سێنتکۆم: دوێنێ 19 ملیۆن بەرمیل نەوتمان بە گەرووی هورمزدا تێپەڕاند
فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) لە پەیامێکدا ، وەڵامی هەڕەشەکانی سوپای پاسدارانی ئێرانی دایەوە و رایگەیاند، گەرووی هورمز بە تەواوی لەژێر کۆنترۆڵی هێزەکانی ئەمریکا و هاوبەشەکانیاندان لە ناوچەکەدا، نەک ئێران.
لە روونکردنەوەیەکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی "ئێکس"، سێنتکۆم سەرنجی خستە سەر بانگەشەیەکی فەرماندەی هێزی دەریایی سوپای پاسدارانی ئێران کە گوتبووی گەرووی هورمز لەژێر کۆنترۆڵی سوپای پاسداراندایە و هەر کەشتییەکی جەنگیی ئەمریکی لێی نزیک بێتەوە نوقم دەکرێت.
لە بەرانبەردا، سێنتکۆم ئەو قسانەی بە ناڕاست خستەڕوو و وەڵامی دایەوە: "لە راستیدا فەرماندەی هێزی دەریایی سوپای پاسداران خاوەنی هیچ هێزێکی دەریایی نییە. هێزەکانی ئەمریکا و هاوبەشە هەرێمییەکانمان بە روونی کۆنترۆڵی تەواوی گەرووی هورمزیان لەدەستدایە."
فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا ئاشکراشی کرد کە هەر دوێنێ هێزەکانیان هاوکاریی هاوبەشەکانی کەنداویان کردووە لە گواستنەوە و تێپەڕاندنی زیاتر لە 19 ملیۆن بەرمیل نەوتی خاو بە ناو گەرووی هورمزدا بە شێوەیەکی پارێزراو.