بووبێتە بارگرانی و رایگەیاند: ئێمە پشت بە داتای پێوەری زیرەک دەبەستین. بەپێی داتاکان، 80%ی هاوبەشانی کارەبا لە هەرێمی کوردستان، ئێستا بەراورد بە پێش پڕۆژەی ڕووناکی، پارەیەکی زۆر کەمتر دەدەن لەوەی پێشتر بۆ مۆلیدە و کارەبای نیشتمانی خەرجیان دەکرد.

لەبارەی ئەو 20%ەی کە پارەیان زیاتر بۆ هاتووەتەوە گوتی: پێشتر عەدالەت نەبوو؛ کەسێک ڤێلا و مەلەوانگە و باخی هەبوو وەک ماڵێکی ئاسایی پارەی دەدا، ئێستا بەپێی بەکاربردنە، ئەوەی زۆر بەکاربهێنێت دەبێت پارەی زیاتر بدات.

سەبارەت بە بەرزبوونەوەی پارەی کارەبا لە مانگەکانی گەرمای هاوین، عەزیز ئەحمەد مژدەیەکی راگەیاند و گوتی: لەبەر ئەوەی ئەم هاوینە لە پارێزگاکانی هەولێر و دهۆک نەمانتوانی بە تەواوی کارەبای 24 کاتژمێری دابین بکەین، خەریکی ئامادەکردنی کۆمەڵێک پێشنیازین بۆ ئەنجوومەنی وەزیران تاوەکو لە ماوەی دوو هەفتەی داهاتوودا بڕیاری لێ بدرێت بۆ قەرەبووکردنەوە و پێشکەشکردنی هاوکاریی زیاتر بە هاووڵاتییان، بەتایبەت لە هەردوو پارێزگای هەولێر و دهۆک، تاوەکو لە وەرزی زستانیشدا لە بارگرانیی داراییان کەم بکرێتەوە.

لە بارەی قەرزە کۆنەکانی پێش پڕۆژەی ڕووناکی، عەزیز ئەحمەد گوتی: کۆی قەرزی کەڵەکەبووی ساڵانی رابردوو گەیشتبووە 2 تریلیۆن دینار؛ لە مانگی هەشتی ئەمساڵەوە تا ئێستا، زیاتر لە 500 هەزار هاوبەش قەرزەکانی خۆیان بە سوودمەندبوون لە داشکاندنی 50% بە تەواوی سفر کردووەتەوە؛ هاوکات ئەو هاوبەشانەی کە ماون، نیوەی زیاتریان قەرزەکانیان لە خوار 200 هەزار دینارەوەیەل سەبارەت بە وادەی کۆتایی داشکاندنی 50% گوتی: تا 18ی ئەم مانگە بەردەوام دەبێت.

ئاماژەی بەوەش کرد، دوای 18ی مانگ سیستەمەکە بە شێوەیەکی ئۆتۆماتیکی قەرزەکە دەکاتە قیستی 24 مانگ (یان 36 مانگ بۆ ئەوانەی قەرزی زۆریان هەیە) و دەچێتە سەر پسوولەی مانگانە، کەمترین قیستیش لە مانگێکدا 20 هەزار دینار دەبێت تا بارگرانی لەسەر هاووڵاتی دروست نەبێت. هاوکات هاووڵاتییان دەتوانن لە ڕێگەی ئی-پسوولە و جزدانی ئەلیکترۆنییەوە پارەکان بدەن و مەرج نییە تەنیا هەژماری بانکییان هەبێت.

پڕۆژەی "هەژماری من"

لە تەوەرەی دووەمی چاوپێکەوتنەکەدا، عەزیز ئەحمەد باسی لە شۆڕشی دیجیتاڵیکردنی مووچە لە هەرێمی کوردستان کرد و رایگەیاند: تا ئێستا زیاتر لە یەک ملیۆن مووچەخۆر لە هەرێمی کوردستان مانگانە مووچەکانیان لە رێگەی کارتی بانکی و بە شێوەی ئەلیکترۆنی لە چوارچێوەی "هەژماری من" وەردەگرن.

هەروەها گوتی: ژمارەیەکی کەم ماون نزیکەی 25 بۆ 50 هەزار کەس کە زۆربەیان خانەنشین یان ئەو کەسانەن لە دەرەوەی وڵات دەژین؛ هاوکات زیاتر لە 750 ئامێری ATM لە سەرانسەری کوردستان دانراون و 250 ئامێری دیکەش لە قۆناخی دابینکردندان تا ژمارەیان بگاتە 1,000 ئامێر.

باسی لەوەش کرد، زیاتر لە 92%ی هاووڵاتییان ئێستا بە شێوەی دیجیتاڵی پارەی کارەبا دەدەن.

جێگری بەڕێوەبەری نووسینگەی سەرۆکوەزیران جەختی کردەوە: قۆناخی وەستانی خەڵک لە نۆرەی مووچە لەژێر سەرما و گەرمادا کۆتایی هات. هەژماری من بووە ژێرخانێکی گەورەی دارایی کە سەربەخۆیی ئابووری بۆ هاووڵاتییان دەستەبەر دەکات و دەتوانن سوود لە قەرز، خزمەتگوزاریی بانکی و کڕینی دۆلار بە نرخی فەرمی وەربگرن.