باڵەخانەیەکی ئیداریی کۆمپانیای ئارامکۆ لە زەهران کرایە ئامانج
وەزارەتی وزەی سعوودیە رایگەیاند، یەکێک لە باڵەخانە ئیدارییەکانی سەر بە کۆمپانیای نەوتی ئارامکۆ لە شاری زەهران کراوەتە ئامانج، بەڵام هێرشەکە هیچ زیانێکی گیانیی لێ نەکەوتووەتەوە.
چوارشەممە 14ی تشرینی یەکەمی 2026، وەزارەتی وزەی سعوودیە لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی داوە، باڵەخانەیەکی ئیداریی سەر بە کۆمپانیای نەوتی ئارامکۆی سعوودیە لە شاری زەهران لە ناوچەی رۆژهەڵات کراوەتە ئامانج.
راشیگەیاند، لە ئەنجامی بەئامانجگرتنەکەدا ئاگرێکی سنووردار کەوتووەتەوە، بەڵام دەستبەجێ لایەنە پەیوەندیدارەکان گەیشتوونەتە شوێنی رووداوەکە و رێکارە پێویستەکانیان گرتووەتەبەر.
هەروەها وەزارەتی وزەی سعوودیە دووپاتی کردەوە کە بەهۆی ڕووداوەکەوە هیچ برینداربوون یاخود گیانلەدەستدانێک تۆمار نەکراوە.
سێشەممە، 13ـی تشرینی یەکەمی 2026، تورکی مالیکی، گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی سعوودیە لە پەیامێکدا لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس بڵاوی کردبوو، سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی وڵاتەکە سەرکەوتوو بووە لە تێکشکاندنی ژمارەیەک مووشەکی بالیستیکی و درۆنی حووسییەکان، کە ئاراستەی شارەکانی ریاز، زەهران و ناوچەی باشوور کرابوون.
لە هەمان رۆژدا، دەسەڵاتدارانی سعوودیە ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیی تایبەتیان راگەیاندبوو، بە مەبەستی بێکاریگەرکردنی ئەو سەرچاوە گرنگانەی کە گرووپی حووسییەکان بۆ بەهێزکردنی توانای شەڕکردن و هەڕەشەکردن لە ئاسایشی سعوودیە و رێڕەوە ئاوییە نێودەوڵەتییەکان بەکاریان دەهێنن.
هاوکات جەختی کردبوو، بەکارهێنانی سەرچاوە نیشتمانییانەکان لە لایەن حووسییەکانەوە بۆ پشتیوانیکردنی راستەوخۆی کردەوە سەربازییەکانیان، گەلی یەمەن لە سوودوەرگرتن لەو سەرچاوانە بۆ پڕکردنەوەی پێداویستییە سەرەکییەکانی ژیان بێبەش دەکەن.
ئەم هێرشی مووشەکی و درۆنییانەی حووسییەکان بۆ سەر سعوودیە دوای ئەوە هات، کە کۆمپانیای نەوتی یەمەن لە شاری سەنعا، پێش چەند کاتژمێرێک کرایە ئامانج.